"بۆردومانەکان کاریگەری دەکاتە سەر ژینگە و خاک"

شارەزایەتی بواری کشتوکاڵ دەڵێت، بۆردومانەکان بەدەر لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکان، زیانی گەورە بەر ژینگە دەگەیەنێت و بواری کشتوکاڵی ئەو خاکە لاواز دەکات کە بۆردومان کراوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەردەوامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان زیانی بە سەرجەم سێکتەر و بوارەکانی ژینگە و ژیان گەیاندووە، بۆ نمونە لە ئۆپەراسیۆنەکانی مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١دا دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، جگە لە سوتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان، بۆردومانکردنی ناوچەی کشتوکاڵی پێنجوێن لە نێوان گوندی کانی میران و وریاوە لە ٢٤ی ئابی ساڵی ڕابردوودا، زیانی ٧٠ ملیۆن دیناری لە هاوڵاتیان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام قەندیل و ناوچە سنورییەکانی شارباژێر و بادینان لە ژێر هەڕەشەی بۆردوماندان.

 

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ تا مانگی ئاب، بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەورەوە زیاتر لە ٣٥ هەزار دۆنم ڕەز و باخ و پوش و پاوانی گوندنشینان سووتاون.

 

"بۆردومانەکان پێکهاتەی خاک دەگۆڕێت"

دکتۆر سەحەر حسێن حەمەڕەشید، دکتۆرا لە بواری ڕووەکناسی و سەرۆکی بەشی کارگیڕی پرۆژە کشتوکاڵیەکان لە کۆلیژی کشتوکاڵی و زانستە پراکتیکیەکانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها وتی: ئەگەر کاریگەری بۆردومان لەسەر ژینگە و بەروبومە کشتوکاڵیەکان لە ڕووی زانستییەوە سەیر بکەین، دەبینین ئەو ماددە کیمیاییانەی لە پێکهاتەی بۆردومانەکەدا بوونی هەیە لە خاکدا دەمێنێتەوە و زیان بە خاک دەگەیەنێت و پێکهاتەکەی دەگۆڕێت و لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کوالێتی بەروبومەکان تێکدەدات.

 

بۆردومانکردن بە ڕیژەی ٪٥٠ بەرهەمی ڕووەکی کەمدەکاتەوە

سەرحەر حسێن باس لەوەشدەکات بەهۆی بۆردومانەکانەوە ڕێژەی بەرهەمی بەروبوومەکان کەمدەکاتەوە، چونکە ماددە کیمیاییەکان کار لەسەر ڕۆشنەپێکهاتنی گوڵ و ڕووەکەکان دەکات، "چۆن لە کاتی بۆردوماندا ئێمە هەوڵدەدەین لە ناوچەکەدا نەمێنین لەبەر زیانی دوکەڵ و خۆڵبارینەکەی، بە هەمان شێوە خاک و بەروبوومەکانیش دەیانەوێت خۆیان بپارێزن.

 

ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە باس لەوەشدەکات کاتێک جەنگ ڕوودەدات، مرۆڤ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا نامێنێتەوە، بەڵکو هەوڵی خۆ ڕزگارکردن دەدات، دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان، دەبینێت خاک کۆمەڵێک پێکهاتەی کیمیاوی جیاوازی بەسەرەوەیە و زیانی بەرکەوتووە کە کاریگەری هەیە لەسەر بەرهەمهێنان و زەوییە کشتوکاڵییەکان.