چۆن هۆشدارکردنەوەی ژنان هەسارەکەمان دەپارێزێت؟
توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیەکی زۆری ژنیان لە پەرلەمانەکاندا هەیە، ئەگەری گرنگیدان و پەسەند کردنی پەیماننامەی ژینگەییان زیاترە.
بانە ڕۆز
سلێمانی- گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەو گرفتە چارەسەرنەبووانەی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر جیهان و زیندەوەرە ژیاوەکانی سەری ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، زانیاری و تێگەیشتنمان لە گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکار و کاریگەرییەکانی لەسەر جیهانی سروشتی لە پەرەسەندن بەردەوامە، ئەمە سروشتی لێکۆڵینەوەی زانستییە، بەڵام ئێستا کۆدەنگییەکی ڕوون لەناو کۆمەڵگەی زانستیدا هەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا ڕاستەقینەیە و گۆڕانکاری بە ڕێژەیەک ڕوودەدات کە تا بێت بەرەو زیادبوون دەڕوات، دەردانی کاربۆن بەهۆی مرۆڤەوە بۆ بەرگەهەوا بەشدارە لەم ڕێژەیە خێراترەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی.
بەڵام لایەنێکی باسنەکراو و پشتگوێخراوی ئەم کێشەیە، ئەوەیە کە ژنان بە هەمان شێوەی پیاوان بە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەر نابن، بەڵکو زیاتر زەرەرمەندی گۆڕانی کەشوهەوا دەبن، بەهۆی نایەکسانی مێژوویی و ڕەگەزیەوە و جیاوازی پێکهاتەی دروستبوونەوە کە کاریگەری دادەنیت لەسەر چۆنیەتی و تا چەند، ژنان دەتوانن سەرکردایەتی بکەن، بڕیار بدەن، هەنگاو بنێن و چارەسەرەکان پێشبخەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، لەکاتێکدا هەر ژنانیش باڵاترین دەستیان دەبێت لە کۆنترۆڵ کردن و ڕاگرتن یاخود کەم کردنەوەی کاریگەرییەکانی سەر ژینگەدا.
لە چ ڕوویەکەوە ژنان زیاتر بەرکەوتەن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا؟
ژنان ڕووبەڕووی مەترسی تەندروستی زیاتر دەبنەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، مەترسی لەسەر دایکان دروست دەکات و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و بارانبارین و شێ، بارودۆخێکی لەبار دروست دەکات بۆ گواستنەوەی نەخۆشیەکانی مەلاریا، تای خوێنبەربوون و ڤایرۆسی زیکا، کە دەبنە هۆی لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە و کەمخوێنی لەناو ژنانی دووگیاندا، ژنان مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ نائاسایشی خۆراک لە چاو پیاوان و ئەگەری مردنیان زیاترە لە ڕووداوە توندەکانی کەشووهەوادا، ئەگەری زیاتریشە کە ئەزموونی گرفتە دەروونیەکان بکەن، بەهۆی کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەڕووی جەستەیی و دەروونیەوە.
ئەو هۆکارانەی ژنان دووردەخەنەوە لە گێڕانی ڕۆڵەکانیان؛
ڕۆڵە دیاریکراوە ڕەگەزییەکان، وایکردووە کە ژنان زیاتر بەرپرسیارێتی ئەرک و سەرچاوەکانی ماڵەوە هەڵبگرن، ژنان، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا، کات و وزەیەکی زۆریان دەوێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی ناو ماڵ و کێڵگە و ماڵات، بۆیە زۆرجار باری کارکردنیان سەختترە لە پیاوان، نەبوونی کات و وزەی پێویست کاریگەری لەسەر تواناکانی ژنان دادەنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕێگریان لێ دەکات کە بەشداری لە کایە گرنگەکان بکەن یاخود بەشێک بن لە پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرخوازی، هەروەها دوورخستنەوەیان لە بڕیاردان، توانای ژنان بۆ بەرەوپێش چوون لاواز دەکات و بەبێ دەنگی ژنانیش، تاک و کۆمەڵگە ناتوانێت لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکان وەچەرخان بەخۆیەوە ببینێت.
بۆچی هۆشدارکردنەوەی ژنان، هەسارەکەمان دەپارێزێت؟
هۆشدارکردنەوەی ژنان لە زۆر لایەنەوە وادەکات کێشە جیهانیەکان چارەسەر ببن یاخود کەم ببنەوە، گرفتی گۆڕانی کەشوهەواش یەکێکە لەو گرفتانە. پەروەردەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و کەسی و فکری پاڵنەری زیاتری ژنانە تا هۆشدارتر و چاوکراوەتر بن دەربارەی ژیان و گرفتەکان. وەک باسکرا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی لەدەست دەرچوونی گۆڕانی کەشوهەوا، زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانە لەسەر زەوی، باشترین ڕێگاش بۆ ڕێگری کردن لە زۆر زیاتر بوونی ئەم ڕێژەیە، دەرفەت دانە بە ژنان کە ئەوەندە هۆشدار بن و ئاگادار بن لە کێشە جیهانیەکان و خاوەندارێتی خۆیان و جەستەی خۆیان بکەن لەو بارەیەوە.
بەهۆی ئەوەی لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵیکی سەپاوە دراوە بە ژن کە ئەویش ئەرکی چاودێری کردن و سەرنجدانە بە وردەکاریەکان، ژنان تێگەیشتنێکی قوڵ و زانیارییەکی بەرفراوانیان لە ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانیان هەیە، پشتگیریکردنی بیرۆکەکانیان بۆ بەردەوامی، کلیلی سەرکەوتنە بۆ گونجاندن و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
پێنج هۆکار کە جیهان بۆ بەرامبەری لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا، پێویستی بە ژنانە:
ژنان لە بەرنامەسازی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا، ناوەند و چەقن. چونکە وەبەرهێنانەکانی ژنان باشتربوونێکی بەردەوام بۆ دەرئەنجامە سەرەکیەکان دروست دەکات، یارمەتیدەرە بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی خزمەتگوزاریەکان و دەبێتە هۆی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەکان بەرەو یەکسانی و تەندروستی و بەردەوامی زیاتر، توێژینەوەکانیش دەریانخستووە، ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیەکی زۆری ژنیان لە پەرلەمانەکاندا هەیە، ئەگەری گرنگیدان و پەسەند کردنی پەیماننامەی ژینگەییان زیاترە.
هۆکاری یەکەم، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە ٪١٠٠ی دانیشتوانی سەر زەوی هەیە و ژمارەی ڕەگەزی مێ'ش لە جیهاندا ٤ ملیاری تێپەڕاندووە، بۆیە ئێمە پێویستمان بە ژنی هەمەچەشنە لە هەموو ئاستەکانەوە بەشدار بن، لە دانووستانەکانەوە تا دەستەی کارگێڕی و تا دارستان و کێڵگەکان، بەتایبەت لەو ناوچانەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین زیانی داوە.
هۆکاری دووەم، بەهێزکردنی ژنان واتای هەبوونی چارەسەری باشترە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، کاتێک ژنان لە کشتوکاڵدا هەمان دەرفەتی دراو بە پیاو وەردەگرن، دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان ٪٢٠ بۆ ٪٣٠ زیاد بکەن. ئەم بەرزبوونەوەیە نەک هەر کۆی بەرهەمی کشتوکاڵی بە ڕێژەی ٪٢.٥ بۆ ٪٤ زیاد دەکات، بەڵکو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەم کردنەوەی برسێتی جیهان بە ڕێژەی ٪١٢ بۆ ٪١٧. وە بە کەم کردنەوەی هەژاری، دەتوانین یارمەتی تاکەکان بدەین باشتر خۆیان لەگەڵ کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن و ڕووبەڕووی ببنەوە.
هۆکاری سێیەم، ژنان کلیلی بنیادنانی خۆڕاگرین لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆمەڵگەکاندا، چونکە ژنان وەڵامدەرەوەی یەکەمن لە وەڵامی کارەساتە سروشتیەکاندا، پێشەنگن لە کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان و بەشداری دەکەن لە دەست تێوەردانی دوای چاک بوونەوە و پێشنیاری چارەسەر و پێداویستیەکانی پێشوەختە بۆ کارەساتەکان دەکەن.
هۆکاری چوارەم، چوونە پێشەوە لە یەکسانی ڕەگەزی و بەکارهێنانی هێزی ژنان سوودی دوور مەودای هەیە، لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی هەژاری و گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام، بە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بە چاویلکەی ڕەگەزی، دەکرێت مامەڵە لەگەڵ مافەکانی ژنانیش بکەین و یەکسانی زیاتر بەرەوپێش ببەین.
هۆکاری پێنجەم، ژنان لە ڕابەرایەتی کردندا، بە پێی ڕووداوە مێژووییەکان میانڕەوتر و خاوەن بڕیاری دروست تر بوون، بە هۆی ئەوەی کولتووری پیاوسالاری کە پاڵپشتەکەی سیستمی سەرمایەداریە، لە چەند لایەنێکەوە کاریگەری نەرێنی دروست کردووە لەسەر بەشێکی زۆری پیاوان لە ڕێگای پەروەردە و دەستکەوتە بەخشراوەکانی کۆمەڵگەوە، سەرکردە پیاوەکانی توندوتیژتر و کەمتەرخەم بەرهەم هێناوە لە ئاست بابەتە ژینگەییەکاندا، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا بەهۆی ئەوەی ژنان زیاتر هەوڵی میهرەبانی و خزمەتکردن دەدەن و گرێدراون بە سروشتەوە، وا دەکات لە ڕابەرایەتیەکاندا بڕیاری دروستتر و گونجاوتر و دڵسۆزانە تر دەربکەن دەربارەی ژینگە.