ژنانی دانیشتووی کامپەکانی ئیدلیب: ئاسایش و ئارامی نییە

لە کامپەکانی ئیدلیب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی هەتەشەدایە، نەخۆشیەکان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاتر دەبن، ئەو ژنانەی لە کامپەکاندا دەژین دەڵێن: ئاسایش و ئارامی نییە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- لە کامپەکانی ئیدلیب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا وچەکدارانی هەتەشەدایە، نەخۆشیەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاتر دەبن، وەرزی هاوین زۆر سەختە بۆ ئەو ژنە کۆچبەرانەی لە کامپەکاندا دەژین، چونکە پلەکانی گەرما زۆر بەرزە و چەندین جۆری مێرووو مار دەردەکەون، لە ئەنجامدا ژیانیان و منداڵەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

 

"ئاسایش و ئارامی نییە"

سەمەر حەدید، کۆچبەرێکی تەمەن ٢٨ ساڵە و لە شاری ئەریحی باکووری ئیدلیب دەژی، ڕایگەیاندووە، کوڕەکەی لە ئەنجامی پێوەدانی دووپشک لەکاتی یاریکردندا یەکسەر ژەهرەکە لە جەستەیدا بڵاوبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە، هەموو هەوڵەکانی پزیشکەکان شکستی هێنا چونکە ژەهرەکە بە هەموو جەستەیدا بڵاوبووەوە، وتی: ئێمە بە چەندین سەختیدا تێدەپەڕین ئاسایش و ئارامی نییە، نزیکەی هەموو ڕۆژێک گوێم لە حاڵەتی پێوەدانی مار دەبێت بە ژن و منداڵان، لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەکان چارەسەری ئەم دۆخە لە ناوچەکەدا ناکەن، لە کامپەکاندا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بڵاوبوونەوەی مێروو و جۆرەکانی تر بۆتە دیاردەیەکی زۆر بەربڵاو، زۆرێک لە نەخۆشیەکانی پێست وەکو پەڵە و ئەگزیما بەهۆیانەوە ڕوودەدەن.

 

زۆرجار کۆچبەران پەنا بۆ شێوازە ئاساییەکانی پاراستن دەبەن وەک بڵاوکردنەوەی مادەی دوورخستنەوەی مێروو وەکو قەترە، بەڵام باوترین مێرووەکان لە ناوچەکانی ئاوەڕۆکاندا پەیدا دەبن.

 

"لە چادرەکاندا مێروو و مار و زۆرن"

مونا یونس، کۆچبەرێکی تەمەن ٣٣ ساڵ کە لە کامپەکان لە باکووری ئیدلیب دەژی، وتی: ساڵی ڕابردوو مار پێوەی دام، چونکە مێروو و مار زۆرن، وریاین بەڵام هێشتا ناتوانین خۆمان لەم مێرووانە بپارێزین، چونکە چادرەکانمان ڕزیون.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مونا یونس ئاماژەی بەوەکرد، دەیەوێت منداڵەکانی بباتە کامپێکی تر بۆ ئەوەی سەلامەتی و ئارامی بۆ منداڵەکانی دابین بکات.

 

سوعاد ئەشواف، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە ئیدلیب وتی:  ١٥٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆس ڕوویداوە، زۆربەیان ژن و منداڵن و لە کامپەکاندا دەژین، ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٥٠% زیادی کردووە.