ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئیدلب ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ئیدلب ڕووبەڕووی چەندین سەختی دەبنەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئاستەنگکردنی چەتەکان ناتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب-دوای ئەوەی ئیدلب لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان داگیرکرا، زۆرێک لە کارە مەیدانییەکان بەهۆی داگیرکارییەوە کاریگەرییان لەسەر بوو، یەکێک لەو بوارانە ڕاگەیاندنە، بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران لە ئیدلب ڕووبەڕووی باندەکانی هەتەشەو حەیات تەحریر شام و کۆمەڵگەی پیاوسالاری دەبنەوە، هەروەها بەهۆی بیرکردنەوەی پیاوەوە کە دەیەوێت ژن تەنها لە ماڵەوە ببیندرێت، ئەو ژنانەی لە دەرەوە کار دەکەن ئاستەنگیان بۆ دروست دەکەن، بەمەش ژنان ناتوانن هاوسەنگی لە نێوان ماڵ و کارەکانیاندا دروست بکەن.

 

"من کێشەم هەیە لە هاوسەنگکردنی کار و ماڵەکەم"

 ڕۆژنامەنووس حەلا شێخ ئەحمەد باسی لەوەکرد، بەزەحمەت هاوسەنگی لە نێوان خێزانەکەی و کارەکەیدا دروست دەکات، وتی: هەرچەندە هەوڵبدەم، ناتوانم مافی منداڵەکانم بدەم، بەهۆی کارەکانمانەوە قورسە و لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا دەژین، کاتژمێرێکی زۆر کاردەکەم بۆ ئەوەی ئەرکی پەیامنێریم جێبەجێبکەم، ڕۆژنامەگەری و ڕاپۆرتکردن زۆر قورسە،  زۆرجار دەبێت زیاتر لە ٨ کاتژمێر لە منداڵەکانم دوور بم، سەختی دەبینم لە هاوسەنگی نێوان منداڵەکانم و کارەکانم وەک ڕۆژنامەنووس، بەتایبەتی کوڕێکی تازە لەدایک بووم هەیە و پێویستی بە گرنگیدانێکی زۆر هەیە، ئەمەش ئازارێکی دیکەیە بۆ من، کاتێک دۆخی کار سەختە و پڕە لە مەترسی زۆرجار دەبێت کارەکەم دوابخەم چونکە کەس نییە چاودێری منداڵەکانم بکات.

 

"فشاری کارکردنم زۆرە"

سەلوە محەمەد، پەیامنێری یەکێک لە گۆڤارە عەرەبییەکان ڕایگەیاند، کارەکەی زۆر قورسە، چونکە هەوڵدەدات هاوسەنگی لە کار و خێزانەکەیدا دروست بکات وتی: لەو کاتەوەی ئەم کارەم هەڵبژاردووە، زانیم کە ڕێگاکە درێژە و بەرپرسیارێتیمان قورسە، زۆر هەوڵمدا بۆ هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتی کار و ماڵەوە بەڵام نەمتوانی بەهۆی فشاری کارەوە و کارەکەم پێویستی بە کات و ماندووبوونێکی زۆرە، زۆر هەست بە دڵتەنگی دەکەم و هەندێک جار دەگریم چونکە مافی منداڵەکانم پێنادرێت و لە تەنیشت ئەوان نیم، بە تایبەت کاتێک دەبینم یەکێکیان دەڵێ من برسیم چونکە کەس نییە خۆراکیان پێ بدات، یان کاتێک نەخۆشن و پێویستییان بە چاودێرییە.

 

"بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەگەری دوو لایەنە"

هەروەها سوهێر ئەلعەبدۆ ڕۆژنامەنووسێکە و لە میدیا ناوخۆییەکان کاردەکات و دەبێت ڕێگایەکی دوور ببڕێت پێش ئەوەی بچێتە سەر کارەکەی هەروەها منداڵەکانی لای یەکێک لە خزمەکانیدا جێبهێڵێت، باسی لەو سەختییانە کرد کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و وتی: کاتێک ئەوەندە لە خێزانەکەم دوور دەبم، هەست دەکەم لە خێزانەکەم دوور کەوتومەتەوە، زۆر کارم ڕەتکردەوە، چونکە دەبوو کارێکی گونجاو پێشکەش بکەم، بەڵام لەو شوێنەی کە کاردەکەم هیچ کاتێکی تایبەت بۆ ئەوە نییە، دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە منداڵەکانم دوور بکەومەوە.

 

"پێویستە ئەو فشارە لەسەر ڕۆژنامەنوسانی دایک کەمبکرێتەوە"

عەلا زەوادی، ڕاوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە ڕەچاوی دۆخی ژنانی ڕۆژنامەنووس بەتایبەت دایکان بکەن و فشاری کارکردن لەسەریان کەم بکەنەوە، پێویستە مانگانە پشوو هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن هەندێک کات لەگەڵ منداڵەکانیان بەسەر بەرن، کاری ڕۆژنامەگەری لەم دۆخە خێزانییەدا دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی.