گه‌نجان ڕۆڵیان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا هەیە

لە ڕۆژی جیهانیی گەنجاندا، ڕێكخراوی نوێ و ڕێکخراوی كه‌م ئه‌ندامانی هه‌ڵه‌بجه‌ لە پانێڵێکدا باسیان لە ڕۆڵی گه‌نجان له‌ كه‌م کردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆرانی كه‌شوهه‌وا کرد و جەختیان کردەوە کە هۆشیاری ژینگەی ڕێگە چارەسەرییە.

هەڵەبجە

 

١٢ی ئاب، بە ڕۆژی جیهانیی گەنجان دیاری کراوە، لەو ڕۆژەشد هەڵمەتی جیاواز بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان و ڕۆڵ و کاریگەرییان لە بوارەکانی کۆمەڵگەدا دەخرێتە ڕوو، لە شاری هەڵەبجەش هەردوو ڕێكخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگه ‌و مافه‌كانی ژنان و لقی هه‌ڵه‌بجه‌ی ڕێكخراوی كه‌م ئه‌ندامان به ‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نجان پانێڵێكیان ڕێكخست.

 

نیهاد ئازاد، به‌رپرسی به‌شی گه‌نجان و ڕێكخه‌ری پرۆژه‌ له‌ ڕێكخراوی نوێ وتی: ئامانجمان لەم چالاکیە هۆشیارکردنەوەی گەنجانە بۆ ئەوەی بتوانن هاوکار بن لە چارەسەر کردنی گرفتەکان کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، ڕۆڵی گەنجانیش لە چارەسەرکردنی کێشەی گەنجان و ژینگە زۆر گرنگە و ئێمە دەبێت ئەو ڕۆڵە باش بەکاربهێنین، تا ڕووبەڕووی کاریگەری گۆڕانە ژینگەییەکان ببینەوە.

 

نیهاد ئازاد، بەرپرسی بەشی گەنجان، باسیشی لەوە کرد، کە ڕێکخراوەکەیان پڕۆژەی داهاتووی گەشیان بۆ گەنجان هەیە، کە دەرفەت بۆ گەنجان دەڕەخسێنن بەو لێهاتوویەی هەیانە لە کۆمەڵگەدا بیخەنەگەڕ، خزمەت و کار بکەن، وتیشی: ژمارەیەک لە گەنجان حەزیان بە خزمەتکردنە لە بواری ژینگەدا، لەو بارەیەشەوە کەمپەین و هۆشیاری ژینگەیی وەردەگرن، لە هەمانکاتدا سەرجەم چالاکیە ژینگەیەکان لە ڕیکخراوەکەدا کاری لەسەر دەکرێت، لە داهاتووشدا پرۆژەی خانووی دۆستی ژینگە دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە دەکرێت بە خانوویەکی نمونەیی.

 

لە کۆتای پانێڵەکەدا گەنجان پڕۆژە ژینگەییەکانی خۆیان خستەڕوو، کە بڕیارە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت و بە پێی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان بەرەوپێشی ببەن.