لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درەختی سەد ساڵە دەبڕدرێنەوە

چالاکوانێکی ژینگەیی تیشکی خستە سەر بڕینەوەی دار گوێز و بەڕووی سەدەها ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە  بە مەبەست و بە پشتیوانی دەوڵەت لەلایەن مافیاکانەوە پلانی بۆ داڕێژراوە و ئەنجام دەدرێت، داواشی کرد ڕێگری بکرێت لە وێرانکردنی زیاتر.

نەسیم محەمەدزادە

 

سەردەشت- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕینەوەی درەختەکان لەناو دارستانەکاندا، لەلایەن مافیاکانەوە، زیادی کردووە، دار بەڕووە سەد ساڵەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەبڕدرێنەوە و بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران دەبرێن، زۆربەی تاوانبارانی نایاسایی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە و پشتیوانی سەربازی و ئەمنی وەردەگرن، چالاکوانێکی ژینگەیی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەبەر هۆکاری ئەمنی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ئاماژەی بەوەدا، بڕینەوەی دارەکان بۆ تێکدانی سروشتی کوردستانە.

 

"خیانەت لە دەوروبەری خۆیان دەکەن"

چالاکوانە ژینگەییەکە ئاماژەی بەوەکرد، بڕینی درەختەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئێستا وێرانکردنی ژینگە گەیشتۆتە قۆناغێکی نوێ، هەروەک بەکارهێنەرانی دەرمان هەموو سامانەکانیان دەفرۆشن و زیان بە ژینگە دەگەیەنن بۆ قازانجی کورتخایەن، هەروەها بۆ بڕینی درەختەکانیش بەهەمان شێوەیە، بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر، ئەوان چەند دارێکی چەندین ساڵەی کۆن دەبەن و دەیانبەن بۆ شارە گەورەکانی ئێران، لەوێ بە نرخێکی هەرزان دەیفرۆشن، خیانەت لەدەوروبەرو لەو زەویە دەکەن کە تێیدا دەژین.

 

"دزینی دار بە بەرتیل"

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوەکانی دەوڵەت پشتیوانی لەو کەسانە دەکەن کە درەختەکان دەبڕن و وتی: حکومەت هیچ داواکارییەک جێبەجێ ناکات لەسەر مافیا کە درەختەکان دەبڕن، تەنانەت هەندێک لە دامەزراوە حکومی و سەربازییەکانی وەک سوپای پاسدارانیش پشتگیرییان دەکەن، لە شارەکانی وەک سەردەشت، بانە، مەریوان، کاتێک درەختەکان دەبڕدرێن، دەبێت بە خاڵەکانی پشکنیندا تێبپەڕن بۆ ئەوەی بپەڕنەوە بۆ شارەکانی دیکە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتووە، هەندێک لەو دامەزراوانە بەرتیل وەردەگرن بۆ قاچاخچێتی دار، هەندێک لەو قاچاخچییانە بوون بە مافیای بڕینی درەختەکان.

 

"گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو ئەستەمە"

ئەوەیخستەڕوو یەکێک لەو بابەتانەی کە کەمترین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کێشەی بڕینی درەختەکانە و وتی: زۆرێک لە هاوڵاتیان مەزەندەی ئەوە دەکەن کە ئاگرکەوتنەوە هۆکاری سەرەکی زیانی دارستانەکانە، بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە؛ زۆربەی ئەو ناوچانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە دەتواندرێت دووبارە بنیاد بنرێنەوە بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ، بەڵام کاتێک درەختەکان دەبڕدرێن یان دارستانەکان دەبن بە زەوی کشتوکاڵی، ئەستەمە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی سەرەتایی خۆی، بۆیە پێویستە زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانمان لەم کێشەیە تێبگەن و بتوانین ڕێگری بکەین لە زیانی زیاتر.

 

"وێرانکردن پلان بۆ دانراوە"

ئەو چالاکوانە ژینگەییە ، ئاماژەی بە تێکچوونی سروشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کرد و وتی : کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ژینگە بە هیچ شێوەیەک گرنگ نییە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو شوێنێکی دیکە خراپترە، ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەدا پشتگوێ خرێت، لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە کێشە ژینگەییەکان گرنگ نین، بەڵام وێرانکردنی ژینگە لە کوردستان بە مەبەستەو پلانی بۆ داندراوە، هێزە سەربازییەکان، بەتایبەت سوپای پاسداران، بە ڕوونی دارستانەکان بە مەترسیدار دەبینن و بە شێوەی جیاواز دەیانکەنە ئامانج.