بە بیابانبوونی ناوچەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، چەندین ساڵ وشکەساڵی بەدوادێت
گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی نەبوونی سیستمێکی باش بۆ بەڕێوەبردنی ئاو وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی و کوالێتی خراپی بەنزین و ئۆتۆمبێل و دوکەڵی کارگەکان زیانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
شنیار بایز
سلێمانی- ڕاگەیاندنی وشکەساڵی بۆ ئەمساڵی هەرێمی کوردستان و شەپۆلەکانی خۆڵبارین زیانی بە ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان گرتووە و لایەنی تەندروستی هاوڵاتیش ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە، نەبوونی سەرچاوەی ئاوی و کەم بارانیش کشتوکاڵی ئاستەنگ کردووە، ئەو دۆخەی هەرێم تێکەوتووە جگە لە لایەنی سروشتی، لایەنی دەستکردیش کاری تێکردووە، بەڵام حکومەت و دەسەڵات تا ئێستا سیستمێکی دروستیان دانەڕشتووە بۆ ئەوەی چیتر وشەکهساڵی دووبارە نەبێتە و ساڵانە ئاوی پێویست دابینبکرێت.
"بۆ دروستبوونی خۆڵبارینێکی توند هۆکاری سروشتی و دەستکردیش هەن"
شاگوڵ ئەبوبەکر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی زەوی، ماستەر لە بواری ژینگەیی، دەربارەی شەپۆلەکانی خۆڵبارین ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی سروشتی و دەستکرد کاری تێدەکات، "هۆکارە سروشتییەکان کەمتر دەبێتە هۆی خۆڵبارین و زیان گەیاندن بە ژینگە، سەرەکیترین هۆکاری سروشتی بوونی بیابانە لە نزیک ئەو ناوچانەی خۆڵبارینەکە تیایدا ڕوودەدات، یاخود بە بیابانبوونی ئەو ناوچانەی پێشووتر بیابان نەبوون ڕێژەی خۆڵبارینەکە زیاد دەکات کە ئەمەش هۆکارەکەی دەستکردە، دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی مرۆڤ و بەکارهێنانی زەوی بە شێوازێکی خراپ، تێکدانی ڕووکەشی زەوی".
"بوونی خۆڵبارین واتە بوونی بە بیابانبوون"
بە درێژایی ٢٠ ساڵی ڕابردوو زەوی گۆڕانێکی کەشوهەوای وای بەسەردا هاتووە کە دیاردەی بە بیابانبوونی لە زۆر ناوچەدا دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ دروستبوونی خۆڵبارین، یەکێک لە سەرەکیترین گۆڕانەکانی کەشوهەواش بریتییە لە وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمی بارانبارین، خراپ دەرهێنان و بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان، نەمانی شێداری خاک، نەبوونی ماددەی ئۆرگانی لە خاکدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەمەچەشنی زیندەوەران، نەبوونی وردە زیندەوەر لە خاکدا توانای هەڵمژینی کاربۆنی هەوا کەم دەکاتەوە و خۆراک و سەوزایی بە خاک نادات و وشکەساڵی دروستدەبێت و بە بەبیابانبوونی زەوی لێدەکەوێتەوە و کۆچکردن دروستدەبێت و هەمەچەشنەی زیندەوەران کەم دەکات و جوگرافیای ناوچەکەش دەگۆڕدرێت.
شاگوڵ ئەبوبەکر ڕونیکردەوە کە وشکەساڵی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خۆڵبارینەوە هەیە، کاتێک چڕی باران بارین کەم دەبێتەوە یاخود باران بارینەکە بە شێوەیەکی یەکسان دابەش نابێت بەسەر وەرزەکاندا، وشکەساڵی دروستدەبێت، کەواتە سەرەتای دەستپێکردنی وشکەساڵی لە بیابانبوونی ناوچەکان و خۆڵبارین و نەبوونی ڕێژەی بارانی پێویست دەستپێدەکات.
چۆن ڕێگری لە خۆڵبارین بکەین؟
ئەو چالاکوانی ژینگەیە ئاماژەی بەوەدا دەبێت هۆکارەکانی تێکچوونی کەشوهەوا بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت، کەمکردنەوەکەی چالاکییەکانی مرۆڤ هۆکارە بۆ باشترکردنی دۆخەکە، چونکە لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی داهاتوودا ئەگەر هەوڵی جدی نەدرێت، خاکێک نابێت خۆراکمان لێی دەستبکەوێت و تەندورست بێت، "بەپێی ئامارەکانی UNCCD وWHO وFAW تا ساڵی ٢٠٥٠ و ٢٠٦٠ خاکێک نامێنێت مرۆڤ بتوانێت سودی لێوەربگرێت، بەڵکو دەبێتە لم و سروشت پێویستی بە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ساڵی دیکە هەیە بۆ باشبوونی ئەو دۆخەی".
لە کۆتایدا باسی لە کەمپەینێکی جیهانی کرد بۆ باشترکردنی دۆخی زەوی، ڕوونیکردەوە کە لە ٢١ی ئادارەوە دەستی پێکردووە و ماوەی ١٠٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کەمپەینەکە لە دەرەنجامی ئەو گۆڕانی کەشوهەوایەوە دروستبووە کە ئێستا بوونی هەیە و کاریگەری خراپی دروستکردووە، یەکێک لەوانە بە بیابانبوونی زەوییە.
"کێشەی وشکەساڵ ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات"
ڕۆشن مەحمود ڕەسوڵ، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، دەربارەی بوونی وشکەساڵی ئاماژەی بەوەدا کە توێژینەوەکان سەلماندوویانە ئەم کێشانە تەنها کێشەی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو جیهان پێوەی دەناڵێنێت و ساڵ بۆ ساڵ وشکەساڵی زیاد دەکات، "نەبوونی باران هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی وشکەساڵی، بەڵام جگە لەوە چەندەها هۆکاری دەستکرد هەن بۆ دروستبوونی وشکەساڵی، دیارتر لە هەموویان نەبوونی ڕووبەری سەوزای و چالاکی مرۆڤە کە بە شێوازێکی نا دروستانە سەرچاوە سروشتییەکان بەکاردەهێنێت، چونکە کاتێک سەوزایی زیاد دەبێت ئۆکسجینی زیاتر دەدرێتەوە بە ژینگە، هەروەها دەوڵەتانی دراوسێ هەمیشە لە دروستکردنی بەنداودان لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو بڕە ئاوەی دێتە ناو هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ئاو."
"بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی دواکەتووە"
سەرەڕای بوونی کەمی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان خراپی سیستمی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی ئاو وای کردووە وشکەساڵی دروست ببێت، تا ئێستا نەتوانراوە لەو بڕە ئاوەی کە هەن لە هەرێمی کوردستان سیستمێک ڕێکبخرێت بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتییەکانی ئاو، ئەو مامۆستایە وتی: نەبوونی بەنداو وای کردووە ئاوی باران بەفیڕۆ بڕوات و سود لە ئاوی باراناوی وەرنەگیرێت، بەڵام کاتێک بەنداو و سیستمێک هەبێت بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران ئەوا کێشەکانی ئاو و مەترسی وشکەساڵی کەمدەبێتەوە.
"دەتوانین ڕیسایکلینی ئاو بکەین بۆ کێشەی کەمی ئاو"
یەکێک لەو ڕێگایانەی دەتواندرێت کێشەی ئاوی پێ چارەسەر بکرێت ڕیسایکلینی ئاوە، ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد دەتواندرێت ئاوی پاشماوە و زێرابەکان سەرلەنوێ ڕیسایکل بکرێتەوە و بەکاربهێندرێتەوە، بەڵام پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە و پێویستی بە سیستمی تایبەتە کە لە وڵاتەکانی دیکە ئەو ئاوەی بەکاردەهێندرێت بۆ شتنی ماڵ و ئۆتۆمبێل جگە خواردن ئاوی ڕیسایکل کراوە.
"ئەگەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەڵنەستن بە چاککردنی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ ئەوا وشکەساڵی لە ساڵانی داهاتوو زیاتر و زیاتر دەبێت، زەرەرمەندی سەرەکیش کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە و دواتر بەرهەمی خۆماڵیش کەمدەبێتەوە، کاردەکاتە سەر کوالێتی بەرهەمی خۆماڵیش، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ زیاتر هاوردەکردنی شتومەک و گرانبوونی نرخ."