ژنێکی تەنها لە ئازارەکانی کۆڕەوی ١٩٩١دا

ڕێزان عەبدوڵا، ژنێکی ٥٠ ساڵە، باسی بەهێزی خۆی و ڕۆژە سەختەکانی ئاوارەیی لەگەڵ دوو منداڵدا دەکات دوور لە خێزانەکەی.

تەرزە تەها

 

سلێمانی- ڕێزان عەبدوڵای ٥٠ ساڵ، کە لە کاتی کۆڕەوی باشوری کوردستاندا تەمەنی نزیکەی ٢٥ ساڵێک دەبێت، لە زاری خۆیەوە باس لە ڕۆژانی کۆڕەو و ئاوارەبوونی دەکات، باس لەو ڕۆژانە دەکات کە بە تەنها لەگەڵ دوو منداڵدا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبن، بێ جێگە و بێ لانە، بەم شێوەیە دەست دەکات بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی:

 

لەگەڵ دوو برام و دوو خوشک و دوو برازای تەمەن سێ بۆ چوار ساڵ بووم لە کاتی ڕاکردنماندا، لە شارۆچکەی باینجان (بەردەقارەمان) بەرەو پێنجوێن دەڕۆشتین، باران بەخوڕ بەسەرماندا دەباری، یەکپارچە جلوبەرگەکەمان تەڕبوو، ئاو بە گیانماندا دەچۆڕایەوە، منداڵەکان لە سەرمادا هەڵدەلەرزین و دەگریان.

 

لە نزیکی چوارتا تۆپێک لە نزیکمانەوە هاوێژرا، بەهۆی شڵەژاوی ڕێگاکە بوو بە هۆسە لە خێزانەکەم وونبووین، بارانیش بەسەرماندا دەباری، لەو کاتەدا من و دوو برازاکەم لە خێزانەکەم دابڕاین، ڕۆژێکی کەس بە کەس بوو، هەمووی دوو کەس دوو کەس بوو، تەرا ببووین لە خێزانەکانمان، هەر لە چوارتا ئەو چارۆکەی نانەی پێم بوو لێم برا، دواتر بوو بە هاتوهاوار، وتیان موجاهیدین هاتووە و دەتانکوژێت، پاسێک هات و ئێمەی برد تا گوندێکی نزیک پێنجوێن، منداڵەکانیش بەردەوام لە باوەشمدا دەگریان.

 

لە پێنجوێنەوە سەر پاسەکانی پاسدارانی ئێران کەوتم، بردیانین بۆ شاری بانە، لەوێ شەوێک لە مزگەوتێکدا ماینەوە، هەندێک نانی بێ خوێ و بەتانییان پێداین، هەموومان لە سەرمادا هەڵدەلەرزین منداڵەکان تەواو نەخۆش کەوتن، دوای ئەو شەوە بردیانین بۆ سەقز لە هۆڵێکدا نزیکی هەفتەیەک ماینەوە، منداڵەکانی براکەم و خۆم نەخۆش کەوتین.

 

ڕۆژەکان زۆر ناخۆش بوون، بێ پارەیی، تەنهای و ئاوارەیی لە وڵاتێکی جیاوازدا کە کەس نەناسیت هێندەی دیکە ئازاری هەبوو، نەم دەزانی خوشک و براکانم چییان بەسەرهاتووە، ئەو کاتەی کۆڕەوەکە بوو نزیکەی ناوەڕاستی مانگی ڕەمەزان بوو، ئیتر بە ڕۆژوو نەدەبووین، نەمان دەتوانی، خۆم و دوو منداڵەکە بەهۆی سەرما و هیلاکی و برسێتییەوە نەخۆشکەوتین، هیچمان قژمان پێوە نەما.

 

ژیانی ناو کامپ لە وڵاتی ئێراندا

دوای ئەو هەفتەیە بردیانینە کامپێک، لەوێ دوو لەتە کومبار، بەتانی و جلوبەرگییان بۆ منداڵەکان پێدام، بردیانین بۆ نەخۆشخانە و چارەسەرییان کردن، ناو نووسکراین، دواتر چەند پارچە نان و پەتاتەیی کوڵاویان بۆ هێناین، لەگەڵ خێزانێکی دیکەدا لە خێمەیەکدا دەژیاین کە چەند ساڵێک پێشتر دراوسێمان بوون.

 

تەنها ٢٥ دینارم پێبوو، ئێمە پارەی ئێران (تمەن)مان پێنەبوو، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکارییان دەکردین، ماڵێک کە خەڵکی هەڵەبجەبوون، بەڵام ساڵانێک پێشتر چووبوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر هاوکارییان دەکردم، خێمەکە سارد بوو، ئێمە بە کەشوهەوای ئەوێ ڕانەهاتبووین، شەوان زۆر ساردبوو زوقم دەباری لە خێمەکەدا ئیدارەمان نەدەکرد،، ئەو ژنەی ماڵە هەڵەبجەییەکە شەوان لەگەڵ دوو برازاکەمدا دەیبردمەوە بۆ ماڵی خۆیان.

 

"گوارەکانم فرۆشت تا خواردنی جەژن بکڕین"

لەو ماڵە خۆم و منداڵەکانم دەشۆرد، دەخەوتین، ئەوێ گەرم و پاکتر بوو، کاتێک بوو بە جەژن تەنها هەندێک گەنمەشامییان پێداین، منیش گوارەکانی گوێم فرۆشت تا برنج و خواردنی جەژنمان بۆ بکڕێت، ئیتر هیچ ئاگادارییەکم لە خێزانەکەم نەبوو.

 

نزیکەی مانگ و نیوێک لە کامپەکەدا ماینەوە، نەمان دەتوانی لە کامپەکە بچینە دەرەوە، دواتر هەندێک لەو کەسانەی کە هاتبوون کەسوکاریان ببەنەوە ئێمەییان بینیبوو، کە چووبوونەوە بۆ ئەو باشوری کوردستان بە باوکمیان وتبوو کە منداڵەکانت لە ڕۆژهەڵاتن بچۆ بیان هێنەرەوە.

 

ئێستا حکومەتی کوردی هیچی بۆ نەکردووین

چەند ڕۆژێک دواتر باوکم تەسکەرەکانی هێنا، ئێمەی هێنایەوە بۆ ماڵەوە، ئەو هەموو ڕەنجەمان کێشا، ئەوەتا ئێستا لەم گوندەدا، نە ئاومان هەیە و نە کارەبا، لە کاتێکدا ئەو هەموو شەهیدەمان هەیە، ڕۆژگارێک خزمەتی پێشمەرگەمان کردووە، بەڵام ئێستا حکومەتی کوردی هیچی بۆ نەکردووین و ڕەنجەکەمان بە زایەچوو. 

 

 

ت.پ