لەیادی ۳۳ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا نەمام دەنێژرێت

لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، نەمام لە پارێزگای هەڵەبجە دەنێژرێت بە مەبەستی سەوز کردی پارێزگاکە و یادێک بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوو هەڵمەتی جیاوازدا و لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە بە هاوکاری بەشی باخچەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە و بەشداری کەسایەتییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، هەوڵی سەوز کردنی گەڕەکەکانی هەڵەبجە دەدرێت.

کوێستان شێخ ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە تایبەت بەئاژانسی ژنها ڕایگەیاند: "شارەوانی و ڕێکخراوەکان بەردەوام هەوڵی جدی و هاوکاری هەر کەسانێک ئەکەن کە هەڵەبجە سەوزتر بکەن و بیبوژێننەوە"، ئەماژەشی بەوەدا کە ئەم هەڵمەتە درێژخایەنە و بەردەوام لە هەوڵی سەوز کردنی هەڵەبجەدان.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لەسەر ڕێگای گوندی نەوڕۆڵ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە هەڵمەتی ناشتنی ٧٠٠ نەمام لە ناوچەکەدا دەستیپێکرد، بە بەشداری تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و گەنجانی ناوچەکە.

لە هەڵمەتەکەدا هاوڵاتیان و گەنجانی ناوچەکە ٧٠٠ نەمامی جۆراوجۆریان، کە لە گوندی پریسی سەرووەوە دەستیپێکرد تا گوندی نەورۆڵی.

 

چالاکییەکان بۆ یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پاریزگای هەڵەبجە دەستیان پێکردووە، دوێنێ لە پێشەنگایەکدا کۆمەڵێک وێنەی نەبینراوی ساتی کیمیابارانی هەڵەبجە نمایشکران، ئەمڕۆش لە دوو هەڵمەتی جیاوازدا بۆ یادی ئەو ڕۆژە و سەوزکردنی هەڵەبجە، نەمام نێژران.

 

ت.پ