ئومۆژا گوندێک کە ژن بەڕێوەی دەبات

ئومۆژا بە زمانی کینی واتا یەکێتی، یەکێکە لەو گوندانەی کە تەنها ژنی تێدا دەژی و بۆ پیاوان قەدەغەیە، تایبەتە بە ژنانی ڕزگاربوو لە دەست دەستدرێژی سێکسی و ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، ماوەی ٢١ ساڵیشە ژنان بە ئارامی لەو گوندەدا ژیان بەسەر دەبەن.


ناوەندی هەواڵ

 

گوندی ئومۆژا یەکێکە لەو گوندانەی ژن بەڕێوەی دەبات و تایبەتە بە ژنانی ڕزگاربوو لە دەست دەستدرێژی سێکسی و ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە یاخود لە دەست سیستمی پیاوسالاری هەڵهاتوون و دەیانەوێت لە ئارامیدا بژین.

ئۆمۆژا ٣٨٠ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی نایرۆبی پایتەختی کینیا، بە زمانی کینی ئومۆژا واتا یەکێتی، لەم گوندەشدا ژنان پێکەوە و بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ منداڵەکانیان دەژین، مێژووی دروستبوونی گوندی ئومۆژا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن چالاکوانی بواری ژنان رەبەکا لۆلۆسۆلی-یەوە بنیاد نراوە، ڕەبەکا هەتا ئێستا لە کینیادا لە بەرامبەر کردەوەکانی وەک خەتەنەی کچان، دەستدرێژی، هاوسەگیری لە تەمەنی بچوکدا بەشێوەیەکی چالاکانە تێدەکۆشێت و بەڕێوبەری گوندەکەیە.

 

گوندەکە بۆ ڕزگاربوون لە دەستدرێژی

لە باسی بنیادنانی گوندی ئۆمۆژادا ڕەبەکا دەڵێت ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ ١٤ هاوڕێیدا لە لایەن سەربازانی بەریتانییەوە دەستدرێژی کراوەتە سەریان، بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە بڕیار دەدەن گوندێک تایبەت بە ژنان بنیاد بنێن و دەست دەکەن بە دامەزراندنی گوندی ئۆمۆژا، باس لەوەش دەکات دامەزراندنی گوندێک تایبەت بە ژنان هەروا ئاسان نەبووە، بەڵکوو زۆر جار پیاوان گێچەڵیان پێکردوون و هەوڵی تێکدەرییان داوە.

 

چیرۆکی گوندەکە

چیرۆکی ژنەکان هەریەکیان بە جۆرێکە، یەکێک لە ژنەکان لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە زۆرەملێ دەدرێت بە پیاوێکی ٨٠ ساڵ، زۆر ژنی گەنج هەن کاتێک فرۆشراون لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ڕایانکردووە و لەو گوندەدا دەژین، یەکێک لەو ژنانە باس لەوە دەکات کاتێک لە شوانی مەڕ و بزنەکانی هاوژینەکەی بووە لە لایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، تەنانەت شوێنەواری ئەو برینەش لە قاچیدا ماوە کە لە کاتی هەڵهاتنی لەدەست پیاوەکان کەوتووە و چووە بە بەرددا.

 

هەرچەندە ژیانی گوندەکە قورس بێت، بەڵام بۆ ئەو ژنانەی تێیدا دەژین مایەی دڵخۆشی و ئاسوودەییە، بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارە دەستییانەیە کە دەیچنن و پێویستییەکانیان لە خواردن و جلوبەرگ و کەلوپەلەکانیانی پێ دابین دەکەن، هەروەها بەڕێوەبەرانی ئومۆژا چەند کیلۆمەترێک دووری گوندەکەیان، کەمپێکیان لە نزیک ڕووبار دروست کردووە بۆ گەشتیاران و ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن، تا لەوێدا بمێننەوە و وەک سەرچاوەیەکی داهاتیشە بۆ ژنانی ئومۆژا، و ئومێدەوارن ئەو گەشتیارانەی سەردانیان دەکەن ئەو کەلوپەلە جوانکاریانەیان لێبکڕدن کە دروستیان کردوون.

 

گوندەکە قەدەغەیە بۆ پیاوان

ئەو ژنانەی لە کینیا ژیانی کەلتوری پیاوسالاریان بەجێهێشتووە، ئەو ژنانەی لە توندوتیژی هەڵهاتوون لە گوندی ئومۆژا پێکەوە دەژین و قەدەغەیە کە پیاوان بێنە ئەو گوندە، لەو گوندە خوێندنگەیەک هەیە بۆ منداڵەکان و تەنانەت کراوەیە بۆ ئەو منداڵانەی لە گوندەکانی تری ژێر کاریگەری پیاوسالارییەوە دێن و هەموو کاروبارێکی گوندەکە ژنان هەر خۆیان دەیکەن، لە ئێستاشدا گوندی ئۆمۆژا نزیکەی ٤٧ ژن و ٢٠٠ منداڵی تێدا دەژی.

 

ت.پ