ژینگەی کوردستان، بووەتە جێگای ململانێی سیاسی داگیرکەران
لەگەڵ هەبوونی چەندین ڕێکخراو بۆ پاراستی ژینگەی کوردستان بەڵام هێشتا ژینگەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، لە لایەک لە ڕووی پیسبوونی ژینگە لە لایەکی دیکەشەوە کەمی ئاو، بە جۆرێک گەرمیان وشکەساڵی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢١ڕاگەیاند. شنیار بایز
لەگەڵ هەبوونی چەندین ڕێکخراو بۆ پاراستی ژینگەی کوردستان بەڵام هێشتا ژینگەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە، لە لایەک لە ڕووی پیسبوونی ژینگە لە لایەکی دیکەشەوە کەمی ئاو، بە جۆرێک گەرمیان وشکەساڵی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢١ڕاگەیاند.
شنیار بایز
سلێمانی-١٦ی نیسانی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دادەنرێت، مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی عێراق، لە ئێوارەی ١٦ی نیسانی ١٩٨٧دا ڕژێمی بەعس گوندی شێخ وەسان و بالیسانی کیمیاباران کرد، بەمەش دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی بووبە یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی ئەو ڕژێمە لە باشوری کوردستان.
لەو هێرشەدا ٢٦٤ ھاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٠٠ ھاوڵاتی بریندار بوون، هەروەها هەوا و ژینگەی ناوچەکە تێکەڵ بە ژەهر بوو، هەر بۆیە پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٨ بڕیاریدا ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دابنرێت.
لەگەڵ ئەوەی مێژووی ئەم ڕۆژە بۆ هێرشی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە، بەڵام بە ئێستاشەوە ژینگەی کوردستان لەژێر کاریگەری دەوڵەتانی داگیرکەری کورد دایە و مەترسی لەناوچوونی لە هەموو لایەنێکەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات.
جگە لە هۆکارە سروشتییەکان هۆکاری سیاسی کاری کردووەتە سەر ژینگەی کوردستان بە پلان هەوڵدەدرێت بۆ پیسکردن، کەم کردنەوەی ئاو و بڕینەوەی دارستانەکانی، لە ئاست ئەم هەوڵانەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە.
دۆخی ژینگەی کوردستان لە ڕووی نەبوونی سەوزاییەوە
ئامینە ئەحمەد، لێپرسراوی کۆمەڵەی کوردستانی سەوز لە سلێمانی و هاوسەرۆکی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، دەربارەی ژینگە بۆ ئاژانسی ژنها دوا، "چەندین هۆکار هەیە بۆ نەبوونی سەوزایی لە کوردستاندا، وەک کەمی باران، دابین نەکردنی ئاو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەروەها قەیرانی دارای کاری کردووەتە سەر نەبوونی سەوزایی".
ئەگەرچی کەرتی تایبەت دامەزراوە تا خزمەت بە ئاودێری و چاودێریکردنی سەوزایی شار بگیرێت، وەک ئامینە ئەحمەدیش ئاماژەی پێدەدات ئەم کەرتە لە ئاست پێویستدا نییە.
تێکدانی شوێنە گەشتیارییەکان و بنیادنانی باڵەخانەکان لەجێیدا
ئامینە لە قسەکانیدا باس لە دەستی مرۆیی دەکات بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان و دەڵێت "شوێنە گەشتیارییەکان وردە وردە دەکرێنە شوێنی نیشتەجێبوون، وەک سیتەک، مێرگەپان و چەندین شوێنی دیکە، ئەمەش بە بڕینەوەی دار ئەنجام دەدرێت، دار هەبوو سەد ساڵی تەمەنی هەبووە و بڕیویانەتەوە ئەمەش دووبارە کەمکردنەوەی سەوزاییە لە سروشتدا، هەروەها ئەو باڵەخانانەی لە ناو شاردا دروست دەکرێن لەگەڵ ئەوەی ناوچەی سەوزایین و دەکرێن بە شوێنی نیشتەجێ بوون، بەڵام لەناو پڕۆژەکانیشدا جێگە بۆ سەوزایی پێویست تەرخان ناکرێت".
بە پێی یاسا پێویستە هەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە ٪٢٥ سەوزایی بێت، بەڵام پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکانی کوردستان لە ٪٣-٥ سەوزاییە لە کاتێکدا لایەنی بەرپرسیار لە حکومەتدا ئاگاداری ئەو سەرپێچییانەن و لێی بێدەنگن.
لە هەرێمی کوردستان ٢٠٠ ڕێکخراوی ژینگەپارێز بوونی هەیە لە ئێستادا ١٢٠یان بەردەوامن لە کارەکانیان، بەڵام نەیانتوانیووە وەک پێویست هۆشیاری ژینگەی بڵاوبکەنەوە و مەترسیەکان لەسەر ژینگە دیاریبکەن.
"کەم بوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان دەستی دەرەکی لەپشتە"
ئامینە ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا دەستی دەرەکی کاردەکات لەسەر کەمبوونەوەی ئاو لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتێکی یونسکۆ جیهان لە ساڵی ٢٠٣٠دا بە ڕێژەی ٪٤٠ ڕووبەڕووی کەمئاوی دەبێتەوە، بۆ ئەمەش وڵاتێکی وەک ئێران ماوەی ١٠ ساڵە ڕێڕەوی ئاوی گۆڕیوە لە ناوچە کوردییەکانەوە بۆ قەسری شیرین و ئەهواز، ئەم ئاڕاستە گۆڕینەی ئاو زیان بە نزیکەی دوو ملیۆن جوتیار دەگەیەنێت.
بە هەمان شێوەی ئێران و تورکیا ئاو وەک کارتی فشار بە ڕووی ناوچە کوردییەکاندا بەکاردەهێنن، ماوەی ٢٠ ساڵیشە تورکیا سەرقاڵی پڕۆژەی گاپە، کە پڕۆژەیەکە بۆ کەمکردنەوەی ئاوی فوڕات و دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکە.
گەرمیان وشکەساڵی خۆی ڕاگەیاند
شادیە حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی گەرمیان بە ئاژانسی ژنهای ڕایگەیاند، "گەرمیان توشی وشکەساڵی تەواوەتی بووە، بەراورد بە ساڵی پار، ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین نیوە ساڵی پار بووە"، بۆ هەر ناوچەیەک تا دانەوێڵەیەکی بەکەڵکی هەبێت پێویستی بە بڕی ٢٥٠ملم باران هەیە، بەڵام ئەمساڵ لە هیچ سنورێکی گەرمیاندا ئەو ڕێژەیە نەگەیشتووەتە ٢٠٠ ملیمیش، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ لە گەرمیاندا.
لە کەلاردا تا ئێستا ١١٧ ملم و لە کفری ١١٤ ملم باران باریوە، ئەم ڕیژەیەش کەمترە لەو ڕێژەیەی ناوچە بۆ هەبوونی دانەوێڵەیەکی باش پێویستییەتی.
شادیە حسێن ئاماژەی بەوەداوە، گەرمیان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ٣ جار ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە، کە ساڵەکانی ٢٠٠٨ ، ٢٠١٢ و٢٠٢١ بووە، هەروەها پێشبینی دەکرێت ساڵانی داهاتوو گەرمیان توشی وشکەساڵی تەواوەتی ببێتەوە.
دانەوێڵەی ناوچەی گەرمیان بەرەو لەناوچوون دەچێت
دانەوێڵەی سنوری گەرمیان ئەمساڵ بەرەو لەناوچوونی تەواوەتی دەچێت، هەروەها بەهۆی کەمی باران بارینەوە شوێنی لەوەرگاکان وشکەڵانن و گیای پێویست بۆ ئاژەڵ نییە، بەپێی ئامارەکان نزیکەی ١٦٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەر وشکەساڵی کەوتووە، لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە، نزیکەی ٧٠٠ هەزار سەر ئاژەڵ توشی کەم لەوەڕی بوونەتەوە، هەروەها لە مانگی ٦ و ٧دا ئەگەر هەیە باخەکان کە پشتیان بە سەرچاوەی ئاوی سروشتی بەستووە توشی گرفت ببن.
دەوڵەتانی دراوسێ ئاو وەک کارتی فشار بەکاردەهێنن
حکومەتی ئێران ئاڕاستەی ١٣ بەنداوی لەسەر ڕووباری سیروان گۆڕیوە، کە گەورەترین گرفتە لە ئێستادا گەرمیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ڕووباری سیروان تەنها پڕۆژەی بەنداوی دەربەندیخانی لەسەرە، هەردوو پڕۆژەی بەنداوی باوەنور و بەنداوی بەردەسور لە نیوەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو نەکراون، کە ئەمانە دەیانتوانی ببنە پاڵپشتی ئاودێری بۆ ناوچەی گەرمیان.
تەواوکردنی پڕۆژە ئاودێرییەکان، چارەسەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی
شادیە حسێن باس لە چارەسەرییەکانی بۆ باشبوونی دۆخی گەرمیان دەکات و دەڵێت "پێویستە ئالیک دابین بکرێت، کارکردن لە هەردوو بەنداوی بەردە سوور و باوەنور نابێ زیاتر دوابکەوێت تەنانەت ئەگەر گەورەترین قەیرانی دارایشمان هەبێت، دەنا وشکەساڵی لە گەرمیاندا زۆر لەوەی ئێستا خراپتر دەبێت، هەروەها چەندین پڕۆژەی پۆند هەیە کە لە ڕێگەی ئاودێری گەرمیان ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە، کە ماوەی ٦ ساڵە ڕاگیراوە بە هۆی قەیرانەوە ئەوانەش نەتواندراوە بخرێنەوەگەڕ چونکە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنیشمان هەیە لە دێهاتەکاندا".
باسی لەوەش کرد، سەرچاوەی ئاوی باڵەجۆ کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوە بۆ نزیکەی ٣٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵ پێویستە نۆژەن بکرێتەوە کە ماوەی شەش ساڵە داوای نوێکردنەوەی کراوە و تا ئێستا وەڵامێک نەدراوەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە ڕووباری سیروان پێویستە کارگەکانی چەوولم ڕێکبخرێنەوە، ئەو ڕێڕەوانەی لە ڕێگەی ئەم کارگانەوە تێکدراون چاک بکرێنەوە و بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان.
چارەسەری بۆ هەبوونی کێشە ژینگەییەکان چین ؟
ئامینە ئەحمەد، چارەسەری کێشە ژینگەییەکان دەخاتە ڕوو، و دەڵێت " پێوویستە حکومەت هەوڵی جدی بدات بۆ باشترکردنی تەندروستی ژینگە، هەم لە ڕووی سەوزایی هەم کەمی ئاو هەروەها ڕێکخراوەکان هەوڵی باشتر بدەن"، جگە لە لایەن پەیوەندیدارەکان هاوڵاتی هۆشیاری ئەوەی هەبێت چیتر پاشماوە لە شوێنە گشتییەکاندا جێنەهێڵن، کە کار دەکاتە سەر کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها چیتر ئاو بە فیڕۆ نەدرێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە.