ڕۆژی ژینگەی کوردستان، لە نێوان بۆردومانی ٣٥ ساڵدا
بەهۆی بوونی بۆردومان لەسەر چەند ناوچەیەکی هەولێر لەلایەن حکومەتی بەعسی ڕوخاوەوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ١٦ی نیسانی بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام دوای ١٤ ساڵ لەو بڕیارە بۆردومان لەسەر باشوری کوردستان هەیەو ژینگە وێرانتر بووە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- ١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس ناوچەی بالیسان و شێخ وەسانان کە سەر بە سنوری پارێزگای هەولێرن کیمیاباران کرد و ژینگەی کوردستانی تێکدا، بەوهۆیەوە ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیارییکرد، چونکە یەکەمجار بوو ڕژێمی بەعس بەو چەکە قەدەغەکراوە بۆردومانی خەڵک بکات لە باشووری کوردستان و بەهۆیەوە، ٢٣٧ کەس لە دانیشتوان گیانیان لەدەستداو دەیانی دیکە برینداربوون.
ئاشکرایە کە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بەهۆی وێرانکردنی ژینگەو سروشتی کوردستانەوە بووە، لە سەردەمی ئێستادا چەندین پێناسەی جۆراوجۆری دیکە ھەیە و دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجیی کە سیفەت و پێکھاتەکانی ئاو و ھەوا و خاک بگۆڕێت و ببێتە ھۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر یاخود ھەر گۆڕانکارییەکە لە ژینگەدا ببێتە ھۆی زیانپێگەیاندنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بوونەوەران.
هەموو ئەو هێرشانەی لەسەر باشوری کوردستان هەیە لە لایەن وڵاتانی داگیرکەری وەک تورکیاو ئێران، لە بۆردومان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی زەمینی، بەدەر لە زیانە گیانییەکان و داگیرکاری لەسەر خاک، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە هەیە کە ڕۆژانە دەردەکەوێت و بۆ داهاتووش وێرانکارییەکەی بە تەواوی دەبیندرێت.
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قڕکردنی نەتەوەیەک هەیە، بەڵام بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەدەر لەوەی مەبەست لێی هێرشکردنە سەر مرۆڤە بە تایبەت لە ناوچەکانی بادینان، لەگەڵیشیدا بۆ تێکدانی سروشت و ژینگەی کوردستانە چونکە کاریگەری ئەو چەکە بۆ هەزارەها ساڵی دیکە وێرانکارییەکانی دەردەکەون.
بۆردومان بە چەکی کیمیایی چۆن کاریگەریی لەسەر ژینگە جێدەهێڵێت؟
کاتێک چەکی کیمیایی بەر ژینگە دەکەوێت، بەهۆی بوونی گازی ژەهراویی، ڕەق یان شل لەناویدا، نەک تەنیا بۆ مرۆڤ، بەڵکو لەسەر بوونەوەرانی دیکەی ئەو شوێنەی تیایدا بەکار دێت کاریگەری دەبێت، واتە دوای ئەوەی بە چەندین ڕێگای جیاواز کار لەسەر جەستەی مرۆڤ دەکات و دەیکوژێت، مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو جۆرە کیمیاییانە لەسەر زەویەکان دەمێننەوە و دەجوڵێن بەوەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمە ڕووەکییەکان و خواردنەکان و ئاژەڵەکان دروست دەکات، کە دواجار دەبێتە هۆی لەناوچوونی تەواوی ئەوانەی ناومان هێناون و کارەساتی ژینگەیی ڕوودەدات.
بەراورد بە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان لە ڕابردوودا کە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن دەکرانە سەر ناوچە کوردنشینەکان، دیارترینی ئەو تاوانە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو کە دوای ٣٤ سال ئێستاش کارەساتە ژینگەییەکانی هەر بەردەوامن، دەبینین لە ئێستادا چەکە کیمیاییەکان لە شێوازی بەرهەمهێنانیان زیاتر پەرەیان پێدراوەو کاریگەرییان زیاترە، کەواتە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە لایەن تورکیاوە ڕەنگە کاریگەرییەکەی بۆ داهاتوو دەیان ئەوەندەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان زیاتر بێت، چونکە بە وتەی زانایان ئەو چەکانەی ئێستا زۆر بە خێرایی بڵاودەبنەوە لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەزاران ژیان کۆتایی پێدەهێنن، لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییدا هاتووە، "ئەو چەکە کیمیاییەی ئێستا لەلای دەوڵەتەکان هەیە دەتوانێت چەندین جار کۆتایی بەژیانی سەر زەوی بهێنێت".
بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان هێرشەکانی دەوڵەتی توركیا، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیە، چونكە وێرانكردنی بە بەرنامەی ژینگەی كوردستانە :
بەگوێرەی ڕێكەوتننامەی چوارەمی جنێڤ ساڵی١٩٤٩ ماددەی٥٣، هەروەها پرۆتۆكۆڵی یەكەمی پاشكۆی ڕێككەوتننامەكانی جنێف لەساڵی١٩٧٧ مادەكانی٣٥ و٥٤ و٥٥، ھەروەھا پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بەپاراستنی ژینگە لەوانە :
پەیماننامەی ساڵی١٩٧٦ تایبەت بەقەدەغەكردنی ھەركارێكی سەربازی یان دوژمنكاری بۆ تەكنیكی گۆڕینی ژینگە، پەیماننامەی ساڵی١٩٨٠ تایبەت بەقەدەغەكردن و سنورداركردنی چەكی كلاسیك و ھەروەھا پرۆتۆكۆلی ساڵی١٩٩٩ پاشكۆی پەیماننامەی لاھای ساڵی١٩٥٤، ھەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە وڵاتان لەكاتی جەنگ و ململانێی چەكداری یان دەوڵەتی داگیركار لەكاتی داگیركردنی خاكی وڵاتێكی تر ژینگە و سەرچاوە سروشتیەكان بپارێزن و وێرانیان نەكەن و نەیانكەن بەئامانجی كردەوەی سەربازی.
مادەی ٨ بڕگەی ٢/ب/٤ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانەكانی نێودەوڵەتیش ئەو كردەوانەی كەزیانێكی فراوان و درێژخایەن بەژینگەی سروشتی دەگەیەنن، بەتاوانی جەنگ ھەژماری كردون و سزای بۆ داناون و بكەرەكانی ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی سزایی دەكاتەوە.
هەروەها پێشێلكردنی ماددەی ٣٣ی دەستووری عێراقیشە، كە باس لە فەراهەمكردنی ژینگەیەكی تەندروست و پارێزگاریكردن لە هەمەجۆری زیندەوەران كراوە وەك ئەركی دەوڵەت.
ژینگەی باشوری کوردستان لە ئێستادا
ئەگەر سەرنجی وردی ژینگەی باشوری كوردستان بدەین و هەنگاوە كردارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی ژینگە هەڵبسەنگێنین هەست بەوە دەکەین بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە زیاتر كار لە سەر بەشێك لە هۆشیاری ژینگەی كراوەو تەنها باس لە هۆکارە سروشتییەکان دەکرێت و کەمێکیش هۆکاری مرۆیی کە تەنها هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێن بە پیسبوونی ژینگە لەو ڕووەی مرۆڤ بە ماددەی پلاستیکی ژینگە وێران دەکات، واتە هیچ کات ڕاستی پیسبوونی ژینگە ناخرێتە بەرباس و کاری لەسەر بکرێت کە هۆکاری جەنگ و بۆردومانەکان و هێرشەکان هۆکاری سەرەکین بۆ تێکدانی ژینگە.
بۆردومانەکان ژینگەی سەوزی کوردستانیان بێڕەنگ کردووە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە "دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار" دۆنم دارستانی سروشتی و "٣٥هەزار" دۆنم دارستانی دەستكرد لە باشوری كوردستان هەیە و بەهۆی بۆردوومان و هۆكارە ناوخۆییەكان لە ماوەی ١٠ساڵدا، زیاتر لە "یەك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار" دۆنم دارستان و پوش و پاوەن سوتاون، بەڕێژەی لە "٣٥٪"ی هۆكاری ئەو ئاگركەوتنەوانە لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی توركیا و ئێران بووە، كە زیانی بەهەزاران دۆنم لە دارستانی سروشتی و ڕەز و باخ و زەوی كشتوكاڵی و چەندین جۆر گیانلەبەری كێوی و ماڵی گەیاندووە، لە ماوەی ٥٠ساڵی ڕابردووشدا لە "٥٠٪"ی دارستانەكان لە كوردستان و عێراق لەناوچون.
ئەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان ڕوودەدات دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ڕژێمی بەعسە، چونکە دەوڵەتی تورک بە چەکی قورس و قەدەغەکراو لەوانەش چەکی “فۆسفۆڕ و کیمیایی” بۆردوومانی خەڵکی گوند و شارەکانی باشووری کوردستان دەکات و جگە لە زیانە گیانییەکان، هەزاران هێکتار دارستان و پوش و پاوانیشی لەناوبردووە.
بەڵام حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لێی بێدەنگن و ئەو مەترسییەی کە لەسەر ژینگە بەهۆی بۆردومانەکانی سەر ناوچەی بالیسان و شێخ وەسانان بینیان و کار گەیشتە ئەوەی ساڵانە لە ڕۆژێکی وەک ١٦ی نیساندا یادی بکەنەوەو بیکەنە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، ئێستا ئەو مەترسییە نابینن ڕووی پشتەوەیان کردووەتە وێرانکارییە ژینگەییەکان، بە تایبەت ئەو وێرانکارییەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ ڕوویدا کاتێک لەماوەی ٦ مانگدا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەکارهێنا، هەروەها تاڵانکردنی دارستانەکان بەشێکی تری کارەساتی ژینگەییە بەجۆرێک دارەکان دەبڕدرێنەوەو ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠ تۆن دار تاڵان دەکرێت و دواتر دارستانەکان دەسوتێندرێت.