گەرمبوونی زەوی بۆ یەکەم جار سنووری کلیلی ١.٥ پلەی سیلیزی دەشکێنێت

پێشبینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا جیهان بۆ یەکەم جار سنووری پلەی گەرمای سەرەکی بشکێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژەران دەڵێن لە ئێستادا ٦٦% ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێژەی گەرمبوونی زەوی لە نێوان ئێستا و ساڵی ٢٠٢٧دا بە ڕێژەی ١.٥ پلەی سیلیزی تێپەڕێنین.

 

ئەمەش بەو مانایە دێت کە جیهان ١.٥ پلەی سیلیزی گەرمترە لەوەی لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩یەمدا هەبوو، پێش ئەوەی دەرچوونی سووتەمەنی بەردینەکان بەهۆی پیشەسازیکردنەوە بەڕاستی دەست بە زیادبوون بکات.

 

ژمارەی ١.٥ پلەی سیلیزی بوو بە هێمای دانوستانەکانی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان، وڵاتان ڕێککەوتن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان بۆ ١.٥ پلەی سیلیزی بەپێی ڕێکەوتننامەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥.

 

زیاتر لە ١.٥ پلەی سیلیزی هەموو ساڵێک بۆ ماوەی دە ساڵ یان دوو ساڵ کاریگەری زۆر گەورەتری گەرمبوون دەبینێت، وەک شەپۆلی گەرمای درێژتر و زریانی توندتر و ئاگری دارستانەکان.

 

ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٠ پێشبینی ئەوەی کردووە کە ئەگەری ئەوە هەیە جیهان لە ماوەی ساڵێکدا ١.٥ پلەی سیلیزی بشکێنێت، لەو کاتەدا پێشبینی دەکرا کەمتر لە ٢٠%ئەگەری شکاندنی ١.٥ پلەی سیلیزی هەبێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا.

 

لە ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٥٠% و ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ٦٦%.

 

چۆن دەبێت بە ١.٥ پلەی سیلیزی

ئەم ژمارەیە پێوانەیەکی ڕاستەوخۆی پلەی گەرمی جیهان نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە زەوی چەند یان چەند کەم گەرم بووە یان سارد بووەتەوە بە بەراورد بە تێکڕای درێژخایەنی جیهان.

 

زاناکان تێکڕای پلەی گەرمی لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٩٠٠ بەکاردەهێنن وەک پێوانەیەک بۆ ئەوەی جیهان چەند گەرم بووە پێش ئەوەی پشت بە خەڵوز و نەوت و گاز ببەستێت.

 

بۆ دەیان ساڵە ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئەگەر جیهان بە نزیکەی دوو پلەی سیلیزی گەرم ببێت ئەوا لێواری کاریگەرییە مەترسیدارەکان دەبێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا بە شێوەیەکی بەرچاو پێداچوونەوەیان بۆ ئەم خەمڵاندنە کرد و ئەوەیان نیشاندا کە تێپەڕبوونی ١.٥ پلەی سیلیزی کارەساتبار دەبێت بۆ جیهان.

 

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا جیهان زۆر گەرم بووە و لە ساڵی ٢٠١٦دا گەرمترین پلەی گەرمای جیهان ١.٢٨پلەی سیلیزی بووە لە پلەی پێش پیشەسازی.

 

ئێستا توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو ژمارەیە پێشبینی دەکرێت تێکبشکێنرێت، ئەوان لە ٩٨% دڵنیان لەوەی کە ژمارە بەرزەکە پێش ساڵی ٢٠٢٧ دەشکێنرێت.

 

لە ساڵانی نێوان ئێستا و دواتردا پێیان وایە ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە بۆ یەکەم جار سنووری ١.٥ پلەی سیلیزی تێپەڕێنێت.