ژنێکی تەمەن ٨٠ ساڵ لە کۆبانێ مێژوو دەگێڕێتەوە

هەوشان مستەفا کە تەمەنی ٨٠ ساڵە، مێژووی شارێکی لە یادەوەری خۆیدا هەڵگرتووە کە ڕووبەڕووی هەوڵی دووبارە بۆ سڕینەوەی ناسنامەکەی بووەوە، لە ڕێگەی شایەتحاڵییەکەیەوە، چیڕۆکی ناو، ناسنامە و پەیوەندی زیندوو دەکاتەوە، دەڵێت: کۆبانێ تەنها شوێنێک نییەو یادەوەرییە.

پەرچەم جودی

 

کۆبانێ ـ هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت ئەگەر یادەوەری مێژوویی خۆی نەپارێزێت، گەلی کورد بە ڕوونی ئەم ڕاستییە بەرجەستە دەکات، چونکە سەرەڕای ئەو سیاسەتانەی لە مێژووی خۆیدا ڕووبەڕووی بووەوە لە قڕکردن، ڕیشەکێشکردن و نکۆڵیکردن، توانیویەتی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و دەست بە بوونی خۆیەوە بگرێت بەهۆی یادەوەری کۆمەڵایەتی و بۆماوە کولتوورییەکەیەوە کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە.

 

کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لە وێستگە دیارەکانی ئەم یادەوەرییە، لە سەرەتای دروستبوونیەوە، ڕووبەڕووی هەوڵی بەردەوام بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییەکەی بووەوە، دیارترینیان سیاسەتەکانی رژێمی بەعس بوون کە ئامانجیان گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی و نکۆڵیکردن لە ناسنامە کوردییەکەی بوو، تا دەگاتە سەپاندنی ناوی "عەین عەرەب" وەک جێگرەوەیەک بۆ ناوی مێژووییەکەی "کۆبانێ"،  ئەمڕۆش لە سایەی قۆناغی نوێ لە سووریا، تۆمەتەکانی هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیاسەت دووبارە دەبنەوە، لە ڕێگەی نکۆڵیکردن لە ناوی مێژوویی شارەکە و گومانخستنە سەر ناسنامەکەی.

 

لەناو ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەوشان مستەفا، کە تەمەنی ٨٠ ساڵە، وەک یەکێک لە پارێزەرانی یادەوەری کۆمەڵایەتی کۆبانێ دەردەکەوێت،هەوشان خەڵکی گوندی تل غەزالە و لە گوندی خەزینی دەژێت، ساڵانێکی زۆری تەرخان کردووە بۆ بەڵگەکردنی میراسی کولتووری شارەکە، بەرگریکردن لە زمان، کولتوور و ناسنامەکەی، لە ڕێگەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵێک لەسەر مێژووی کۆبانێ و یادەوەرییە زیندووەکەی.

 

لە ماڵەکەی خۆیدا، لە گوندی خەزینی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ، ئاژانسەکەمان چاوی بە هەوشان مستەفا کەوت، کە لە ڕێگەی شایەتحاڵییەکەیەوە مێژووی شارەکەی گێڕایەوە، باسی لە ڕەسەنایەتی ناوەکەی کرد، دەستبەربوونی خەڵکەکەی بە ناسنامەکەیان، ئەو یادەوەرییەی کە هێشتا بەرنگاری هەوڵەکانی سڕینەوە و نکۆڵیکردن دەکاتەوە.

 

هەوشان مستەفا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا هاوسەرگیری کرد، بە پێی دابونەریتی کۆمەڵایەتی باوی ئەو سەردەمە، بوو بە دایکی ١٤ منداڵ، بە کەسایەتی بەهێز و ئیرادەی چەسپاوی ناسراوە، هەروەها خاوەنی هەستێکی سەرکردایەتی سروشتییە کە وای لێکردووە ببێتە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکان لە دەوروبەری کۆمەڵایەتیدا، سەرەڕای گەیشتنی بە تەمەنی ٨٠ ساڵ، بەڵام هێشتا خاوەنی تەندروستییەکی باش و یادەوەرییەکی بەهێزە، بەردەوامە لە ئەنجامدانی کارە رۆژانەکانی خۆی بە تەنها، لە بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵەوە بگرە تا گرنگیدان بە باخچەکەی و کارکردن لە بازرگانی گەنم و جۆدا.

 

"کوبانی شارێکی کوردییە لە سەرەتای دروستبوونیەوە"

هەوشان مستەفا باسی لە پەیوەندی قوڵی خۆی بە کۆبانێ دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پەیوەندی ئەو بە شارەکەوە لە سنووری شوێن تێدەپەڕێت و دەگاتە یادەوەری و ناسنامە، کۆبانێ شارێکی کوردییە لە سەرەتای دروستبوونیەوە، عەرەب لەوێ نەبوون، بە دەرچوون لە ژمارەیەکی کەم لە خێزانە ئەرمەنییەکان کە لە نێوانماندا دەژین، بۆیە شارێکی کوردییە، و ئەمە ڕاستییەکە کە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، خاکی ئێمەیە کە تێیدا ژیاوین لە منداڵی و گەنجی و قۆناغی پیریماندا، بۆیە کاتێک کۆبانێ تووشی هەر هێرشێک دەبێت، هەست دەکەین کە ئاگر لە جەرگماندایە.

 

"ئێمە هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی بەعەرەبکردنی کۆبانێدا بووین"

هەوشان مستەفا هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی کۆبانێی بە بیرهێنایەوە وتی: حکومەتەکان هەمیشە ناوی شارەکەمان دەگۆڕی، بەڵام ئێمە، خەڵکی کۆبانێ، هەرگیز ئەوەمان قبوڵ نەکرد، خەباتمان هەمیشە دژی هەوڵەکانی عەرەبکردنی ناوی شارەکە بوو، تا ئەمڕۆش، کاتێک ئێمە و منداڵەکانمان و نەوەکانمان دەچینە ناوچە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە، دەڵێین ئێمە لە کۆبانێین و لە عەین عەرەب نیین، ئەم هەڵوێستە لە ڕۆژانی گەنجیمانەوە لەگەڵماندا بووە، تا ئەمڕۆش پابەندین پێوەی.

 

"نیشتمانمان بە ناوی کۆبانێ دەمێنێتەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا، هەوشان مستەفا جەخت لەسەر دەستبەربوونی بە ناو و ناسنامەی مێژوویی شارەکەی کردەوە، و وتی: کۆبانێ لە سەرەتادا وەک شارێک لەسەر هێڵی سنووری دروستبوو، پاشان وردە وردە فراوان بوو تا ئاوەدانییەکەی درێژ بووەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ تەمەنم ٨٠ ساڵە، و لە درێژایی ژیانمدا ناوی کۆبانێ بووە، لە سەردەمی باوکمیشدا بە کۆبانێ دەناسرا، باوکم دەیوت کە ئەم ناوە لە کاتی باپیرانمانەوەیە. بۆیە کۆبانێ بە ناو، ناسنامە، مێژو و بوونی خۆیەوە وەک خۆی دەمێنێتەوە، وەک شارێکی کورد.