دۆڵی گۆدرنێ له ئامەد لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندایە

دۆڵی گۆدرنێ، شوێنی ژیانی چەندین ڕووەکی تایبەت بە ناوچەکە و خاوەنی چەندین ئاسەواری مێژووییە، بەهۆی پڕۆژەی بەنداوی سیلڤانەوە لەژێر هەڕەشەدایە، کاتێک دروستکردنی بەنداوی سیلڤان تەواو دەبێت دۆڵەکە و ئاسەوارە مێژووییەکەی ژێر ئاو دەکەون.

 

مەدینە مامد ئۆغلو

ئامەد- دۆڵی تاشکوپرو و گەلیی گۆدەرنێی مێژوویی کە لە سەردەمەکانی چاخی بەردینەوە ماوەتەوە، لەگەڵ هاتنی بەهاردا دیمەنێکی ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوەی هەیە، دەکەوێتە سنووری ناوچەکانی سیلڤان، کولپ و لێیس-ی سەر بە پارێزگای ئامەد، دۆڵەکە لە وەرزی بەهار و هاویندا میوانداری هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی دەکات، دۆڵەکە بە ئاوە ساردەکەی بەناوبانگە و بە دیمەنی جوانی لە هاویندا ناسراوە، لە ئێستادا بەهۆی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی سیلڤان لەژێر هەڕەشەدایە.

 

"دۆڵەکە ژێر ئاو دەکەوێت"

دۆڵەکە بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەی بەنداوی سیلڤان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ژێر ئاو دەکەوێت کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی بە دروستکردنی کراوە، ٪٧٠ ی دروستکردنی بەنداوەکە پێشتر تەواو بووە و وا پلانی بۆ دانراوە کە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دۆڵەکە ژێر ئاو بکەوێت، کاتێک بەنداوەکە تەواو دەبێت بینا مێژوویەکان و هەزاران هێکتار زەوی کشتوکاڵی و چەندین گوندیش ژێراوژێر دەبن، بەنداوەکە وەک بەشێک لە پرۆژەی ئاناتۆلیای باشووری رۆژهەڵاتی (GAP) بە هۆکاری "ئاسایش" دروستکراوە، ئامانجیش لێی تێکدان و شێواندنی ناوچە کوردییەکان و شوێنەوارەکانی ناوچەکەیە.

 

"مێژوو و شوێنەوارەکان لە ناو دەچن"

لە دۆڵەکەدا چەندین ڕووەکی ڕەسەنی تایبەت بە ناوچەکە لەگەڵ چەندین جۆر ئاژەڵ بوونیان هەیە، مێژووی تاشکوپرو لە ناو دۆڵەکەدایە، هەروەها چەندین ئەشکەوتی مێژوویی و ڕێگای ئاوی و کەنیسەی ئەشکەوتی لە ناو دۆڵەکەدا هەیە، گوندنشینان دۆڵەکە وەک سەرچاوەی بژێوی ژیانیان بەکاردەهێنن، کاتێک دروستکردنی بەنداوەکە تەواو دەبێت، گۆڕی بەردین لە هەرێمەکانی هێڤیکا و کانیکا و کێلێ، شوێنەواری قەڵا و کۆشکەکانی لە مەروندییەکان دەڕوخێت و ئەشکەوتەکانی سەردەمی چاخی بەردین ژێر ئاو دەکەوێت.

 

"ژمارەی بەنداوەکان لە زیادبووندان"

ڕێژەی دروستکردنی پڕۆژەکانی بەنداو لە هەرێمەکەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت بە هۆکاری "ئەمنی"، پلانی دروستکردنی ٥ بەنداو لە ناوچەی هەکاری دانراوە و لە شرناخیش حەوت بەنداو پلان بۆ دروستکردنی دانراوە، بەنداوی ئیلیسوش بۆ هەمان هۆکار دروست کرا.

 

ت.پ