ژینۆ ڕەشید: ئەو دارانەی دەوڵەتی تورکیا لەناویدەبات ئێمە سەوزی دەکەینەوە
ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پیرۆز دەکات و دەڵێت ئەو دار زەیتونانەی دەوڵەتی تورکیا دەیبڕێتەوە، ئێمە دەیژیەنینەوە.
سلێمانی
ئەمساڵ ژنان لە چوار پارچەی کوردستان پێشەنگایەتی هەڵمەتەکانی دار و نەمام چاندنیان کرد بۆ رۆژی ٤ی نیسان، ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە سەرانسەری جیهانیشەوە ئازادیخوازان، وڵاتپارێزان، ژینگەپارێزان و سەرجەم توێژەکان بەشداری یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی ئەو بیرمەندە کوردەیان کردەوە و بە دار و نەمام چاندن ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.
چاندنی دار و نەمام وەک یادکردنەوەیەک سەرچاوەی خۆی لە ڕامانی ئۆجالانەوە وەردەگرێت کە ژینگە بە دایکی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدات و پاراستنیشی دەکاتە ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگە، بۆیەش لەو ڕۆژەدا بە ملیۆنان دار و نەمام دەچێندرێت بە ئامانجی نوێبوونەوە و پاراستنی ژینگە و ژیان.
ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها پیرۆزبایی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان لە ژنان و مرۆڤایەتی دەکات و ئەمڕۆژە بە پیرۆز بەناو دەکات بۆ گەلی کورد، دەشڵێت: چواری نیسان لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالانە، بەو هۆیەوە داردەچێنین تا وڵاتەکەمان شین ببێت و تا ئەو دارانەی دەوڵەتی تورکیا کە دەیبڕنەوە و دەیسوتێنینن جارێکی دیکە ئێمە لە باشوری کوردستان دەڕوێنینەوە".
ئەمساڵ ٧٣ دار، بە واتای ٧٣ ساڵ تەمەنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان چێندرا، ئەو ئەندامەی ڕژاک سەبارەت بەو ڕێگریانەی لە شاری سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە کرا تا چالاکی نەمام چاندن بەڕێوەنەچێت وتی: "ڕۆژبوونی ڕێبەر ئۆجالان ڕۆژێکی گرنگ و مێژووییە بۆ گەلانی جیهان و گەلی کورد، بە تایبەتتر بۆ ژنان، بۆیە ڕێگری دەکەن لە چاندنی نەمامەکان.
"دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین دارەکان دەبڕێتەوە ئێمە سەوزی دەکەینەوە"
ژینۆ ڕەشید دەشڵێت دار چاندن لەپێناو سەوزکردن و پاراستنی ژینگەدایە، هەق وایە دەستخۆشی و کار ئاسانی بکرێت بۆمان چونکە خۆمان بەرپرسیار دەبینین، "ئێمە پێداگری دەکەین لە هەر شوێنێکی کوردستان بێت دار بچێنین بۆ لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان و لە کاتی دیکەشدا هەر هەوڵمان داوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێین ئێوە لە عەفرین دار زەیتون دەبڕنەوە ئێمە لە باشوری کوردستان دار زەیتونەکان دەچێنین تا خاکەکەمان بە سەوزی بمێنێتەوە".
ت.پ