لە بازیان سێ هاوڵاتی بە تۆمەتی بڕینەوەی دار دەستگیرکران
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە سنورى بازیان سێ هاوڵاتى بەهۆى بڕینەوەى دارى سروشتى دەستگیرکران.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەبارەى دەستگیرکردنى سێ هاوڵاتى بە تۆمەتى بڕینەوەى دار لە سنورى بازیان ڕاگەیەندراوێکى بلاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دیمەنى بڕینى دارى سروشتى لەناوچوونى سروشت و ژینگە کارەساتێکى گەورەیە، هەرچەندە تیمەکانمان بەردەوامن لە ڕێگریکردن لەو دیاردەیە، بەڵام هەندێک هاوڵاتى بێ گوێدانە بەرپرسیاریەتى هەوڵى شێواندنى ژینگە ئەدەن بۆ ئەو مەبەستە لە سنورى بازیان سێ هاوڵاتى دەستگیرکرا .
ئاماژە بەوەشکراوە، لە درێژەى کاروچالاکیەکانى تیمەکان لە پێناو پاراستنى دارستانەکان دەرچوونێکیان ئەنجامدا بۆ گوندى دەرگەزێنى مەحمود فەقێ، توانیان سێ هاووڵاتى دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵى داربڕین بوون، هەروەها تواندرا دەست بەسەر سێ پارچە دارى سوورە چنار و یەک ئۆتۆمبێل و یەک مشارى داربڕیندا بگیرێت .
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بە مەبەستى گرتنە بەرى ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان.