ژنانی هەورامان، هونەرمەندانی چیای زاگرۆس
ژنانی زەحمەتکێش و دەستڕەنگینانی هەورامان لە پێشەوەی جوانیەکانی کلتوری زاگرۆس نشیانن، بە کارە دەستی و هونەرەکەیان مۆرێکیان لە مێژووی کورد داوە.
ناوەندی هەواڵ
ژنانی هەورامان لە مێژە بە ڕەنج و کاری هونەرییەکانیان ناسراون، ژنانی ئەم خاکە شان بە شانی پیاوان سەختیەکانی ژیانیان هەڵگرتووە و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابین کردووە، رستن و چنین، بەرماڵ چنین و دروستکردنی تەسبیح، گڵکاری و ئەرغەوان ڕستن (جۆرێکی تایبەتی دارە) لە کارە هونەرییەکانی ژنانی هەورامانن، ئەم پیشەسازییانە مێژووییەکی کۆنیان هەیە و لەگەڵ بەرەو پێشچوونی پیشەسازی سەردەمیشدا ژنانی هەورامانیش گۆڕانکارییان لە شێوازی کارکردنیاندا کردووە و لە بەرەوپێشچووندا بوون.
هەورامان شوێنە دابەشکراوەکەی کوردستان
هەورامان ناوچەیەکی تایبەت و سروشتێکی جیاواز و دڵڕفێنی کوردستانە، بەشێكی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێكی دیکەشی دەکەوێتە باشورەوە، بە شێوەزاری هەورامی قسە دەکەن و بە کارە دەستییە ناوازەکان، دیمەنی جوانە سەرنجڕاکێشەکانی و چیا بەرزەکانی کە بەهۆی سروشتی تایبەتی ناوچەکەوە دروست بووە دەناسرێتەوە.
پیاوسالاری کە چەندین ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زاگرۆسدا زاڵ بووە، بەڵام هەرگیز لەگەڵ بارودۆخی تایبەتی هەوراماندا خۆی نە گونجاندووە، چونکە ژنانی هەورامی هەمیشە شانبەشانی پیاوان هەنگاویان ناوە لە هەندێک کاتدا لە پێش پیاوانیشەوە بوون، سەرجەم کارەکانی ناوچەکە کە بوون بە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خەڵکی ناوچەکە وەک باخداری، کاری دەستی، کشتوکاڵ بەهۆی هێز و توانای ژنانەوە بەڕێوەچووە.
باخەوانەکان لەم ناوچانەدا سەرقاڵی ئەو بەروبوومانە بوون کە لەگەڵ ئاووهەوای ناوچەکەدا گونجاوە و تیایدا گەشەدەکەن وەک گوێز و هەنار و هەنجیر، بارودۆخی تایبەتی هەورامان، کاری دەستی و سروشتی جوان و تایبەتی هۆکارێک بوون بۆئەوەی بە درێژای ساڵ میوان و گەشتیار ڕووی تێبکات کە سەرچاوەی زیادبوونی داهات و ئابووری ناوچەکە بوون.
هونەری دەستی ژنانی هەورامی
کڵاش پێڵاوێکی دەستکردی تایبەتە بە ناوچەکانی هەورامان، لە دەزوویەکی تایبەتی چنراو و بنەکەی لە جۆرێک قوماشی تایبەت کە دەکوترێتەوە دروست دەکرێت، تایبەتمەندی تایبەتی کڵاشی هەورامان کە کڵاشێکی سوکە لە لەپێکردندا و نەرم و جێگیرە، تایبەتە بە ناوچە شاخاوییەکان، ئەم تایبەتمەندیانە وای کردووە جیاواز بێت لە کڵاشی دەستکردی ناوچەکانی تر کە ژنانی هەورامان بە دەستە هونەریی و ڕەنگینەکانیان دروستی دەکەن، جوانی و تایبەتی ئەو پێڵاوانه له کوردستان و ئێران ناوبانگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو گەشتیارانەی ڕوو دەکەنە هەورامان کڕیاری سەرەکی کڵاشەکانن و بووەتە سەرچاوەی داهاتی ژنانی هەورامان.
ەرغەوان ڕستن کە جۆرێکی تایبەتی درەختە و گوڵێکی مۆری هەیە، ژنانی هەورامان بەشێک لە لقەکانی ئەم دارە دەبڕن بێئەوەی هیچ زیانێک بە درەختەکە بگەیەنن و بەکاری دەهێنن لە دروست کردنی سەبەتە و جوانکاری ناو ماڵدا، ئەو سەبەتانەی دروستی دەکەن لە کاری ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێت لە جیاتی دروستکراوە پلاستیکیەکان.
گڵێنە، گۆزە و جاجم، پیشەسازی دیکەن کە ژنانی هەورامی بە دەستە بەتواناکانی خۆیان دروستیان دەکەن، جاجم کە جوانییەکی تایبەتی بۆ دیکۆر هەیە، بۆ ڕازاندنەوەی گۆزەکانیش بەکار دەهێنرێت کە جوانیەکی تایبەتی بە کاری گڵکاریش دەدات.
بە درێژای ساڵ و بەتایبەت لە وەرزی بەهاردا، بە هەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچەکانی هەورامان دەکەن، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بۆ ناوچەکە و خۆشگوزەرانی ئابووریی و دروستکردنی هەلی کار لە هەورامان، ژنانی هەورامانیش بە دروستکردنی دۆ و نان، کەلانە، دۆشاوی هەنار و چەند بەروبوومێکی دیکە کە لە هەنار و گوێز دروست دەکرێت و تایبەتن بە ژنانی هەورامان، پێشوازی لە گەشتیارەکان دەکەن.
لەگەڵ گەورەبوونی پیشەسازیی گەشتیاریی لە هەورامان، ژنان زیاتر ڕۆڵی بەرچاویان لە بواری ئابووریدا هەبووە، ئێستا کاری ژنان تەنها بە کاری ڕستن و کاری هونەرییەوە سنووردار نییە، بەڵکو ژنانی هەورامان لە هەردوو باشوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش سەرقاڵی کاری چێشتخانە و فرۆشگان و دیمەنە جوانەکانی یەکسانی ژن و پیاو لە هەورامان نمایش دەکەن.
ت.پ