ژنانی سودان خۆڕاگری خۆیان لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی جەنگ دووپات دەکەنەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ژنانی سودان خۆڕاگری و توانای خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دووپاتکردووەتەوە سەرەڕای ململانێکان کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، داوای بەردەوامی خەباتیان کردووە تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ئایە ئیبراهیم
سودان – ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانە، بۆنەیەک کە ژنانی سودان بەکاری دەهێنن بۆ نوێکردنەوەی داواکارییەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەتایبەتی دوای ئەو زیانە بەرفراوانەی کە لە کاتی شەڕەکاندا تووشی بوون، لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانی خێرادان، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی ڕاستی بوونەتەوە، لەوانە کوشتن، دەستدرێژی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.
سەرەڕای ئەوەی لە نێو ئەو گروپانەدا بوون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ململانێکانەوە، ژنانی سودان توانایەکی بەرچاویان بۆ خۆڕاگری و بەردەوامی خەبات بۆ ماف و کەرامەتی خۆیان نیشانداوە.
”لە نێوان ئاوارەبوون و بەرپرسیارێتی”
سەلما عەوز فەزیل، کەسایەتی میدیایی و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، دووپاتی دەکاتەوە، کە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان بۆنەیەکی گرنگە بۆ یادکردنەوەی پرسەکانی ژنان و ئەو دەستکەوتانەی کە سەرەڕای ئاستەنگەکان بەردەوامن لە بەدەستهێنانی، هەروەها بوونی ژنان تەنها لە یەک ڕۆژدا سنووردار نییە، بەڵکو لە هەموو کاتێکدا ئامادەن و چالاکن، بەڵام ٨ی ئادار هەمووان ناچار دەکات کە بوەستن و ڕێز و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو ژنانە دەرببڕن کە لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵدەدەن و کاردەکەن، بەشدارییەکی بەرچاو دەکەن لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا.
ئاماژەی بە پرسە بنەڕەتییەکانی تایبەت بە ژنانی سودان کرد کە پێویستیان بە گرنگیدان و چارەسەرکردنی ڕاستەقینە هەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ململانێیەی وڵاتەکە بەرگەی گرتووە، کە کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ژنان هەبووە، هەروەها ژنان بەرپرسیارێتییەکی زۆریان لە ئەستۆ گرتووە بۆ خێزانەکانیان و هێز و توانای خۆیان نیشانداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکان سەرەڕای ماوەی درێژخایەن لە پچڕان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆڵی ژنان ڕۆڵی سەرەکی بووە لە یارمەتیدانی خێزانەکانیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سودان، کە لە هەستی زگماکییانەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ بەرپرسیارێتی.
”دەستپێشخەری بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و گەڕاندنەوەی مافەکانیان”
لەگەڵ سەرهەڵدانی ململانێکان لە وڵاتەکەیان، ئازارەکانی ژنانی سودان ڕۆژانە خراپتر بووە، سەرەتا لە ئاوارەبوون و گەڕان بەدوای ناوچە ئارامەکانەوە دەستی پێکردووە، بە پێشێلکاری بەرفراوان بەردەوام دەبێت، هەروەها سەختی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خۆراکی سەرەتایی.
ڕاپۆرتەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانخستووە کە ڕێژەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیان بەدەست کەمی خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن لە نێوانیاندا، هەروەها ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان شێوازی بەربڵاوی توندوتیژی سێکسییان بەڵگەدار کردووە کە دژی ژنان و منداڵانی کچی تەمەن حەوت بۆ حەفتا ساڵ ئەنجام دەدرێن، لەوانە دەستدرێژی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان و بێڕێزیکردن لە کاتی گەمارۆدانی فاشر لە باکووری دارفور لە ڕۆژئاوای سودان، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هەروەها توندوتیژی ڕەگەزی بەشێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردووە و ژمارەی زیانبەرکەوتووان بەرزبووەتەوە کە زۆرینەیان ژن و منداڵی کچن.
بەسمات شەریف، سەرۆکی یەکێتی ژنانی سودان لە دەوڵەتی باکوور، ئاماژەی بەوەدا، کە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ژنان پەیوەندی بە نیشتمانەکەیانەوە بکەنەوە، خۆشەویستییان بۆی دەرببڕن، هەروەها توانای خۆیان بۆ تەرخانکردن و داهێنەر بوون لە ڕێگەی کۆمەڵێک بوارەوە کە گرنگن بۆ کاری پێشەنگانەی ژنان لە ویلایەتەکەدا.
دووپاتی کردەوە، کە ژنان لەم ساڵانەی دواییدا تووشی پێشێلکارییەکی زۆر بوون، بەڵام هاوبەشی دانەبڕاو بوون لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکان و ئامرازی سەرەکی دەبن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
بەسمات شەریف باسی لە دەستپێشخەرییەکەی داهاتووی یەکێتی ژنانی سودان کرد، کە بریتییە لە سازدانی گفتوگۆیەکی مێزی دەوری بۆ گەڕان بەدوای ڕێگاکانی بەهێزکردنی تۆڕەکانی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان، دڵنیابوون لە گەڕاندنەوەی کەرامەتیان دوای ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە بەرگەیان گرتووە.
هەروەها پلانەکان بریتین لە پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا لەڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ مانگی سوور بۆ خولی پەروەردەی هەزار ژن لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر کارامەییەکانی فریاگوزاری سەرەتایی، ئەمە جگە لە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ چالاککردنی بەرنامەکانی پاراستن و چاودێری تەندروستی تایبەت بە ژنان.
”خۆڕاگری ژنانی سودان”
حجازیە محەمەد سەعید، ڕۆژنامەنووس باسی لەوەکرد، ژنانی سودان لە بەرامبەر ناخۆشیەکانی وەک "شاخ بەرامبەر با" خۆڕاگر بوون و ئەو بارودۆخە پشێویە ئیرادەی ئەوانی نەوروژاندووە، هەروەها ئە کەسەیە کە نەوەکان پەروەردە دەکات، هەروەها سەرچاوەی بیرکردنەوە و داهێنانە.
ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنان سەرەڕای ئەو سەختیانەی کە لە کاتی ململانێکاندا ڕووبەڕوویان بووەوە، ئارام و بەهێزی مانەوە و داوای لە ژنان کرد بەردەوام بن لە خۆڕاگری و بەهێزبوون و پەیامێکی جوڵاویان ئاراستە دەکات، وتی: ئێوە تەواوی نەتەوەیەکین و بەبێ ئێوە ژیان ناتەواوە.