عێراق و سوریا و یەمەن کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

هۆشدارییەک سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دوورکەوتنەوەی وڵاتانی عەرەبی لە دارایی پەیوەست بە کەشوهەوا دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و خاچی سووری نەرویج، ١٨ی ئایار لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان دا لەوەی، ئەو وڵاتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ململانێکان دەبن، لەناو ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین زیانیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ داراییەکیان پەیوەست بە ڕووبەڕوو بوونەوەی دۆخەکە نەخستووەتە ڕوو.

 

لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکەدا کە تیشک دەخاتە سەر عێراق، سوریا و یەمەن، هەردوو ڕێکخراوەکە داوای هاوکاریی زیاتریان کرد و ڕایانگەیاند، کاریگەرییە یەکگرتووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێ چەکدارییەکان کێشە مرۆییەکان لەم ناوچەیەدا گەورەتر دەکەن، تا مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢، بنکەدراوەی سندوقەکانی کەشوهەوا کە زانیاری لە ٢٧ سندوق کۆدەکاتەوە، تەنها ١٩ پڕۆژەی لە عێراق و سوریا و یەمەن خستۆتە ڕوو کە پەسەندکرابوون بۆ دابینکردنی بودجە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە تا ئێستا بۆ ئەم پڕۆژانە لە سێ وڵاتەکەدا خەرج کراوە تەنها ٢٠.٦ ملیۆن دۆلارە، کە کەمترە لە ٪٠.٥ی ئەو پارەیەی کە بۆ پڕۆژەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهان خەرج کراوە.

 

لە ناوەڕاستی شەڕێکی ناوخۆدا کە ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە، یەمەن وەک یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێن دەکرێت کە زۆرترین کاریگەری کەشوهەوای لەسەرە، لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ڕایگەیاندووە: لە یەمەندا شتێکی نامۆ نییە خەڵک بۆ سەلامەتی لە ململانێکان ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، چونکە کشتوکاڵ ناتوانرێت بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاوەوە پەرەی پێبدرێت.

 

لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، عێراق کە تا ئێستا لە دەیان ساڵ لە ململانێیەکاندا هەڵدەستێتەوە، بە یەکێک لەو وڵاتانەی جیهان پۆلێن دەکات کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، سوریاش دوای زیاتر لە دە ساڵ شەڕ کە ژێرخانی ئەو وڵاتەی وێران کردووە، مەترسی زیاتری لەسەرە.