وشکبوونەوەی دەریاچەی نیلوفەر؛ قەیرانی ژینگە یان خراپ بەڕێوەبردنی حکومەت؟
وشکبوونەوەی دەریاچەی نیلوفەر لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نموونەی شکستی ژینگەیی دەرئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی حکومەتی ئێران و نەبوونی پلان و بەردەوامی لە سیاسەتەکانیدایە، کە بووەتە هۆی لەناوچوونی یەکێک لە دیارترین شوێنە سروشتییەکانی شارەکە.
نەسیم ئەحمەدی
کرماشان- دەریاچە نیلوفەر، یەکێک لە دیارترین شوێنە سروشتییەکانی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مێژە هێمایەکی زیندوو بۆ جوانی و ژیان بووە، دەریاچەکەی کە بە گوڵی ئاویی زەرد ڕازاوەتەوە، گرنگییەکەی تەنها لە دیمەنەکاندا سنووردار نەبوو، هەروەها شوێنێکی نیشتەجێبوون بوو کە دەوڵەمەند بوو بە جیاوازی زیندەوەرەکان، لەگەڵ چەندین جۆری ڕووەک و ئاژەڵ.
ئەم گەنجینەی سروشتییە کە دەریاچەی نیلوفەرە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وردە وردە بەرەو نەمان ڕۆیشتووە، کە دابەزینەکەی لەلایەن زۆرێکەوە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەڕێتەوە، کە بووەتە هۆی لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین هێما ژینگەییەکانی ناوچەکە.
وشکبوونەوەی تەواوەتی دەریاچەی نیلوفەر نەک هەر بووەتە هۆی لەناوچوونی گوڵی لۆتس "گوڵی ئاویی" بەڵکو هیچ دەرفەتێکی چاکبوونەوەی سروشتی بۆ ئەم هێما ئیکۆلۆژییە نەهێشتووە، لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا بەهۆی کەمی بارانبارینەوە دەریاچەکە بە ڕەسمی وشکبوونی ڕاگەیەندرا.
زۆرێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی و دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وایە ئەم ڕوونکردنەوانە وێنەی تەواو نەکێشن، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هۆکارە مرۆییەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتریان لەم کارەساتەدا هەبووە، لەوانە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو، فراوانکردنی کشتوکاڵی بێ پلان و نەبوونی پلانی ژینگەیی درێژخایەن، هەروەها وتیان: سیاسەتەکانی حکومەت کە نەیانتوانی پرسە ژینگەییەکان لە پێشینەیی دابنرێن، قەیرانەکەی توندتر کردووە و بووە هۆی لەدەستدانی یەکێک لە گرنگترین شوێنە سروشتییەکانی کرماشان.
بووەتە زەوییەکی وشکبوو
چاودێری مەیدانی و سەردانەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەریاچەی نیلوفەر بە تەواوی وشک بووەتەوە و تەنها زەوی درزاوی و پاشماوەی ڕووەکی وشکی بەجێماوە، هیچ شوێنەواری گوڵی ئاویی، باڵندە کۆچبەرەکان، یان بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە کە ڕۆژێک پڕ بوون لە ژیان نەماوە.
لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە، ئەو پاشماوانەی لە بنەکەیدا بووە دەستیکردووە بە کۆبوونەوە، ئەمەش هەڕەشەی گۆڕینی ئەم شوێنە سروشتییە دەکات بۆ زبڵدان و زەوی فڕێدانی خاشاک، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی وشکەساڵی بەردەوام و نەبوونی پلانێکی ڕوون بۆ نۆژەنکردنەوە یان پاراستنی.
وشکبوونەوەی دەریاچەی نیلوفەر تەنها قەیرانێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو نیشاندەری قەیرانی ژینگەیی فراوانترە لە کرماشان، بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆربەی دەریاچەکان و تەنانەت ڕووبارەکانی ناوچەکە لە دۆخێکی ناجێگیردان، ئەگەری وشکبوونەوەی ئاوی زیاتریش هەیە، وەک تالاب هەشیلان و سەراب یاوەری.
ئەم ڕێژەیەی خێراتربوونی وشکەساڵی دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی حکومەت، کە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی جیاوازی زیندوو و زیادبوونی مەترسییە ژینگەییەکان لە ناوچەکەدا.
بە پشتبەستن بە داتا و شیکارییە ژینگەییەکان، ناتوانرێت وشکبوونەوەی دەریاچەی نیلوفەر تەنها بە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا هەژمار بکرێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانی بناغەی قووڵترە لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان لە ئێراندا، نەبوونی چاکسازی بنەڕەتی لە سیاسەتەکانی ژینگە و لاوازی چاودێریکردنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان، ژینگەی بەرەو داڕمان پاڵناوە و گیانلەبەرە کێوییەکانی خستۆتە مەترسییەوە.
لە ڕاستیدا ئەو سیستەمەی ڕژێمی ئێراندا گرتوێتیەبەر، کە بە لەناوبردنی سەرچاوە ژینگەییەکان و بێبایەخکردنی بەردەوامیی ژینگەیی تایبەتمەندە، ڕۆڵی سەرەکی لە گەورەکردنی قەیرانی وشکەساڵی لەم دەریاچەیەدا بینیوە، هەروەها گۆڕینی دیمەنێکی زیندوو بۆ وێرانێکی بێ بەرهەم تەنها لە ماوەی چەند ساڵێکدا دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پلاندانانی بێباکانە و بەردەوامە.
ئەو خاکەی کە ڕۆژێک سوسنی ئاوی تێدا گەشەدەکرد، ئێستا بووەتە بیابانێکی بێ ئاو و ژیان، جگە لە چەند دڵۆپێکی زوو تێپەڕ لە شەبنەمی بەیانیانی نیە.
دەریاچەی نیلوفەر چیتر تەنها دیمەنێکی سروشتی سەرنجڕاکێش نییە، بەڵکو بۆتە هێمای داڕمانی وردە وردە ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە بوونەتە قوربانی خراپی کارگێری و گەندەڵی دامەزراوەیی و گرنگیدان بە بەرژەوەندییە سیاسییەکان بەسەر ڕەچاوکردنی ژینگەیی لە سیاسەتەکانی ئێراندا.
لەم ڕاستیەدا نەک هەر سروشت لەناو دەچێت، بەڵکو هیوا و داهاتووی دانیشتووانیش دەگرێتەوە، بەردەوامی بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تێکچوونەدا، واتای قبوڵکردنی بێدەنگی وشکبوونەوەی دەریاچەی دیکەی ئەم شارەیە، کە سەردەمانێک بە "خاکی دەریاچە" ناسرابوو، ئێستا بووەتە زەوییەکی وێران و بێ بەرهەم و بێ ژیان و ئاو.