دیاری فەرەیدون: لە کۆنەوە تا ئێستا ژنان پێشەنگن لە پاراستنی ژینگەدا

دیاری فەرەیدوون، چالاکوانی مافەکانی ژنان و منداڵان، دەڵێت: لە کۆنەوە تا ئێستا ژنان پێشەنگن لە پاراستنی ژینگەدا و بەردەوام هەوڵی پاکڕاگرتنی دەدەن، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ژن و ژینگە پەیوەندییەکی لێکدانەبڕاون.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی- سروشت و ژن له ‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا په‌یوەندییه‌كی به‌هێزییان هه‌بووه‌،  ژن لە هەندێک کولتووردا وەک ئاماژەی ڕەوشتی سروشت دیاریكراوه و زۆرجار به ‌زه‌وی گوتراوه‌''دایك''، هەروەها ژن پەیوەندییەکی نزیکی بە ژینگەوە هەیە، بەوپێیەی ڕاستەوخۆ کاریگەری تێکچوونی ژینگەی لەسەرە، ڕێکخراوی ''فاو'' له‌ ڕاپۆرتێکیدا سەبارەت بە کاریگەرییە کشتوکاڵییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاماژە بەوە کردووە، کە ژنان زیاتر کاریگەریی گۆڕانی كه‌شوهه‌وایان لەسەره‌، هەروەها خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا دەریخستووە، کە ٨٠ ٪ی ئەوانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ئاوارە بوون ژن بوون.

 

بەشداری ژنان  له‌ پاراستنی ژینگه‌دا، ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی سروشت و سەرچاوەکانی، هەروەها ژینگەیەکی پاک و سەلامەت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیان و تەندروستی ژنان هەیە، هه‌ربۆیه‌ چه‌ندین ژن هه‌ن کە چالاکوانی ژینگەن و هەڵوێستیان هەیە و زۆر کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و باشترکردنی بارودۆخی سەختی ژینگە.

 

''لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا بە تێپەڕبوونی کات دەسەڵات لە ژنان سەندراوەتەوە''

دیاری فەرەیدوون، چالاکوانی مافەکانی ژنان و منداڵان، وتی: لە مێژووەوە تا ئێستا ژنان بەڕێوەبەری ژیان بوون  و دەسەڵاتیان هەبووە، هەروەها هەموو هەوڵێکی ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بووە، وەکو ئەو کاتەی کە ژیانیان لە ناو ئەشکەوتەکاندا بووە و بەردەوام جەنگاون و ڕووبەڕووی دڕندەکانی دەرەوە بوونەتەوە و خواردنیان پەیدا کردووە و لە هەمان کاتیشدا گرنگیان بە ژینگەداوە، هەرچەندە ژینگەی ئەو سەردەمە وەک ئێستا نەبووە،  ئەوکات گرنگیان بە ڕووەک و دانەوێڵە داوە کە لە ڕێگەی چاندنەوە دەست دەکەوتن، هەروەها لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا بە تێپەڕبوونی کات دەسەڵات لە ژنان سەندراوەتەوە، ئەویش بە هۆی دەسەڵاتی پیاوانەوە، بەڵام بە ئێستاشەوە دەبینین ژنان هەر پێشەنگن لە پاراستنی ژینگەدا، بۆ نموونە کە دەرگای ماڵی ئەو ژنانە دەکەیتەوە کە گرنگی بە ژینگە و گوڵ دەدەن کۆمەڵێک ئینجانە و ڕووەکی جوان دەبینیت، کە ئەوانەش بە هەوڵ و هیلاکی ژنانن، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگە هەیە.

 

''ژنانی ئێمە بەردەوامن لە هەوڵدان و پشکی شێریان بەرکەوتووە لە هەموو بوارەکاندا''

وتیشی: لە ئێستادا بەردەوام هەڵمەتی ژینگە پارێزی و هەڵمەتی چاندنی نەمام دەکرێت، بە نموونە هەڵمەتی زاگرۆسانە ئەنجامدرا، کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیان بینی تێیدا، هەروەها من هەمیشە وتوومە ژنان ئەگەر بەربەستەکانیان لەسەر کەمبکرێتەوە لە خێزانەوە تا گەورەترین شوێن کە دەسەڵاتە، ئەوا باشترین کار ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی ئێمە بەردەوامن لە هەوڵدان و پشکی شێریان بەرکەوتووە لە هەموو بوارەکاندا، ئەگەر ئێمە سەیری بکەین دەبینین کە هەمیشە ژنان لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا پێشەنگن بۆ ئاشتەوای نەک بۆ توندووتیژی، هەربۆیە بە ژنان دەڵیم ئەگەرهیچ شتێکیشتان نەکرد ئەوا لە ماڵ و حەوشەکەی خۆتاندا نە مامێک بچێنن، ئەگەر حەوشەش نەبوو لە ئینجانەدا بیچێنین، بۆئەوەی هەر کەسێک لە لایەن خۆیەوە ژینگە پارێزی خۆی بکات.

 

''بۆ ئەوەی ژینگەمان پاکبێت پێویستە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانەوە دەستپێبکەین''

ئاماژەی بەوەشدا، ژنان بەردەوام پیشەنگ بوون لە پاراستنی ژینگە، هەروەکو چۆن هەندێک لە ژنان هەڵساون بە کردنەوە و بەڕێوەبردنی چەندین شەتڵگە کە جێگەی دەست خۆشی و  پێزانینە، هەروەها کۆمەڵێک دوکانی گوڵفرۆشتنمان هەیە و ژنان بە هەست و سۆزە و ئەو کارە دەکەن، چونکە هەر کارێک هەست و سۆزت بۆی نەبێت، ئەوا هیچ کاتێک سەرکەوتوو نابێت، بۆنموونە، ئەو ژنەی شەتڵگە دەکاتەوە ناخی پڕە لە ژینگە پارێزی، هەروەها بۆ ئەوەی ژینگەمان پاکبێت پێویستە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانەوە دەستپێبکەین، پەروەردەی منداڵیش لە ناو ماڵەکەی خۆیدایە و دایک و باوک ڕۆڵی سەرەکیان لە پەروەردەکردنیدا هەیە کە فێریان بکەن چۆن ژینگە بپارێزن، بۆنموونە، برازا و کەسی نزیکی خۆم هەر لە منداڵیەوە کە دەبنە ساڵێک و سەر پێ دەکەون، کە شتێکمان داونەتە دەستیان فێرمان کردوون کە پاشماوەکەی بکەنە جێگەی تایبەتی فڕێدان، هەربۆیە دەچن لەو شوێنەدا فڕێیدەدەن، هەربۆیە کاتێک من ئەمانەم فێرکردوون و دواتریش کە دەچنە خوێندنگە، کە دایکی دووەمیانە بە هەمان شێوە پەروەردەیان دەکەنەوە لە سەر پاکڕاگرتنی ژینگە، بەڵام ئەگەرهاتوو من منداڵەکە فێرنەکەم لەو تەمەنەوە کە پاشەرۆکانی فڕێ بداتە جێگەی خۆی، ئەوا فێرنابێت و نابێت بشڵێین کە منداڵەکە نازانێت، چونکە منداڵ لە یەک ساڵیەوە کە کەوتە سەرپێ و ڕۆشت هەموو شت هەست پێدەکات و تێدەگات، هەروەها تا تەمەنی شەش ساڵی هەموو شتەکان هەڵدەگرێت و فێر دەبێت، هەربۆیە کاتێک من لە ماڵەکەی خۆمدا مناڵەکەم فێرکرد پاک و خاوێن بێت، ئەوا  بۆ ژینگەی دەریشەوە بە هەمان شێوە دەبێت و ژینگە پاک ڕادەگرێت، ئەگەر مامۆستاکەشی کەمتەرخەمی کرد کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەری، بێگومان هەمیشە مامۆستاکانمان زۆر خەمخۆری ژینگەبوونە و ژینگە دۆستبوون، هەورەها لەسەربابەتی پەروەردەکردنی منداڵ بۆ فێربوونی ژینگە پارێزی، نموونەیەک باس دەکەم لەسەر برازاکەم، کە دوو ساڵان بوو لەگەڵ خۆمدا بردمە دەرەوە و سواری پاس بووین و لە پاسەکەدا نوقڵێکم داپێی و خواردی، بەڵام کاتێک لە پاسەکە هاتینە خوارەوە بینیم دەستی توند گرتبوو، هەربۆیە پێمووت چییە؟، وتی ئاخ شتی تێدایە و دەبێت فڕێی بدەم، هەربۆیە منیش پێم ووت ئەی ئافەرین و دواتریش بردمە شوێنی فڕێدانی پاشەڕۆکە و فڕێیدا، هەربۆیە دەبیت پەروەردەی منداڵ لە خێزاندا بەم شێوەیەبێت ، لە پێناو پاراستنی ژینگەدا.

 

''تینوێتی من بەوە نامێنێت کە لەگەڵ ڕێخکراو و هەڵمەتەکانی ژینگە پارێزاندا کاربکەم و هاوکاریان بکەم''

لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: لە ئێستادا زۆربەی خێزانەکان ڕۆشنبیرن و تێگەشتوون، هەروەها دایکانیش هۆشیارتر و بوێرترن، منداڵەکانینا لە سەر بنەمای پاک و خاوێنی ژینگە پەروەردە دەکەن، من وەکو خۆم هەموو کات ئامادەم لە هەر هەڵمەتێکی ژینگە پارێزیدا بەشداری بکەم، هەرچەندە لە سنوری ماڵەکەی خۆمدا بەردەوامم لەم کارە، بەڵام ئەوە تینوێتی من ناشکێنێت، هەربۆیە تینوێتی من بەوە نامێنێت کە لەگەڵ ڕێخکراو و هەڵمەتەکانی ژینگە پارێزاندا کاربکەم و هاوکاریان بکەم.