ژنانی سوەیدا: تۆمەتەکانی کپتاگۆن مسیسە هەوڵێکن بۆ ڕەوایەتیدان بە دەوەردان
لێدوانەکانی تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکی لەبارەی بوونی کارگەی کپتاگۆن لە سوەیدا، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، چونکە ژنانی شارەکە ئەم تۆمەتانەیان سەرکۆنە کرد و بە بێڕێزیکردن بە سەرچاوەی ئایینی و شێواندنی وێنەی شارەکە دانا.
ڕۆشیل جونیور
سوەیدا ـ ئەو لێدوانانەی کە دەدراینە پاڵ تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکی، سەبارەت بە بوونی کارگەی ماددە هۆشبەرەکان و کپتاگۆن لە سوەیدا، بێزاری لای دانیشتووانی شارەکە دروست کرد، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە بە تۆمەتی ناڕاست و شێواندنی مێژووی سوەیدا و میراسە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکەی دادەنێن.
لە وەڵامێکدا بۆ ئەم لێدوانانە، "بەڕێونەری باشان" کە دەسەڵاتی خۆجێی لە شاری سوەیدای سووریا نوێنەرایەتی دەکات، ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لە ڕێگەی نووسینگەی ڕاگەیاندنەکەیەوە دەرکرد، تێیدا ئەو درۆ و تۆمەتە ناڕاستەی کە لە لێدوانەکانی دوایی تۆم باراکدا هاتوون، سەزنشست کرد.
هەروەها ژنانی شارەکە ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم لێدوانانە دەربڕی، بەوە دایاننا کە سوەیدا وەک ناوەندێک بۆ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان نیشان دەدەن، لە کاتێکدا مێژووە ڕەسەنەکەی و پێگەی کولتووری و کۆمەڵایەتییان پشتگوێ خستووە، هەروەها دانیشتووانەکەی ئەم دیاردەیە ڕەت دەکەنەوە و دژ بە بڵاوبوونەوەی دەوەستنەوە.
"تۆمەتی درۆیین کە ڕەنگە وەک پاساوێک بۆ چوونەژوورەوەی حکومەت بەکاربهێنرێن"
لە هەمان چوارچێوەدا، غادە فەقهیە ڕایگەیاند، کە دانیشتووانی سوەیدا تۆمەتبارکردنی کۆمەڵگەیەکی تەواو بە پەیوەندی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ڕەت دەکەنەوە، شارەکە بە کولتوور و هونەرەکەی ناسراوە، وتی: بوونی حاڵەتی تاکەکەسی، پاساو بۆ گشتاندنی تۆمەتەکان بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە ناهێنێتەوە.
پەیوەندی نێوان ئەم لێدوانانە و پەرەسەندنی ئەو بانگەوازانەی بەستەوە کە داوای جیابوونەوە لە سووریا دەکەن، ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێرشانەی کە سوەیدا ڕووبەڕووی بووەوە، ئەوەی بە نەبوونی پشتگیری و ئاراستەکردنی ناڕەزایەتی دانا، بەشداری کرد لە قووڵکردنەوەی پچڕان لەگەڵ حکومەتی کاتی سووریا و پێکهاتەکانی تردا، تا دەگاتە گومانخستنە سەر ئەگەری بەردەوامبوونی پێکەوەژیان لە سایەی بارودۆخە هەنووکەیییەکاندا.
سلاڤ مەلەک جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە کردەوە کە پەیوەستن بە بوونی کارگەی کپتاگۆن لە سوەیدا، بە "تۆمەتی درۆیین" دانا کە ڕەنگە وەک پاساوێک بەکاربهێنرێن بۆ چوونەژوورەوەی حکومەتی کاتی بۆ ناوچەکە لە ژێر ناونیشانی "بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".
ڕوونیکردەوە، کە دانیشتووانی سوەیدا هەڵمەتی هۆشیارییان دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعسەوە، کاتێک ئەم دیاردەیە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا پەرەی سەند.
ڕەهەندی سیاسی لە پشت لێدوانەکانەوە
ڕەجا محاسن ڕەخنەی لە لێدوانەکانی تۆم باراک گرت، جەختی کەوە کردەوە، کە پێشتر سەردانی سوەیدای کردووە و بارودۆخی مەیدانی و ناڕەحەتییەکانی دانیشتووانی لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی تەمموزی ٢٠٢٥ بە چاوی خۆی بینیوە، کەچی هەڵوێستە دواکەوتووەکانی بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە بوون کە لەسەر زەمینی ڕاستەقینە چاودێری کردبوو.
و پرسیاری کرد، کە ماددە هۆشبەرەکان چۆن دەگەنە شارەکە لە سایەی ئەو گەمارۆیەی کە خراوەتە سەری، گومانی لەو تۆمەتانە کرد کە پەیوەستن بە چاندنی ماددە هۆشبەرەکان یان دروستکردن و هەناردەکردنیان لە ناوچەکەوە.
ڕەجا محاسن ئەو ڕەهەندە سیاسییانەی سەرکۆنە کرد، کە لە پشت ئەو هەڵوێستانەوەن، ڕایگەیاند، کە بەرەنگاری هەر دەستدرێژییەک دەبنەوە بۆ سەر سیمبولە ئایینییەکان لە سوەیدا، ئەوانەی وەک قەڵایەک پێناسە کرد کە دەربڕی دەنگی کۆمەڵگەن.