وۆرکشۆپی هۆشیاری ژینگەیی لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو
کۆلێژی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە بە هاوکاری ڕێکخراوی نوێ و کەمپینی هاوبەشی گرین سیتی هەڵەبجە بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەی خوێندکاران لە پاراستنی ژینگە وۆرکشۆپێک بەڕێوەچوو.
هەڵەبجە
دوێنێ لە ڕاگرایەتی کۆلێژی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە لە شاری هەڵەبجە، بە هاوکاری ڕێکخراوی نوێ و کەمپەینی هاوبەشی "گرین سیتی هەڵەبجە" وۆرک شۆپێکیان لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستیکییەکان و پاراستنی ژینگە بەڕێوەبرد.
شنیار یادگار، سەرپەرشتیاری پرۆژەی گرین سیتی هەڵەبجە، لە بارەی وۆرکشۆپەکەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا وۆرکشۆپەکە تایبەتە بە بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستیکییەکان و هۆشیارکردنەوەی ژینگەیی کە چۆن بتوانین هاوڵاتیان وریا بکەنەوە و دووبارە ماددە پلاستیکییەکان لە کارگەکاندا بەکاربێتەوە، "ئامانجی چالاکییەکەمان هۆشیارکردنەوەی خەڵک و نەوەی نوێیە لە زیان و چۆنیەتی بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستکیکییەکان".
سەبارەت بەوەی تا چەند توانیوویانە پەیامەکەیان بە خەڵک بگەیەنن و هاوڵاتیان تا چەند هاوکارییان دەکەن لە کۆکردنەوەی ماددە پلاستیکییەکان، شنیار یادگار وتی: بە خۆشحاڵییەوە مندالانی دەوروبەری کارگەکەمان و ئەو خویندنگانەی وۆرکشۆپمان تێدا ئەنجامداوە، زۆر هاوکارمانن لە هێنانی ماددە پلاستیکییەکان و دووبارە بەکارهێنانەوەیان.
جێی بەبیرهێنانەوەیە کە وەرشەی ڕیسایکلینی هەڵەبجە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددەی پلاستیکی لە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان کرایەوە و ئامانج لێی کۆکردنەوەی ماددە پلاستیکییەکانی شاری هەڵەبجە و دووبارە بەکارهێنانەوەیانە، لە شاری هەڵەبجەش لە ڕێی سیمینار و وۆرکشۆپەوە خوێندنگە و ناوەندە گشتییەکان و هاوڵاتیان هۆشیار دەکەنەوە بۆ کۆکردنەوەی ماددەی پلاستیکی و بردنی بۆ وەرشەی ڕیسایکلینەکە.