چالاکوانێکی تونسی: خەبات بۆ دادپەروەری کەشوهەوا دەکەین

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا کە ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە، کۆمەڵەی ملیۆن ژنی گوندنشین بە ڕێکخستنی دەستپێشخەریی چالاکانە کار دەکات بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەو کۆمەڵگە گوندنشینانەی کە پەراوێزخراون و کاریگەری نەرێنی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.

نەزیهە بوسعیدی

 

تونس- دادپەروەری کەشوهەوا بریتییە لە چارەسەرکردنی بارگرانی نایەکسانی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەژار و پەراوێزخراوەکان و بەدوای دابەشکردنی دادپەروەرانەتر لە کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی و جیهانی، لەڕێگەی دەستپێشخەرییە پێشوەختە و کاردانەوەکانەوە کە پشت بە پرەنسیپی مافەکانی مرۆڤ دەبەستێت، کۆمەڵگە گوندنشینەکان لە هەموو کۆمەڵگەکان بە پەراوێزخراوترین کۆمەڵگە دادەنرێت و زۆرترین کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان لەسەرە و پێویستییان بە هاوکاری کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.

 

لەیلا جەندوبی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ئەندامی کۆمەڵەی ملیۆنی ژنانی گوندنشین، دووپاتیکردەوە کە هێشتا لە خەباتدان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کەشوهەوا و پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ژنانی کرێکار، کە لە ڕیزی ئەو گروپانە دادەنرێت زۆرترین کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانەیان لەسەرە.

 

وتیشی: شانبەشانی جووتیارانی بچووک و ژنانی گوندنشین تێکۆشان ده کەین بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بەتایبەت لە تونس کە بە یەکێک لەو وڵاتانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە، ئاماژە بەوە دەکەن، گەورەترین زیان لەم گۆڕانکاریانەدا لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەکەوێتە سەر ژنانی کرێکار.

 

دووپاتی کردەوە، لە کۆمەڵەکەدا چەندین کاریان بۆ ئەمە کردووە، بەتایبەتی لە شاری ڕادێس لە گەڕەکی باشووری پایتەخت، کە دەسەڵاتداران کاریان کردووە بۆ لابردنی دارستانەکە، بە مەبەستی کردنەوەی ڕێگایەک کە سوودی بۆ یەکێک لەو وەبەرهێنەرانە دەگەیەنێت کە ژینگەی بازرگانییان لە ناوچەکەدا دروستکردووە، بەڵام توانیویانە پڕۆژەکە پووچەڵ بکەنەوە و دارستانەکە بپارێزن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ کۆمەڵەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتداران دەیانویست دارەکان لە ڕەگەوە هەڵبکەنن، وتی: کارمان کرد بۆ قەرەبووکردنەوەیان چونکە ئەوان دەرچەیەکن بۆ ژیانی خەڵک، ئێمە نزیکەی چوار هەزار دارمان دابەشکرد وەک بەشێک لە بەدەستهێنانی دادپەروەری کەشوهەوا.

 

"هەموو ئاوە پیسەکان دەڕژێنە ناو دەریاکانەوە"

ڕوونیشی کردەوە، وەزارەتەکانی کەرەستە و ژینگە و شارەوانی بەڵێنیان پێداون پارکێکی شارستانی ئامادەبکەن بۆ بەرژەوەندی ناوچەکە، وتی: گرنگترین کێشە کە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ڕووبەڕوومان بووەتەوە کێشەی دەریایە، ڕووبەڕووی کێشەی ئاوەڕۆیی توند بووینەتەوە هەموو ئاوە پیسەکان دەڕژێنە ناو دەریاکانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر ئیدانەمان کرد تا وەزارەتی تەندروستی لەساڵی ٢٠١٤ دا سەیرانگاکانی پاککردەوە.

 

"خەبات دەکەین بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کەشوهەوا"

لە کۆتایی قسەکانیدا، لەیلا جەندوبی وتی: ئێمە هێشتا خەبات دەکەین بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری کەشوهەوا و لە گەڕەکی باشوور کار دەکەین، کە کێشەی زۆری تێدایە، بۆیە لەگەڵ دەریاوانە گەنجەکان کاردەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنین لە دەریادا یان ئەوانەی کە ڕێگری لە ژیانی ڕۆژانەیان دەکەن.