"بەشێكی دامەزراوەكانی حكومەت هۆكاری پیسبوونی ڕووبارەكانی دیجلەو فوراتن"

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئاشکرایدەکات، بەشێكی دامەزراوەكانی حكومەت و کەرتی تایبەت هۆكاری پیسبوونی ڕووبارەكانی دیجلەو فوراتن.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی كردووەتە سەر كەمبونەوەی ئاو لەعێراق لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نەبونی پلان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەو شەڕانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە هۆكارن بۆ پیسبوونی ڕووبارەكانی دیجلەو فورات.


وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، جێی سەرسوڕمانە بەشێكی دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت هۆكاری پیسكردنی ڕووبارەكانی عێراقن، بەڕێوەبەرایەتییەكان بەشێكی زۆری ئاوەڕۆكانیان دەڕژێننە ناو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێك لە نەخۆشخانەكان كە نزیكن لە ڕووبارەكانەوە پاشەڕۆكانیان دەخەنە ناو ڕووبارەكانەوەو ئاوەڕۆكانیشیان دەڕژێتە ناویەوە ئەمەش كارەساتێكی مەترسیداری بۆ عیراقییەكان لێ چاوەڕوان دەكرێت.


باسی لەوەشكردوە، دامەزراوە پیشەسازییەكانیش هۆكارێكن بۆ پیسبوونی ئاو بەتایبەت ئەو كارگانەی پترۆكیمیاوین لەگەڵ وێستگەكانی بەهەمهێنانی وزەی كارەباو ئەوانەی لە بواری كشتوكاڵیدا كاردەكەن، هەمو ئەوانەو ئەو ژەهرانەی پەیوەندیان بە پەیینە كیمیاوییەكانەوە هەیە دەخەنە ناو ڕووبارەكانەوە.


لەبارەی چارەسەریشەوە ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ڕووبەڕوبونەوەو لەناوبردنی ئەو مەترسیانە حكومەتی ناوەندی ڕێنمایی دەركردوە كە هیچ مۆڵەتێك نەدرێتە پڕۆژەكان تاوەكو چارەسەری كێشەی ئاو و ئاوەڕۆكانی نەكات.