توێژەری مەغریبی: ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن چەکی دووەمن

سۆفیا بەزاز کە توێژەرێکە لە بواری ژیریی دەستکرددا، ڕایگەیاند کە تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی جێگرەوە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ژیانی ژنان دروست کردووە، بەم شێوەیەش ئەم ئامرازانە ئێستا بۆ ئەوان بوونەتە شێوازێکی ژیان.

ڕەجا خەیرات

مەغریب – ژمارەیەکی زۆری ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو چوونەتە ناو ژیانی جێگرەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەسەر ئەم تۆڕانە کێشەکانی خۆیان دەردەبڕن، کۆمەڵەکان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و کارامەیییەکان ئاوا دەکەن و لە ئەزموونی یەکتر سوودمەند دەبن. هەروەها لە پێشکەشکردنی ڕێنمایی و چارەسەرکردنی کێشەکاندا دوودڵ نابن.
ژیریی دەستکرد هێدی هێدی چووە ناو ژیانی ژنانەوە و بوو بە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەیان. سەرڕای هەموو لایەنە باشەکانی کە لەگەڵ خۆیدا هێناونی، چەندین لایەنی خراپیشی تۆمار کردوون؛ وەک دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە نێوان کەسەکان و لە نێوان خزم و دۆستاندا.

ماڵپەڕە تایبەتمەندەکان، بوونەتە خاوەن پێگەیەکی گەورەی ڕاوێژکاری کە هەر کاتێک بابەتێک سەخت بێت سەرەدانیان دەکرێت و ئیتر بۆ دەستێوەردانی ڕێنمایی و ئەزموونی مرۆیی چەند کایەیەک نەماوە. لە لایەکی ترەوە، هەندێک لە پسپۆران هۆشدارییان دا لەسەر پێشکەوتنی خێرای ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکەی لەسەر سروشتی کار لە زۆر سێکتەردا، بەتایبەت لەبەر ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری ژنان لە کارە کارگێڕی، نووسینگەیی و خزمەتگوزارییەکاندا کار دەکەن، وەک داخڵکردنی زانیارییەکان، خزمەتگوزاریی کڕیاران و کارەکانی نووسین. ئەمانە ئەو کارانەن کە دەکرێت بەهۆی ژیریی دەستکردەوە کۆتاییان بێت. لەبەر ئەمەش، هەندێک لە چاودێران و کەسانی پێوەندیدار دەترسن کە بڵاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد ببێتە هۆی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی کار لە هەندێک لەو پیشانەی ژنان تێیدا کار دەکەن.

کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر کاری ژنان
سۆفیا ئەلبەزاز کە توێژەرێکە لە بواری ژیریی دەستکرددا، وتی:  کە ئاخافتن لەسەر ژیریی دەستکرد تەنها بە واتای ئاخافتن لەسەر تەکنەلۆژیایەکی نوێ نایێت کە لە پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژییەوە سەرچاوەی گرتبێت. بەڵکو سۆفیا باس لە گۆڕانکارییەکی قووڵ دەکات کە لە نوێوە شێوە بە بازاڕی کار، شێوازەکانی بەرهەمهێنان و سروشتی کارەکان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا دەبەخشێت. ئەمەش پرسێک لەسەر کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر توێژە پیشەیییە جیاوازەکان دەهێنێتە پێشمان. ئەمانەش لە پلەی یەکەمدا ژنانن، کە بەشێکی بنەڕەتی لە هێزی کار لەسەر ئاستی جیهان پێکدەهێنن.

هەروەها سۆفیا ئەلبەزاز ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، نزیکەی لەسەددا ٢٩ی ئەو کارانەی ژنان تێیدا کار دەکەن، بە ئاستی جیاواز، لەژێر کاریگەریی ژیریی دەستکرددان. لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ ئەو کارانەی پیاوان تێیدا کار دەکەن لەسەددا ١٩ تێپەڕ ناکات. ئەم جیاوازییە بە ڕوونی نیشانەی جیاوازیی دابەشبوونی پیشەییی نێوان هەردوو ڕەگەز و سروشتی ئەو ئەرکانەیە کە هەر یەکێکیان لە بازاڕی کاردا جێبەجێی دەکەن.

"ڕۆبۆتەکانی گفتوگۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری کڕیارانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا گرتووەتە ئەستۆ"
هەروەها سۆفیا دانی بەوەدا نا کە کاتێک مرۆڤ سەیری ڕاستی لەبەرچاو دەکات، ئەم گۆڕانکارییانە لە ئێستاوە لە ناو چەندین دەزگا و کارگێڕیدا دەستیان پێکردووە. بەم شێوەیەی کە ڕۆبۆتەکانی گفتوگۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری کڕیارانیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا گرتووەتە ئەستۆ. وەک چۆن بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بەڵگەنامەکان، دابەشکردنی زانیارییەکان، ڕاستکردنەوەی دەقەکان، هەروەها ئامادەکردنی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانیان لە کاتێکی پێوانەییدا بەدەست هێناوە. ئەمانە ئەو ئەرکانە بوون کە پێشتر کاتژمێری درێژی لە کاری مرۆیی و ژمارەیەکی زۆرتری لە فەرمانبەران دەویست تا ئەنجام بدرێن.


سۆفیا ئەلبەزاز وتی: ئاخافتن لەسەر ئەم پێشکەوتنانە نابێت لای ئێمە ئەو بڕوایە دروست بکات کە ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی لەدەستدانی کاری ژنان یان دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کار. چونکە ئەزموونە مێژووییەکانی پێوەندیدار بە شۆڕشی تەکنەلۆژیی پێشوو نیشانیان داوە کە تەکنەلۆژیای نوێ کار لەناو نابات، بەڵکو زیاتر لە نوێوە شێوەی پێ دەبەخشێت و سروشتی ئەو کارامەیییانەی کە تێیدا داوا دەکرێن دەگۆڕێت. لەبەر ئەمەش، هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی پێشکەتنی تەکنیکی دەبووە هۆی پاشەکشەی هەندێک پیشەی کۆن، بەڵام لە بەرامبەردا ئاسۆیەکی نوێی بۆ دەرکەوتنی ئەو پیشانە دەکردەوە کە پێشتر بوونیان نەبوو.

"دژواریی ڕاستەقینە لە خودی ژیریی دەستکرددا نییە"
سۆفیا گوتی کە دژواریی ڕاستەقینە لە خودی ژیریی دەستکرددا نییە، بەڵکو لەو جیاوازییە دیجیتاڵییەدایە کە هێشتا لە زۆر بواری تەکنەلۆژیدا ژنان و پیاوان لە یەکتر جیا دەکاتەوە. سۆفیا دانی بەوەدا نا کە ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ژنان تەنها بە ڕێژەی نزیکەی لەسەددا ٣٠ لە کرێکاران لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا نوێنەرایەتی دەکەن و ئەم زانیارییانەی دا: ئەمە بەو واتایە دێت کە دەرفەتەکانی کار لەو کارە نوێیانەی کە لەلایەن ئابووریی دیجیتاڵییەوە دۆزراونەتەوە هێشتا وەک ئەوەی داوا دەکرێت بە یەکسانی دابەش نەکراون. گرنگترین هەنگاوی ئەمرۆ، وەبەرهێنانە لە پەروەردەکردنی ژنان و کچان و دەستپێکردنیانە بە کارامەیییە دیجیتاڵی و تەکنەلۆژییەکان. ئەوانەی کە بۆ چوونە ناو بازاڕی کاری داهاتوو ئیتر بوونەتە مەرجێکی بنەڕەتی.

"ئامرازەکانی ڕاگەیاندن چەکێکی دوولایەنەن"
دەربارەی کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر ژیانی ژنان، سۆفیا وتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی ڕۆژانەی ژناندا. ئەوان ئیتر تەنها ئامرازێک نین بۆ ناسین و پێوەندی. هەروەها گۆڕاون بۆ کایەیەکی دیجیتاڵی بۆ فێربوون، بەدەستهێنانی زانیاری، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان و ئاوەکردنی پێوەندییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان. چونکە زۆرێک لە ژنان ڕوو لەم تۆڕانە دەکەن تا زانیاری بەدەست بهێنن و داوای ڕێنمایی لە بوارە جیاوازەکاندا بکەن. زانیارییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردەی خێزانی، خوێندن، گەشەپێدانی کەسایەتی و هتد. زۆرێک لە کۆمەڵە و پەڕە تایبەتمەندەکان لە ڕێگەی 'فەیسبووک' و 'ئینستاگرام'ـەوە بوونەتە وەک کۆڕی کراوە کە ژنان تێیدا ئەزموونەکانی خۆیان لەگەڵ کەسانی تر لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا بەش دەکەن.

لە چەندین کۆمەڵگەدا بۆ بەهێزکردنی توانای دارایی ژنان بووە یارمەتیدەر
ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ئەم ئامرازانە توانای زۆرێک لە ژنان دروست بکەن کە بچنە ناو جیهانی کار و بازرگانیی دیجیتاڵییەوە. هەندێکیان توانیویانە بیرۆکە سادەکان بگۆڕن بۆ پڕۆژەی سەرکەوتوو، بە فەزڵی ئەو دەرفەتانەی کە ئەم تۆڕانە پێشکەشی دەکەن. بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی خۆیان بناسێنن. ئەمەش لە چەندین کۆمەڵگەدا بۆ بەهێزکردنی توانای دارایی ژنان بووە یارمەتیدەر.

هەروەها لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دژواریی ڕاستەقینە لە خودی ژیریی دەستکرددا نییە. لە هەمان کاتدا لەو جیاوازییە دیجیتاڵییەدایە کە هێشتا لە زۆر بواری تەکنەلۆژیدا ژنان و پیاوان لە یەکتر جیا دەکاتەوە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ژنان تەنها بە ڕێژەی نزیکەی لەسەددا ٣٠ لە کرێکاران لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا نوێنەرایەتی دەکەن، ئەمەش بەو واتایە دێت کە دەرفەتەکانی کار لەو کارە نوێیانەی کە لەلایەن ئابووریی دیجیتاڵییەوە دۆزراونەتەوە هێشتا وەک ئەوەی داوا دەکرێت بە یەکسانی دابەش نەکراون.