ئێزدییەکان پاش فەرمان... برینی کراوە و ڕێڕەوی دادپەروەری تەواو نەکراوە

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک بەسەر فەرمانەکەدا، هێشتا ژنانی ئێزدی بەدەست کاریگەرییەکانی توندوتیژییەوە دەناڵێنن، هانا عەباس، سەرۆکی ڕێکخراوی "النجدة الشعبية" دەڵێت: ڕێگاکەی بەرەو دادپەروەری هێشتا درێژە.

تەمەنی سروی  

 

بەغدا ـ فەرمان تەنها بە ژمارەی زیانبەرکەوتووان پێوانە ناکرێت، بەڵکو بەو شوێنەوارە قوڵانەش پێوانە دەکرێت کە لە ژیانی ئەو ژنانەدا بەجێیدێڵێت کە جەستەیان بووە مەیدانی جەنگ، بۆ ماوەی چەندین ساڵ باری قورسی توندوتیژی و ئاوارەیی و لەدەستدانیان هەڵگرت، بۆ ژنانی ئێزددی، ڕزگاربوون لە دەست دیلێتی کۆتایی کارەساتەکە نەبوو، بەڵکو دەستپێکی جەنگێکی نوێ بوو بۆ چاکبوونەوە و گەڕاندنەوەی کەرامەت و مافی ژیانێکی پارێزراو، لە سایەی یادەوەرییەکی بارگاوی بە توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و لابردن لە ڕیشەوە.

 

پاش ١٢ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە داعش لە شنگال ئەنجامی دا، هێشتا هەزاران ڕزگاربوو ڕووبەڕووی کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە قووڵەکان دەبنەوە، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەخت لەوە دەکەنەوە،  کە وەڵامدەرەوەی فەرمی ئاستی ئەو تاوانەی نەبینە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ژنانی کردە ئامانج، نەگەیشتە ئاستی پێویستییە فەرمییەکانیان لە چاکبوونەوە و دادپەروەری و تێکەڵکردنەوەی دادپەروەرانە.

 

هانا عەباس، سەرۆکی ڕێکخراوی "النجدة الشعبية" لە عێراق، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئێزدییەکان تا ئێستاش باجی فەرمانەکە دەدەن، چاکبوونەوەی ڕاستەقینە تەنها بە دەرکردنی یاساکان بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی گشتگیر لە دادپەروەری و پشتگیری دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، کە دڵنیایی بدات بە ڕزگاربووان بۆ گەڕاندنەوەی سەربخۆیی و کەرامەت و مافیان لە داهاتوویەکی دوور لە ترسدا، ئارامی دەروونی هێشتا بە بەهێزی ئامادەیی هەیە، چونکە هەواڵێکی ئەمنی یان دەنگوباس بەسە بۆ ئەوەی ڕزگاربووان هەستی ئەو ترسە زیندوو بکەنەوە کە ساڵانی دیلێتی بەدوای خۆیدا هەڵگرتبوو، کە ئەمەش جەخت لەسەر کاریگەرییەکانی فەرمانە کە هێشتا بەسەر ژیانی ڕۆژانەیانەوە سەپێنراون، چاکبوونەوە پێویستی بە زیاتر لە تێپەڕبوونی كات هەیە.

 

پاراستنی ڕزگاربووان بەشێکی بنەڕەتییە لە ڕێڕەوی دادپەروەری

هانا عەباس ڕوونیکردەوە،کە دادگاییکردنی تاوانباران هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، دەربازبوون لە سزاش هێشتا قورسایی خستووەتە سەر ڕێڕەوی دادپەروەری بۆ ژنان، هەندێک لە ژنان دوودڵن لە پێشکەشکردنی ئەو زانیارییانەی هەیانە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، جا لە ناو عێراقدا بێت یان پاش کۆچکردن، ئەمەش گەیشتن بە دادپەروەری ئاڵۆزتر دەکات، پاراستنی ڕزگاربووان و بەهێزکردنیان بۆ داواکردنی مافەکانیان دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی لە هەر ڕێڕەوێکی ڕاستەقینەی دادپەروەری، ئێزدییەکان هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ڕاستەقینەن لەسەر ئەوەی لە شنگال روویدا، جا چ سەبارەت بە هۆکارەکانی داڕمانی ئەمنی بێت کە پێش فەرمانەکە کەوت یان ئەو لایەنانەی کە کەمتەرخەمبوون لە پاراستنیان، وتی: لێکۆڵینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا ڕاستی تەواویان ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش برینی ڕزگاربووان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

 

جەختی لە گرنگی دەرکردنی ڕاپۆرتی خولی کردەوە کە بارودۆخی ئێزدییەکان چاودێر بکات، ئاستی جێبەجێکردنی پابەندبوونە حکومییەکان هەڵسەنگێنێت، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە پەرەپێدانی سیاسەتەکان کە وەڵامی پێویستییە فەرمییەکانیان بداتەوە، دوور لە چارەسەرە کاتییەکان، هەروەها وێرانکارییەی کە هێشتا چەندین گوندی شنگالی گرتووەتەوە، لەگەڵ بەردەوامی بوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و یەکلانەکردنەوەی چارەنووسی ونبووەکان، هەزاران ژن لە داخستنی لاپەڕەی لەدەستدان بێبەش دەکات، چاکبوونەوەی دەروونی دەکاتە ئەرکێکی قورستر، لە سایەی چاوەڕوانییەکی درێژخایەن بۆ زانینی چارەنووسی خۆشەویستەکانیان.

 

سەرەڕای دانپێدانانی ژمارەیەک وڵات و ئەنجومەنی ئاسایش بەوەی کە ئەوەی ئێزدییەکان تووشی بوون فەرمان، وتی: ئەم دانپێدانانە بە شێوەیەکی پێویست لە ڕێگاکانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەدا ڕەنگدانەوەی نەبووە، ڕەچاوکردنی سیاسی و ئاڵۆزی بەدواداچوون بۆ ئەندامانی داعش لە نەتەوە جیاوازەکاندا بەشداربوون لە خاوکردنەوەی لێپرسینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تاوانەکان.

 

ڕوونیکردەوە، کە زۆربەی ڕزگاربووەکان کە ڕێکخراوەکە بەدواداچوون بۆ دۆخەکەیان دەکات لە کاتی ڕوودانی فەرمانەکەدا منداڵ بوون، ئەمڕۆ بوونەتە گەنج و هەڵگری کاریگەرییە دەروونییە قووڵەکانن کە ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانینیان بۆ داهاتوو، زۆرێک لەوان ئارەزووی تەواوکردنی خوێندن یان دروستکردنی ژیانێکی نوێیان لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەی یاسا ئەم مافەی پێداون، چونکە ترامەکە بەردەوام هێشتا ڕێگرە لە گەڕاندنەوەی ژیانی ئاساییان، هەندێک لە ڕزگاربووەکان ئەمڕۆ بوونەتە بەرپرسیار لە بەخێوکردنی ئەو منداڵانەی کە لە سەردەمی دیلێتیدا لەدایک بوون، لە کاتێکدا هێشتا خێزانێکی زۆر لەسەر هیوای دۆزینەوەی زیاتر لە هەزارو ٧٠٠ کەسی ونبوو دەژین، لەوانەش ژنان و منداڵان، کە ئەمە دۆسیەیەکی مرۆییە و هێشتا بێ چارەسەری یەکلاکەرەوەیە، دۆسیەی ڕفێنراوان و ونبووەکان هێشتا یەکێکە لە دۆسیە مرۆییە ئاڵۆزەکان، وتی: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی ڕفێنراوان، بەتایبەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەهۆی نزیکییەوە لەو ناوچانەی کە تاوانەکانی تێدا ئەنجام دراون، کەچی هێشتا ئەم دۆسیەیە یەکلایی نەکراوەتەوە، هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان چارەنووسی منداڵەکانیان نازانن.

 

کردنەوەی برینەکانی ڕابردوو

جەختی لەوەکردەوە، کە یادی ساڵانەی فەرمانەکە تەنها بۆنەیەک نییە بۆ یادکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکو برینی ژنان ساڵ دوای ساڵ دەكاتەوە، کاتێک خێزانەکان بۆ گوندە وێرانەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان گەڕانەوە، ئەوا هەستی لەدەستدان و تراما نوێ دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەم میراسە قورسە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە لەناو دیمەنی وێرانکاری و نەبوونی خۆشەویستەکان گەورە دەبن، خاوی لە نۆژەنکردنەوەی شنگال و ناوچە زیانلێکەوتووەکان، جێبەجێنەکردنی زۆرێک لە بەڵێنە حکومییەکان، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ژنان بۆ ژینگەیەکی پارێزراو و جێگیر، منداڵە زیانلێکەوتووەکانی فەرمانەکە هێشتا لە دەرەوەی بازنەی گرنگیپێدانی پێویستدان، سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە قووڵەکانن.

 

هانا عەباس لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ژنی ئێزدی هێشتا جەنگێکی ڕۆژانە لەگەڵ کاریگەرییەکانی تراما دەكات، چاکبوونەوە تەنها بە تێپەڕبوونی کات بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە پشتگیری دەروونی بەردەوام هەیە، دادپەروەرییەک کە مافی ڕزگاربووان بداتەوە، و ژینگەیەکی پارێزراو کە هەلی ڕاستەقینەیان پێ ببەخشێت بۆ گەڕاندنەوەی ژیان و کەرامەتیان.