ئیکۆسیستەم لە ململانێدا؛ شەڕێکی شاراوەی وێرانکەر
ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل گۆڕەپانی سەربازیی تێپەڕاندووە و درێژبووەتەوە بۆ وزە و ئاو و ئیکۆسیستەم، سروشت بووەتە "قوربانی بێدەنگی شەڕ" و لەناوبردنی ژێرخانی و پیسبوون قەیرانێکی بەردەوام بۆ ژینگەو ئاسایشی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات.
پرشنگ دولتاری
ناوەندی هەواڵ-ململانێی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل چیتر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ئاسایی نییە کە تەنها لە بنکە و هێزی سەربازیدا قەتیس بێت، فراوانتر بووە و ژێرخانی گرنگ و سەرچاوە وزە و تەنانەت ئیکۆسیستەمی سروشتیش دەگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا سروشت دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە جوگرافیای ململانێکان، لەناوبردنی پاڵاوگەکان و کۆگاکانی سووتەمەنی و دامەزراوە گرنگەکان دەرئەنجامەکانی زۆر زیاترە لە حیساباتی سەربازی.
ئەزموونی شەڕی هاوچەرخ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ململانێی سەردەمی تەنها لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و قوربانیی مرۆڤدا سنووردار نییە، هەروەها چینێکی قووڵتر لە وێرانکاری دروست دەکەن کە دەتوانرێت بە "جەنگ دژی ئیکۆسیستەم" ناو بنریت، دەتوانرێت لە چوارچێوەی "ئاسایشی ئیکۆلۆژی لە شەڕی جیۆپۆلەتیکی"دا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، کە شەڕەکانی سەدەی بیست و یەکەم نەک تەنها سنوورە سیاسییەکان بەڵکو هاوسەنگی ئیکۆلۆژییە ناوچەییەکانیش دەکەنە ئامانج.
ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئێستا لە هەفتەی سێیەمی خۆیدایە، گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی فرەلایەنە کە کاریگەری لەسەر ژینگە و ئابووری و ئاسایشی مرۆیی لە یەک کاتدا هەیە، ژاوەژاوی بەردەوامی تەقینەوە و فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی مووشەکی، شێوازی بایۆلۆجی ئاژەڵ و باڵندەکانی تێکداوە و شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتیانی بۆ ژینگەیەکی ناپارێزراو گۆڕیوە، لە زۆر ناوچەدا باڵندەی کۆچبەر ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و ئاژەڵەکان بەهۆی پیسبوونی دەنگەوە ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە.
"تەقینەوە لە دەریادا زیان بە سیستەمی دەماری ژیانی دەریایی دەگەیەنێت"
لە دەریاشدا، دەرئەنجامەکانی ململانێ بە هەمان شێوە ترسناکن، تەقینەوەی کەشتییەکان و ململانێ دەریاییەکان نەک هەر دەبێتە هۆی پیسبوونی نەوت، بەڵکو شەپۆلی شۆکی ئەم تەقینەوە دەتوانێت زیان بە سیستەمی دەماری ماسی و ژیانی دیکەی دەریایی بگەیەنێت، لە هەلومەرجێکی وادا، دەریا دەبێتە مەیدانێکی شەڕی شاراوە، کە قوربانییەکان بە بێدەنگی دەمرن.
لەگەڵ فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ژیانی، کاردانەوەکانی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر دەبن، وەک "قەیرانی تێکەڵاو" دەردەکەوێت کە شەڕ، ژینگە، ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەکانی ئاو هەموویان تێکەڵاون، لەناوبردنی ژێرخانی وەک پاڵاوگەی نەوت یان وێستگەیەکی پاڵاوتنی ئاو دەتوانێت ببێتە هۆی زنجیرەیەک قەیران کە کاریگەری لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس هەبێت.
هۆشداری ئەم دواییەی نووسینگەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم چوارچێوەیەدا جێگەی تێگەیشتنە، ڕێکخراوەکە نیگەرانی خۆی لە کاردانەوەی ژینگەیی دەربری لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هێرشانە ئێستا مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر کوالێتی هەوا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا دروستکردووە، بە ئامانجگرتنی ژێرخان کە ئاو و وزە بە شێوەیەکی کاریگەر دابین دەکات، واتە بە ئامانجگرتنی بنەماکانی بایۆلۆژیی کۆمەڵگەیە.
بۆ نموونە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر وێستگەیەکی پاڵاوتنی ئاو لە بەحرەین کە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو وڵاتە، حاڵەتێکی نموونەییە، بەهەمان شێوە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی هەڵگرتنی سوتەمەنی و نەوت لە شارەکانی وەک تاران نیگەرانییەکانی لە بەربڵاوی پیسبوون و لێکەوتە درێژخایەنەکانی بۆ تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروستکردووە.
ئەم ڕەوتە ئەوە دەردەخات کە شەڕی سەردەمی وردە وردە چووەتە قۆناغێکەوە کە دەتوانرێت ناوی لێ بنرێت "جەنگی ژێرخانی"، کە وزە و ئاو و ژێرخانی ژینگەیی دەبنە ئامانجی ستراتیژی، لەم نموونەیەدا لەناوبردنی ژینگە بەشێکە لە لۆژیکی فشاری سیاسی و سەربازی.
بە واتایەکی تر، دەکرێت ململانێی ئێستا وەک جۆرێک لە "جەنگی میتابۆلیک" سەیر بکرێت، کە هاوسەنگی هێز لە دەرەوەی هێزە سەربازییەکان درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی سووڕەکانی سروشتی ژیان بگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا شەڕ میتابۆلیزمی سروشتی ناوچەکە تێکدەدات، هەر ئەو خولەی کە هاوسەنگی ئاو، هەوا، خاک و جیاوازی زیندوو دەپارێزێت.
ململانێی ئێستا نیشانەکانی شێوازێکی هاوشێوەی ململانێی دەرخستووە، لەم ململانێیەدا مەیدانی شەڕ تەنها لە بنکە سەربازییەکان یان ناوەندەکانی فەرماندەیی سنووردار نییە، بەڵکو وردە وردە فراوانتر بووە و ژێرخانی وزە و سەرچاوە ئاوییەکان و ناوچە سروشتییەکان دەگرێتەوە.

"هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو"
هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان یان وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو، دەتوانرێت بە جۆرێک لە "فشاری ژینگەیی جیۆپۆلەتیکی" هەژمار بکرێت، لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە زۆرێک لە وڵاتان پشت بە سەرچاوە سنووردارەکانی ئاو و سیستەمی پاڵاوتنەوە دەبەستن، لەناوچوونی ئەم ژێرخانە دەتوانێت ببێتە هۆی زینجیرەیەک قەیران، لە کەمیی ئاوی خواردنەوە تا زیادبوونی کۆچی زۆرەملێ و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی.
هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر تانکی هەڵگرتنی نەوت و ژێرخانی سووتەمەنی نیگەرانییەکانی لەبارەی دروستبوونی پیسبوونی سنوور بەزاندنەوە دروستکردووە، هەروەها دوکەڵی سووتانی نەوت یان دەردانی ماددە کیمیاییەکان بۆ هەوا دەتوانێت هەزاران کیلۆمەتر ببڕێت، کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە هەبێت کە ڕاستەوخۆ بەشدار نین لە ململانێکان، بەم شێوەیە ململانێکە دەگۆڕێت بۆ دیاردەیەک کە سنوورە سیاسییەکان تێدەپەڕێنێت و دەبێتە قەیرانێکی ژینگەیی ناوچەیی.
تەقینەوەکانی کۆگاکانی سووتەمەنی لە تاران دەتوانرێت وەک بەشێک لە نەخشێکی "شەڕی ژێرخانی" سەیر بکرێت، نەخشێک کە تێیدا پاڵاوگەکان، تانکی هەڵگرتنی سووتەمەنی، هێڵەکانی کارەبا و دامەزراوە گرنگەکان دەبنە ئامانجی ستراتیژی.
هەروەها کەنداوی فارس یەکێکە لە لاوازترین ئیکۆسیستەمی دەریایی لە جیهاندا، ئیکۆسیستەمێکی نیمچە داخراوە و توانای سنووردارە بۆ خۆ دووبارە دروستکردنەوە، کەشتی نوقمبوون و ڕژانی سووتەمەنی و چالاکییە سەربازییەکان لە دەریادا دەتوانن ئەم هاوسەنگییە سستە تێک بدەن و کۆگاکانی ماسی و ژیانی دەریایی کەم بکەنەوە، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە نەک تەنها بۆ سەر ژینگە بەڵکو لەسەر ئابووری کەناراوەکان و ئاسایشی خۆراکی ملیۆنان کەس لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
