بەهۆی ئاگرەوە سەدان دۆنم پوش و پاوان لە شارباژێڕی سلێمانی سووتان

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشکرای دەکات، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر سەدان دۆنم زەوی و پوش و پاوان و دارستان لە شارباژێڕ سووتان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، لە چیاكانی سنوری گوندی "بێورێ"ی سەر بە قەزای چوارتا ئاگرێك كەوتەوە كە بووە هۆی سووتانی نزیكەی ٣٠٠ دۆنم دارستان و پوش و پاوان.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بە هەوڵی مەفرەزەیەك لە كارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و بەرگری شارستانی قەزای چوارتا و دانیشتوانی ناوچەكە ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كرا.


ڕاشگەیەندراوە لە ڕۆژی ١ی حوزەیران لە سنوری گوندی "كانی سارد"ی شارەدێی سیتەك ئاگرێكی دیكە كەوتەوە، بە ماوەیەكی كەم مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی ئاگرەكە و بە هاوكاری ئاگر كوژێنەوەی سیتەك و هاوڵاتیان توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.


پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشكراشی كردووە، بەهۆی ئاگرەكەوە ٥  دۆنم پوش و پاوان باخێك سووتان، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، سێ هاوڵاتی دەستگیركران كە گومانیان لێ دەكرا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بن.