ژینگەپارێزێک: هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە نییە
ڕۆژی ژینگەی کوردستان، ڕۆژێکە بۆ زیادبوونی چالاکییە ژینگەییەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژینگە، ژینگەپارێزێکیش دەڵێت: هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ژینگەی هەڵەبجە نییە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- ١٦ی نیسان، ڕۆژی ژینگەی کوردستانە، هەموو ساڵێک لەلایەن ژینگەپارێزانەوە بەرز ڕادەگیرێت و هەوڵدەدرێت لەو ڕۆژەدا زۆرترین چالاکی ژینگەیی ساز بکرێت، سارا سەلام، لێپرسراوی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوی بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، باس لە ژینگەی هەڵەبجە دەکات کە دوای کیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ زیانی گەورەی بەرکەوتووە بەڵام تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ژینگە و ئاو و خاکی هەڵەبجە نییە.
ئەگەر ژینگە بکەوێتە مەترسی واتە ژیان لە مەترسیدایە
سارا سەلام، ئاماژەی بەوەدا ژینگە لە ژیانەوە هاتووە، بۆیە پاراستنی ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە، وتیشی: هەرکات ژینگە نەپارێزرێت، ژیانمان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئێستا خەڵک هۆشیارترە هەوڵی پاراستنی ژینگە دەدات، ئەگەر بەناو کۆڵان و شەقامەکاندا تێپەڕ بکەین دەبینیت خەڵک پارێزگاری و پاکوخاوێنی ڕادەگرێت، وەکو ڕێکخراوی نوێ هەوڵمان داوە زیاتر هاوڵاتیان هۆشیار بکەینەوە لەسەر پارێزگاریکردن لە ژینگە.
شاری هەڵەبجە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨دا ژینگەکەی بە چەکی کیمیایی پیسکرا و زیانی گەورە بەر سروشت کەوت، ٥٠٠٠ کەس بەهۆی ماددەی کیمیاییەوە ژیانیان لەدەستدا، ئەو ژینگەپارێزە باس لەوەدەکات کە تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی زانستی لەسەر ژینگە و خاکی هەڵەبجە نییە، تا بزانرێت ژینگەکەی خاوێن بووەتەوە یان کاریگەری چەکی کیمیایی لەسەر ماوە، "دوای ساڵی ١٩٨٨ ڕووبەرێکی زۆری خاک و ئاو پیس بوو، بەڵام بە خۆشەویستی هاوڵاتیان بۆ شارەکە و دڵسۆزی ژینگەپارێزان، هەڵەبجە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەردەوامە لە سەوز بوون".
١٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعسی عێراق ناوچەی بالیسان و شێخ وەسانانی سەر بە پارێزگای هەولیری کیمیاباران کرد و ژینگەی کوردستانی تێکدا، بەوهۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە بریارێک ئەو ڕۆژەی کرد بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان.