یونیسێف: زیاتر لە ٣٧٧٤ منداڵ لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا کوژراون

بەهۆی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە ٣٧٧٤ منداڵ لە نێوان مانگی ئازاری ٢٠١٥ تا ئەیلوولی ٢٠٢٢ کوژراون، ٧٢٤٥ منداڵی دیکە لە ململانێکاندا پەککەوتە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

یونیسێف ڕۆژی دووشەممە دوای هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی دارایی جیهانی کە چەندین ملیار دۆلاری لە یەمەن دەستپێکرد ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣٧٧٤ منداڵ لە شەڕی ناوخۆی یەمەن لە نێوان مانگی ئازاری ٢٠١٥ تا ئەیلوولی ٢٠٢٢ کوژراون، ٧٢٤٥ منداڵی دیکە لە ململانێکاندا پەککەوتە بوون.

 

کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکار وتی: "نوێکردنەوەی بەپەلەی ئاگربەست هەنگاوێکی یەکەمی ئەرێنی دەبێت کە ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنێکی مرۆیی گرنگ دەدات، ئەگەر بیەوێت منداڵانی یەمەن هەر چانسی داهاتوویەکی شایستەیان هەبێت، ئەوا لایەنەکانی ململانێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەوانەی کاریگەرییان هەیە، دەبێت دڵنیابن لەوەی کە پارێزراون و پشتیوانییان لێدەکرێت."

 

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، حوسییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان مینی چێندراویان بەکارهێناوە، کە چەکێکە لە نێوان مانگی تەمموز و ئەیلولی ئەمساڵدا لانیکەم ٧٤ منداڵی لە سەرانسەری یەمەن کوشتووە.

 

یونیسێف ڕایگەیاندووە، لە مانگی ئازاری ٢٠١٥ تا ئەیلوولی ٢٠٢٢ نزیکەی ٣٩٠٤ کوڕ وەک سەربازی منداڵ وەرگیراون، میلیشیاکە بە ئاشکرا منداڵانی سەربازی وەرگرتووە، زۆربەیان لە ڕێگەی "کەمپە هاوینەییەکان"ەوە کە تێیدا ئایدۆلۆژیای خۆی بۆ کوڕانی گەنج بڵاودەکاتەوە.

 

بەرپرسانی حوسی لە سەرەتای ئەمساڵدا دانیان بەوەدا ناوە کە میلیشیاکان هەندێک کوڕی تەمەن ١٠ ساڵانیان وەرگرتووە، بەو پێیەی کوڕانی ئەم تەمەنە بە پیاو دادەنرێت.

 

یونیسێف هەفتەی ڕابردوو بانگەوازێکی کردەوەی مرۆیی بۆ منداڵان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە بڕی ١٠.٣ ملیار دۆلار دەستپێکرد بۆ هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەی کە بەهۆی ململانێ و کارەساتەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا زیانیان بەرکەوتووە، ئامانجی کۆکردنەوەی نزیکەی ٤٨٤.٥ ملیۆن دۆلارە بە درێژایی ساڵ بۆ یەمەن.

 

لە کاتێکدا هەزاران منداڵ گیانیان لەدەستداوە، سەدان هەزار کەسی دیکەش لە مەترسی مردندان بەهۆی نەخۆشی یان برسێتی کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، یونیسێف ئاماژەی بەوەداوە کە زیاتر لە ١٧.٨ ملیۆن یەمەنی دەستیان بە ئاوی پاک و پاکوخاوێنی و خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی نەگەیشتووە

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمەش نزیکەی ١٠ ملیۆن منداڵ بەبێ دەستڕاگەیشتن بە چاودێری بە شێوەیەکی گونجاو دەهێڵێتەوە.

 

 نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا بانگەوازیان کردبوو کە ٥١.٥ ملیار دۆلاری پێوانەیی پارەی هاوکاری بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تۆمار بکرێت، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە و زیاتر لە پێنج هێندەی ئەو بڕە پارەیەی کە دە ساڵ لەمەوبەر داوای دەکرا.

 

هەروەها ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کردووە کە نزیکەی ٢.٢ ملیۆن منداڵ لە یەمەن "بەدخۆراکی توند"یان هەیە.