"بە هاوکاری کۆمەڵایەتی ژیانێکی تەندروست و دوور لە نەخۆشی مسۆگەر دەکەین"
بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کولتووری هاوکاری کۆمەڵایەتی لەناو دانیشتوان، ئەنجومەنی شارۆچکەی حەسەکە بە هاوکاری شارەوانی گەلی شارەکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەڵمەتێکی پاککردنەوەی شاریان دەستپێکرد.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- بە دروشمی "با کۆڵانەکانمان پاک بکەینەوە و شارەکەمان بکەینە نموونە"، ئەنجومەنی شارۆچکەی حەسەکە بە هاوکاری شارەوانی گەلی شارەکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی پاکوخاوێنی دەستپێکرد، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا گەڕەکی عەسکەری لە ناوەندی شاری حەسەکە پاککرایەوە. ئەم هەڵمەتە هەفتەی ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە گەڕەکێک پاک دەکرێتەوە.
"پاک و خاوێنی بەشێکی سەرەکییە لە بواری پاراستن"
سەبارەت بە تەوەرەکە، ڕۆژین عەلی، ئەندامی دەستەی پاراستن لە ئەنجومەنی شارۆچکەی حەسەکە، جەختی لەوە کردەوە کە پاکوخاوێنی بەشێکی بنەڕەتی پاراستنەو وتی: ئەم هەڵمەتە بە ئامانجی پاککردنەوەی شەقامەکانی شارەکەمان و بڵاوکردنەوەی کولتووری پاکوخاوێنی و هەروەها کلتوری هاوکاری کۆمەڵایەتی لەنێو دانیشتواندا دەستیپێکرد. لەلایەک خەریکی پاککردنەوەین، لەلایەکی دیکەشەوە زانیاری بەسەر خەڵک و خاوەن دوکانەکاندا دابەش دەکەین، دەمانەوێت کۆمەڵگە و ژینگەیەکی تەندروست و دوور لە نەخۆشی دروست بکەین و بەم دەستپێشخەرییانە دەتوانین بە ئامانجەکەمان بگەین، ڕاستییەکە ئەوەیە شارەوانی چەندە هەوڵ بدات و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، ئێمە هەستمان بە پێویستی هاوکاری کردنیان و دەستپێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە کرد، پاک و خاوێنی بەشێکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە پاراستن، بەو پێیەی ئێمە ژینگەکەمان دەپارێزین و تەندروستی خۆمان دەپارێزین و وێنەیەکی جوانی شارەکەمان دەخەینەڕوو.
"با پێکەوە وێنەیەکی جوان بە شارەکەمان بدەین"
خەزنا عەبود، ئەندامی دەستەی کولتوورو هونەری ئەنجومەنی شارۆچکەی حەسەکە ڕایگەیاند، پاکوخاوێنی کولتوورە و دەبێت لەڕێگەی پاکوخاوێنییەوە کولتوور و شارستانی خۆمان بپارێزین و لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: پاکوخاوێنی کولتوورو شارستانییە. ئێمە کولتوور و شارستانیەتی ئەو کۆمەڵگایە دەزانین چونکە پاکوخاوێنی کێشەیەکە لە هۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی، بۆیە دەمانەوێت هەمووان بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن و پێکەوە وێنەیەکی جوان بە شەقام و شارەکەمان بدەین.
"کولتووری هاوکاری کۆمەڵایەتی کولتوورێکی گرنگە"
ڕۆڤەند عەبدۆ، هاوسەرۆکی ناوەندی ژینگەی شاری حەسەکە ڕایگەیاند، پاکوخاوێنی پارێزگاری لە ژیان و سروشتی مرۆڤ دەکات و وتی: پاکوخاوێنی ئەرکێکە کە لە کۆمۆنەکانەوە تا ئەنجومەنەکان و هەموو تاکێک لە کۆمەڵگەدا خوازراوە، بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست و دوور لە نەخۆشیەکان بونیاد بنێن، پێویستە پەرە بە کولتووری پاکوخاوێنی و هاوکاری کۆمەڵایەتی هەم بۆ مرۆڤەکان و هەم بۆ سروشت پەرەپێبدەین، داوا لە دانیشتووانیش دەکەین بەشداری کەمپینەکە بکەن بۆ هەفتەی داهاتوو، تا بتوانین ژیانێکی تەندروست و پاک بونیاد بنێین.
هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەردەوام دەبێت، هەفتانە گەڕەکێکی شارەکە پاکدەکرێتەوە.