ئێزدییەکان: مێژوویەک لە نکۆڵی و بەرخۆدانی ناسنامە ­­_١

سەرەڕای دانپێدانانی مێژوویی ئێزدییەکان، بەهۆی فشارە دەرەکییەکانڕاستی هاوچەرخ گوزارشت لە جیاوازی لە شوناسدا دەکات، لەوانەش توندڕەوی ئایینی و سستی نوێنەرایەتیی ناوخۆیی، کە دەرکەوتەکانی پەراوێزخستنەکان ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لەناو کورددا بەرهەمهێناوەتەوە.

شیلان سەقزی

 

ناوەندی هەواڵ- ئێزدیەکانی شنگال و یەریڤان پێکهاتەیەکی دانەبڕاو و ڕەگداکوتاوی نەتەوەی کورد پێکدەهێنن، بەڵام وتاری سیاسی و ناسنامەی هاوچەرخ زۆرجار پەراوێزیان دەخات یان جیایان دەکاتەوە لە جەستەی کوردی و وەک "باوەڕدارێکی دیکە" وێنایان دەکات، ئەم ڕاستیە نەک هەر پەیوەستە بە مێژوویەکی بەردەوامی جینۆساید و وەدەرنانی و بێدەوڵەتییەوە، بەڵکو کەموکوڕییەکی فیکری لەناو تەڤگەرە کوردییەکان لە داڕشتنی شوناسێکی بەکۆمەڵی هەمەلایەنە و فراوانی دەردەخات، هەرچەندە سەرچاوە عوسمانی و سەفەوییەکان و هەروەها دەقە ناسیۆنالیستییە سەردەمیەکان، ئێزدییەکانیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردی دەزانی، بەڵام فشارە دەرەکییەکانی وەک ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ، لەگەڵ نوێنەرایەتی سستی و پشتیوانی ناوخۆیی، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی پارچە شوناسییەکان.

 

دووبارە پێناسەکردنەوەی ناسنامەی کورد پێویستی بە وەرگرتنی ئێزدییەکان وەک توخمێکی دامەزرێنەر و بەرخۆدان لە ڕووی مێژووییەوە گرنگە، هیچ گێڕانەوەیەکی هەمەلایەنەی ناسنامەی کورد بە بێ دانپیدانان بە ئازارەکانی شنگال و پەراوێزخستنی یەریڤان تەواو نابێت.

 

لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا مێژووی ئێزدییەکان لە شنگال دەخرێتەڕوو، کە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکارییان لە پێکهاتەیەکی ئایینی لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانیان بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی خاوەن شوناسێکی سەرهەڵداو و نەرم و نیان، هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ئەزموونە مێژووییە دەرەکییەکان پێگەی ئێزدیان لەناو دیمەنی کورد و ناوچەییدا داڕشتووەتەوە، لە گروپێکی تەنها ئایینیەوە بۆ هێزێکی کارا و خاوەن تەوەری سیاسی، داوای نوێنەرایەتی و دانپێدانانیان کردووە.

 

کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال: لە گۆشەگیرییەوە بۆ خۆڕێکخستن

بوون و ڕۆڵی پێکهاتەی ئێزدی لە شنگال، باکووری کوردستان، لە سەرانسەری پێنج قۆناغی مێژووییدا- پێش ئیسلام، لە سەردەمی پاکتاوکردنی نەتەوەی لەلایەن خەلافەتی عوسمانی تا سەدەی بیستەم، لە سەردەمی تێکەڵبوون بە دەوڵەتی عێراق، لە سەردەمی چارەنووسی سیاسی ئێزدییەکان لە شنگال لە دوای ٢٠٠٣ و لە سەردەمی جینۆساید و بەرخۆدانی ساڵی ٢٠١٤ یەکەکان- ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئێزدییەکان هەمیشە خەریکی ململانێ بوون لە نێوان وەدەرنانی و مانەوە، هەروەها ڕەتکردنەوە و خۆڕێکخستن، پەراوێزخستن و ناوەندگەرایی، ئێستا لە کۆمەڵگەیەکەوە کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانیان دامەزراوە، گۆڕاون بۆ هێزێکی بەرخۆدان کە ناسنامەیەکی سیاسی سەرهەڵدەدات.

 

چیرۆکی ئێزدیەکانی شنگال پێش ئیسلام و دوای ئیسلام

پێکهاتەی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین گروپەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، لە میزۆپۆتامیا و چیای شنگالدا ئامادەیییەکی سەقامگیر و ڕێکخراوی پاراست، پێش هاتنی ئیسلام، باوەڕی ئێزدی تێکەڵەیەک بوو لە نەریتی ئایینی و فیکری کە لە شارستانییەتە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا بۆیان ماوەتەوە، لەگەڵ توخمەکانی مەهری و زورڤانە و زەردەشتی، لەم ماوەیەدا چیای شنگال تەنها شوێنێکی جوگرافی نەبووە، نەڵکو وەک ناوەندێکی باوەڕ و سیاسەت خزمەتیان دەکرد، ئێزدییەکان خاوەنی پێکهاتەی سیاسی خۆیان بوون، کە چین و توێژە ئایینییەکان و سەرکردە ناوخۆییەکان و ڕێوڕەسمی جیاوازیان هەبوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زایینی و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی، ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا گۆڕانی بەسەردا هات، بیروباوەڕی ئێزدیەکان وەک ئایینێکی جیاواز نەناسرابوون، بەڵکو لەبری ئەوە بە لادەر ناوزەد کران، لە ئەنجامدا ئێزدییەکان لەو تایبەتی و پارێزگارییە یاساییانە بێبەش کران کە لە سەردەمی خەلافەتی ئومەوی و عەباسیدا بە جگە لە موسڵمانان دەدرا.

 

لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدا، ئێزدییەکان تووشی فشارێکی زیاتر و سیستماتیک بوون، لەوانەش نکۆڵیکردن لە بیروباوەڕەکانیان، ئەمەش بووە هۆی دوورخستنەوەیان لە سیستەمی باج و کۆمەڵایەتی، زۆرجار ناچار بوون موسڵمان ببن یان ڕووبەڕووی پەراوێزخستن دەبوونەوە، بە دوورخستنەوە لە ناوەندەکانی دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی خاوەندارێتی زەوی، پەنایان بۆ ناوچە چیاکانی وەک شنگال برد، هەروەها سەرکوتکردنی پراکتیزە ئایینییەکان و دەستبەسەرداگرتنی شوێنە پیرۆزەکان وردە وردە یاسای ئایینی و هیماییان سسترکرد، بەڵام ئەمە چیای شنگالیشی گۆڕی بۆ پەناگەیەکی جیۆپۆلەتیکی ئێزدییەکان، کە شێواێکی لە خۆبەڕێوەبەری و بەرخۆدانی کولتووری سەریهەڵدا سەرەڕای پەراوێزخستن، مێژووی ئێزدییەکان لە شنگال لە دوای هاتنی ئیسلام، تێکەڵەیەک لە اگیرکاری ئایینی و ئایدیۆلۆژی و بەرهەمهێنانەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی و ئایینییە کە تا سەردەمی سەردەمیش بەردەوام بووە، بۆ ئەوان هاتنی ئیسلام ڕێگایەک نەبوو بۆ یەکگرتن یان گفتوگۆی نێوان کولتوورەکان، بەڵکو ڕێگایەک بوو بۆ نکۆڵی و دوورخستنەوە و پەراوێزخستن- ڕێڕەوێک کە بە شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێگەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتە سەردەمیەکانەوە بەردەوام بوو و بە هێزە بناژۆخوازەکانی وەک داعش گەیشتە لوتکە.

 

پڕۆژەکانی بنبڕکردنی ئێزدیەکانی شنگال

لەگەڵ هاتنە ناوەوەی خەلافەتی عوسمانی بۆ شنگال لە سەدەی ١٦دا، ئێزدییەکان ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری پەراوێزخستن بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی عوسمانییەکان بە فەرمی سیستەمی "نەتەوە"یان بۆ بەڕێوەبردنی فرەچەشنی ئایینی و نەتەوەیی پەسەند کرد، بەڵام ئایینی ئێزدی لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە مایەوە، شوێنکەوتووانی نە موسڵمان و نە بە ئەهلی پەرتووک هەژمار دەکران و پارێزگاری یاسایییان لێ بێبەش کرا و بەرەوڕووی توندوتیژیی سیستماتیکی دەوڵەت و ئامێرە نیمچە سەربازییەکانی هێشتەوە، ئەم وەدەرنانییە تەنها بە ڕەتکردنەوەی پێگەی دیمیس "جگە لە موسڵمانە پارێزراوەکان'' سنووردار نەبوو، هەروەها دەرگای سەپاندنی سزای سزادراوی ئایینی کردەوە، جگە لەوەش هەڵمەتی پاکتاوکردنی ئایینییان بۆ کراوە، لە ماوەی سەدەی ١٧ و ١٩هەمدا ئێزدییەکانی شنگال بەرگەی زنجیرەیەک هەڵمەتی خوێناوییان گرت بە سەرکردایەتی پارێزگارەکانی عوسمانی وەک بەدیع زەمان و داود پاشا، کە گەیشتە لوتکە بەو کۆمەڵکوژییەی لە ساڵی ١٨٣٢ لەلایەن محەمەد پاشا، پارێزگاری موسڵەوە ئەنجامدرا، کە بە یەکێک لە ترستاکترین تاوانەکان دادەنرێت کە بەرامبەریان ئەنجامدراوە.

 

عوسمانییەکان لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک بە زۆرەملێی نیشتەجێکردنی خێڵە موسڵمانەکان لە ناوچە ئێزدییەکان، پڕۆژەیەکی سیستماتیکیان جێبەجێ کرد کە ئامانجی "گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافی" بوو، ئەم سیاسەتانە جۆرێک لە داگیرکاری ناوخۆیی پێکدەهێنا کە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی ئێزدییەکانیان کردە ئامانج، لە سەدەی ١٩هەمدا، لەگەڵ چاکسازی و ناوەندگەرایی حکومەتی عوسمانی، هەوڵی نەهێشتنی هەر ئۆتۆنۆمییەکی ئێزدی درا، شۆڕشە ناوخۆییەکانیان بە توندوتیژی سەرکوت دەکران و سەرکردە ناوخۆیی و ئایینییەکانیان کوژران یان دەربەدەر کران، لە سەروبەندی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، ئێزدییەکان وەک ئەرمەنەکان و ئاشوورییەکان و کەمینەکانی دیکە کەوتنە ئامانجی سیاسەتی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی تورکیا، زۆرێک لە ئێیدییەکان لە کاتی گێژاوی جەنگی جیهانی یەکەم و دوای ئەویش کوژران یان بە زۆر کۆچیانکرد.

 

دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەی ١٦ تا سەرەتای سەدەی ٢٠ نەک هەر ئێزدییەکانی لە پێکهاتەی پشتیوانی ئایینی بێبەش کرد، بەڵکو ئامرازی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی بۆ پەراوێزخستنیان بەکارهێنا، سیاسەتەکانی خەلافەت تەنها لەسەر بنەمای نایەکسانی سەبارەت بە بیروباوەڕی ئێزدی نەبوون، هەروەها لەگەڵ پڕۆژەکانی ئەندازیاری نەتەوەیی و کۆنترۆڵکردنی خاکەکاندا تێکەڵ بوون، دواجار ئێزدییەکانی شنگال لە سەردەمی عوسمانیدا بوونە قوربانی سیاسەتێکی سیستماتیکی وەدەرنانی مێژوویی و نکۆڵی و بێدەنگکردن- سیاسەتێک کە لە ژێر پەردەی دروشمە ئیسلامییەکانی خەلافەتدا توندوتیژیی پێکهاتەیی و داگیرکاری ئایینی و کولتووری کرد.

 

ئێزدییەکان لە پرۆژەی بونیادنانی دەوڵەتی عێراق

دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ سەرەتای پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی عەرەبی بوو کە شوناسە نەتەوەیی و نەتەوەیی و ئایینییەکانی پەراوێزخست، لەوانەش ناسنامەی ئێزدی، سەرەڕای ئەو باوەڕەی کە ڕەنگە ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی هەڵاواردنی سەدەکانی ڕابردوو لە ئێزدییەکان هەڵبگرێت، بەڵام دەوڵەتی سەردەمی عێراق، توندوتیژی سیاسیی بە سیاسەتی ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ، وەدەرنانی هێمای و نکۆڵی ناسنامە گۆڕی.

 

ئێزدییەکان لە ڕووی دەستوورییەوە وەک گروپێکی ئایینی یان نەتەوەیی دانپێدانانیان پێنەدرابوو، یان بە موسڵمانی "لاڕێ" یان "کوردی بێ ئایین" پۆلێنکرابوون، ئەمەش بە بێ پاراستنی یاسایییانی هێشیەوە، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس "١٩٦٨-٢٠٠٣"، سیاسەتی تەعریبکردن لە ناوچە زۆرینەی ئێزدیەکان، وەک شنگال، چڕتر بووەوە و بە زۆر بە عەرەب یان موسڵمان تۆمار کران، لە کاتێکدا شوێنە پیرۆزەکانیان ڕووبەڕووی کاولکاری بوون.

 

پارتی بەعس بە هۆی ناسنامەی کولتووری و بیروباوەڕی ئێزدییەکان وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری تەماشای ئێزدییەکانی دەکرد، لە ٨٠کانی سەدەی ڕابردوودا، لە کاتی هەڵمەتی ئەنفالدا، هەزاران ئێزدی کوژران یان کۆچیانکرد، زۆربەیان خرانە لیستی "نامتمانە" و دامەزراندنی حکومی و سەربازییان لێ قەدەغەکرا، شنگال بە یەکێک لە ناوچە بێبەشەکانی عێراق مایەوە و بە ئەنقەست تووشی پەراوێزخستن بوو، هەروەها خوێندنگە ئاینیەکان داخران، هەر بۆیە ئێزدییەکان لە ژێر فشاری دەسەڵاتدا چەندین جار ناچار بوون شنگال بەجێبهێڵن، لە ساڵانی ٧٠کان و ٨٠کانی سەدەی ڕابردوودا حکومەتی بەعس لە ڕێگەی پڕۆژەی وەک نیشتەجێکردنی خێڵە عەرەبەکان لە ناوچە ئێزدییەکان دەستکاری پێکهاتەی دیمۆگرافیای بە قازانجی عەرەب کرد.

 

لە ڕاستیدا دەوڵەتی سەردەمی عێراق، لە دوای ساڵی ١٩٢١، لەگەڵ سەرهەڵدانی چەمکەکانی بونیادنانی نەتەوە و گەشەپێدان، بوو بە پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ و نەهێشتنی وردە وردەی کەمینەکان، بەڵم ئێزدییەکان کە دوای چەندین سەدە توندوتیژیی عوسمانی هیوایان بە سەقامگیری هەبوو، ئەمجارەیان نەک بە زۆر، بەڵکو بە ڕێگەی یاسایی و ناسنامە و کارگێڕی پەراوێزخران، دۆخییان ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە ناسیۆنالیستی و ناوەندگەراییەیە کە تێیدا "یەکێتی نەتەوەیی" وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگی کەمینەکان سەیر دەکرا، لەم چوارچێوەیەدا ئێزدییەکانی شنگال نەک هەر مافی هاوڵاتیبوونی تەواویان لێ زەوت کرا، بەڵکو بوونە هێمایەکی توندی داگیرکاری ناوخۆیی لەناو دڵی دەوڵەتی سەردەمی.

 

چارەنووسی سیاسی ئێزدییەکان

ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ سەرەتای سەردەمێکی نوێی ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی خێڵی بوو، ئەم ئاڵوگۆڕە بارودۆخی بۆ ئێزدیەکان باشتر نەکرد، بەڵکو لە بۆشایییەکی سیاسی و ئاسایشی مەترسیداردا بەجێێشتن، شنگال بوو بە ناوچەیەکی پارێزبەندی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، بەمەش پێکهاتەی ئێزدی کردە بارمتەی ڕکابەرییە جیۆپۆلەتیکییەکان.

 

شنگال یەکێک بوو لەو خاکە جێناکۆکانەی نێوان حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگە بە ناو بەرپرسیاری ئاسایشی ناوچەکە بوو، بەڵام هیچ پێکهاتەیەکی پاراستنی بۆ ئێزدییەکان دانەمەزراند، بە کردەوە ئێزدییەکان بوونە بارمتەی سیاسەتی نەتەوەی، نە بە تەواوی وەک ئێزدی ناسرابوون، نە ملکەچی حکومەتی عرەبی بەغدا بوون.

 

کاتێک داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤دا شنگالی داگیرکرد، کۆمەڵکوژی ئەنجامدا و زیاتر لە پێنج هەزار پیاوی کوشت و هەزاران ژن و منداڵی ناچارکرد بە کۆیلایەتی سێکسی و کاری زۆرەملێ، هێزی پێشمەرگە بەبێ شەڕ کشایەوە و ئێزدییەکان بێ پاراستن و متمانەیان بە دامودەزگا فەرمییەکان تێکشکاند، دەستێوەردانی خێرای پەکەکە و یەپەگە تاکە هێز بوو کە ڕێگری لە جینۆسایدی تەواوەتی کرد و خاڵی وەرچەرخانێکی لە هۆشیاری سیاسی ئێزدییەکان دیاری کرد.

 

ئێزدیەکانی شنگال لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٥

دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە هێرشەکەی داعش، کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هەڕەشە ئاسایشییەکان، هەرچەندە حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕی ٥٠ ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال تەرخانکرد، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان ئاستەنگی جێبەجێکردنی کرد، تا مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٤٣٪ی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار ئاوارەی ئێزدی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژێرخانەکانیش هەروا بە وێرانی ماونەتەوە.

 

هێرشی داعش خاڵی وەرچەرخانێکی سەرەکی بوو، ئێزدییەکان لە پێگەی زیانلێکەوتووەوە بۆ پێگەی بەرخۆدان و خۆڕێکخستن گۆڕان، بۆ یەکەمجار یەکینەکانی پاراستنی شنگال دامەزران، کە لە ژن و پیاوی گەنجی ئێزدی پێکهاتبوون، بە ئیلهام لە بنەماکانی "خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشنیارکرابوون، ئەم یەکانە بەشدار بوون لە بەهێزکردنی ناسنامەی ئاسایشی و سیاسی ئێزدییەکان.

 

لە گێڕانەوەی نەریتیدا ئێزدییەکان وەک کەمایەتییەکی دابڕاو و پەراوێزخراو سەیر دەکران، بەڵام هاتنە ناوەوەی یەپەگە و پەکەکە ڕۆڵی ئەوانی پێناسە کردەوە، ئێزدییەکان چیتر تەنها بەرگرییان لە مانەوەی فیزیکی خۆیان نەدەکرد، بەڵکو بوونە لایەنگری پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ خۆبەڕێوەبردن و بەرگریکردن لە خۆ و سەروەری ناوخۆیی لە چوارچێوەی "داگیرکاری دیموکراتیک"دا، ژنانی ئێزدیش بە پەیڕەوکردنی نموونەی یەپەگە لە ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان ڕێکخست بۆ یەکەکانی خۆیان یەکینەکانی پاراستنی شنگال کە هەنگاوێکی بێ وێنە بوو لە مێژووی پێکهاتەی ئێزدیدا.

 

ئەم گۆڕانکارییە تەنها کاردانەوەیەکی بەرگریکارانە نەبوو بەرامبەر بە جینۆسایدەکە، بەڵکو سەرەتای پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی فراوانتر بوو، کە گۆڕانکاری لە پەراوێزخستنی مێژووییەوە بۆ خۆڕێکخستنەم سەرەڕای دژایەتیی ناوچەیی و هەڕەشە ئاسایشییەکان، ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو بوو لە بونیادنانی نموونەیەکی بەرخۆدانی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا، داهاتووی شنگالیش ئەمڕۆ بەستراوەتەوە بە توانای ئەم پڕۆژەیە بۆ بەرگەگرتن و پاراستنی یەکگرتوویییەکەی.

 

شنگال و یەریڤان هەمیشە لانکەی شوناسی ئێزدی بوون، یەکەمیان لە چیا و قەیرانە بەردەوامەکانیدا و دووەمیان لە شوێنی پەرشوبڵاو و ئاڵۆزی قوقازدا، بەڵام ئەزمونی ئێزدی لە قوقاز چۆن لەگەڵ بەرخۆدان و ناسنامەی ئێزدیەکانی شنگالدا یەک دەگرنەوە؟

ئەمە لە بەشی داهاتوودا باسی لێوە دەکرێت، لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە مێژووی کورد لە قوقاز، لە ئۆتۆنۆمی پێش سۆسیالیستییەوە تا پەراوێزخستنی سیاسی هاوچەرخ، پەیوەندی ئاڵۆزیان لەگەڵ پێکهاتەی ئێزدی شنگال.