ژنانی یەمەن پێشێلکارییەکانی فاشر شەرمەزار دەکەن
ململانێکانی سودان گۆڕاون بۆ کارەساتێکی مرۆیی ترسناک و هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی قورس و برسێتییەکی کوشندە بوونەتەوە.
ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن- سودان لە ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا لە شەڕی بەردەوامدا، ترسناکترین تاوان و پێشێلکاریی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی ژنان و منداڵان بووە، هەروەها دڕندانەترینی ئەم تاوانانە لە شاری فاشری پایتەختی پارێزگای دارفۆری باکوور لە باکووری ڕۆژئاوای سودان ڕوویداوە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە شاری فاشر ئاوارەبوون و نزیکەی ٢٦٠ هەزار کەسی مەدەنی کە نیوەیان منداڵن کە بەبێ هاوکاری گیریان خواردووە، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی "IOM" بڵاویکردەوە، لە سێ ڕۆژی یەکەمدا ٣٦ هەزار کەسی دیکە لە شاری فاشر ئاوارەبوون، دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵی شارەکەیان کرد و بە پێ ڕۆیشتن بۆ تەویلە، ملیت، کەبکابیە و شوێنەکانی دیکە، زۆرێکیان بە برینداری و برسێتی گەیشتنە ئەوێ، کە چیرۆکی تیرۆر و توندوتیژی و لەدەستدانی ئازیزانیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتبوو.
''شەرمەزارکردنی بەربڵاو''
جیهان بە ترس و نیگەرانییەوە سەیری ئەو پێشێلکاریانە دەکات کە لە شاری فاشر بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن، دڵی ژن و پیاوی یەمەن بەهۆی گەورەی ئەو پێشێلکارییە سەختانە نزیکە لە شکاندن و زۆرێک لە ژنانیش تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بەو شتانەی کە بەسەر ژنان و منداڵاندا دێت و داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردانێکی خێرا و بەپەلە بکات بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

ئەمال شمەیری پێی وایە، ئەوەی لە سودان دەگوزەرێت ناتوانرێت وەک ململانێیەکی سیاسی نێوان لایەنە دژبەرەکان پێناسە بکرێت، بەڵکو بە "کردەوەی تاوانکاری پاک" پێناسە دەکرێت، ئەو کارە دڕندانەی کە دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێن، لە هەموو شتێک تێپەڕیوە کە لە شەڕەکانی پێشوودا بینراوە، زیاتر لە تاوانە قێزەونەکان دەچێت نەک شەڕ بە واتا نەریتییەکە.

دالیا محەمەد، چالاکوانی کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە لە سودان شاهیدی دەبین، تاوانی قێزەونن بەرامبەر بە ژنان و هاوڵاتیانی مەدەنی، پێویستە لایەنە شەڕکەرەکان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن و هاوڵاتیانی مەدەنی لە ترسناکییەکانی ململانێ بپارێزن.
ڕوونیکردەوە، ئەوەی ئێمە شاهیدین، سووتاندن، قەناس بەدەست، کوشتنی بە ئەنقەستی هاوڵاتیانی مەدەنی و لەسێدارەدانی پوختە، ئەمەش ناچارمان دەکات ئەم تاوانانە شەرمەزار بکەین و داوای ڕێوشوێنی ڕاستی و دەستبەجێی نێودەوڵەتی بکەین سەبارەت بەم پێشێلکارییانە.
''برسێتی و سەرپێچی''

ئەمیرە محەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی وەهاج ، ڕایگەیاند: ئەو تاوانانەی لە سودان ڕوودەدەن پێشێلی سەرجەم پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی و دارایی لایەنە شەڕکەرەکانی سودان دەکەن، هاوبەشن لەم تاوانانەدا.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "FAO"و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" هۆشداریاندا، دوایین شیکاریی نائاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی لە سودان جیاوازییەکی توند بەدرێژایی هێڵەکانی ململانێکان ئاشکرادەکات، کە برسێتی دەستیپێکردووە بۆ بڵاوبوونەوە لەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە و لە هاوکارییە مرۆییەکان بڕاون و لە ژێر گەمارۆدان.
دەزگا مرۆییەکان داوای "کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان و دەستڕاگەیشتن بە مرۆیی سەلامەت و بێ بەربەست و بەردەوام"یان کرد، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمە "بۆ ڕێگریکردن لە لەدەستدانی زیاتری ژیان و پاراستنی بژێوی ژیان، زۆر گرنگە".