تاڵیبان ژنانی ئەفغانی لە کارمەندییەوە دابەزاند بۆ ئاستی سواڵکردن

لە ئەفغانستان، بەهۆی فشارەکانی تاڵیبان و هەژارییەوە، هەزاران ژن کە پێشتر خاوەن کار بوون، ئێستا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناچارن لە شەقامەکاندا سواڵ بکەن و ڕووبەڕووی پێشێلكاریی گەورە دەبنەوە

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان – لە ئەفغانستان مێژووی دیاردەی سواڵکردن زۆر درێژخایەن نییە. بەڵام بەهۆی دەیان ساڵ جەنگ، هەژاری و داڕمانی ئابوورییەوە، بۆ زۆر کەس بووەتە بەشێک لە ژیان. بۆ هەندێک کەس وەک پیشەیەک و بۆ زۆربەیان دوا چارەسەرە. دوای ئەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ گەڕایەوە سەر دەسەڵات، تەنانەت ئەو ژنانەی پێشتر لە فەرمانگە حکومییەکان یان کەرتی تایبەتدا کاریان دەکرد، ئێستا لە پەنای ڕێگاکانی شارە گەورەکاندا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان وەستاون.

 

فشارەکانی تاڵیبان و ڕاپۆرتەکانی هەژاری

لەو نێوەندەدا، تاڵیبان لە زۆرێک لە شارەکاندا ئەو کەسانە دەستگیر دەکات کە سواڵ دەکەن تاوەکو ئاستی هەژاری لە وڵاتدا بشارێتەوە. هەندێک لە دەستگیرکراوان ڕایانگەیاندووە کە لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی لێدان، سووکایەتی و شەرمەزارکردن بوونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢٥، لە ئەفغانستان ٣٧ هەزار و ٩٤٦ کەس هەبوون کە سواڵیان دەکرد. تاڵیبان ٣٧ هەزار و ٢١٢ کەسی لەوانی وەک "سواڵکەری پیشەگەر" ناوزەد کرد. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بە نائاسایشیی بەربڵاوی خۆراک و بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن. بەڵام پەیڤداری تاڵیبان زیادبوونی هەژاریی ڕەتکردەوە و ئیدیعای کرد کە لە شەقامەکانی ئەفغانستاندا هیچ کەسێک نییە سواڵ بکات. بەڵام بەسەرهاتی ئەو ژنانەی لە شەقامی شارە جیاوازەکاندا دەوەستن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، وێنەیەکی تەواو جیاواز نیشان دەدەن.

 

شاهگوڵ: لە پەرتووکخانەوە بۆ زیندان

شاهگوڵ وەهید بەر لەوەی تاڵیبان دەسەڵات بگرێتە دەست، لە شەقامێکی کابول خاوەنی پەرتووکخانەیەک بوو. دوای هاتنی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، بۆ ماوەیەک هەوڵیدا درێژە بە کارەکەی بدات، بەڵام بارودۆخەکە باش نەبوو. سێ منداڵی هەیە کە دەبێت بەخێویان بکات و تا ئێستا سێ جار دەستگیرکراوە.

 

جاری کۆتایی، تاڵیبان ناچاری کرد بەڵێننامە پڕبکاتەوە کە جارێکی تر لە شەقامەکاندا کار نکاتەوە و ئاگادارییان پێدا کە ئەگەر بگەڕێتەوە، خۆی بەرپڕسیار دەبێت لە چارەنووسی منداڵەکانی. شاهگوڵ وتی: من سواڵکەر نەبووم، بەڵام هەرجارێک دەستگیر دەکرام، لێیان دەدام، سووکایەتییان پێ دەکردم و دەیانبردم بۆ زیندان. زۆر کچ و کوڕی گەنجم دیت کە بەهۆی سواڵکردنەوە دەستگیرکرابوون، بەڵام نازانم چییان بەسەرهات.

فەوزییە خوداداد و بەسەرهاتە تەمومژاوییەکەی

 

لە مەزاری مەزاری شەریف، ڕووبەڕووی فەوزییە خودادادی دایکی چوار منداڵ بووینەوە و قسەی بۆ کردین. لە دەستە لەرزیوەکانیدا چەند پێنووسێک هەبوون. بەر لەوەی تاڵیبان بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، لە فەرمانگەیەکی حکومیدا کاری دەکرد. هاوژینەکەم سەربازێکی سوپای نیشتمانیی ئەفغانستان بووە و ساڵێک بەر لە گەڕانەوەی تاڵیبان لە خەست لە شەڕێکدا لە دژی تاڵیبان کوژراوە. فەوزییە بەم شێوەیە باسی بەسەرهاتی ژیانی خۆی کرد: هاوژینەکەم چووبووە دەرێ تا نانێک بهێنێت، بەڵام تاڵیبان کوشتی. ئەمڕۆ، من کارەکەم لەدەستداوە، ئێستا لە پەنای ڕێگام و سواڵ دەکەم. بەڵام بۆ ئەوەی لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر نەکرێم، خۆم وەکو فروشەی پێنووس نیشان دەدەم.

 

 

گۆڕانی بامیان و ڕەوشی گولتۆم عەلی

لە بامیان، هەژاری تەنانەت شارەکەشی گۆڕیوە. بەر لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، لەو پارێزگایەدا دیاردەی سواڵکردن کەم بوو. ئەگەر خێزانێک ڕووبەڕووی هەژاری یان بێکاری ببایەتەوە، زۆر کەس پارەیان کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن یان کەلوپەلی دیکەیان بۆ بکڕن تا داهاتی خۆیان دابین بکەن. بەڵام ئەمڕۆ، هەژاری بەڕادەیەک بەربڵاو بووە کە زۆر کەس ئیتر ناتوانن هاوکاری یەکتریش بکەن.

 

لە سەر یەکێک لە ڕێگاکانی بامیان، ڕووبەڕووی گولتۆم عەلی بووینەوە. ئەو ژنێکی تەمەن ناوەندە و لە ڕێکردن و هەناسەداندا زەحمەتی دەکێشێت. ئەوی بردین بۆ ماڵە سادەکەی خۆی، لەوێ ڕووبەڕووی بووکە بچووکەکەی و سێ منداڵە بچووکەکەی بووینەوە. لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا، جەواد عەلیی کوڕە نەخۆشەکەی گولتۆم، لە تاریکیدا هەناسەی دەدا.

 

گولتۆم بەم شێوەیە باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ کردین: "بەر لەوەی کوڕەکەم ئیفلیج ببێت، ژیانمان باشتر بوو. ئەو لە کارگێڕیی دروستکردن دا کاری دەکرد. ڕۆژێک لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە کەوتە خوارەوە و ئیتر ناتوانێت ڕێ بکات. ئێستا دەبێت من ئەم کارە بکەم. بێ گومان، بارودۆخی من هێشتا لە زۆر کەسی سواڵکەری دیکە باشترە، چونکە هێشتا دەستگیر نەکراوم.

 

دەستدرێژی و مەترسییەکانی شەقام بۆ ژنان

بەڵام بۆ ژنان، سواڵکردن تەنیا وەستان لە پەنای ڕێگا و داواکردنی هاوکاری نییە. ژنێک لە کابول کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی ئەو دەستدرێژییە ڕۆژانەیەی بۆ کردین کە لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەو ڕایگەیاند کە ڕووبەڕووی تێڕوانینی بەمەراق، سووکایەتی و پێشنیازی لەشفرۆشی بووەتەوە و وتی: کێشەی ئاشکرای ئێمە تەنیا لەدەستدانی کارەکانمان و دەستێوەردان لە سواڵکردندا نییە. ژنانی سەر شەقامەکانی کابول ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئازاردان و هەڵسوکەوتی نائینسانیش دەبنەوە. بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، هەندێک ناچار دەبن پەنا ببرێن بۆ لەشفرۆشی. کچانی گەنجیش لە شەقامەکاندا هەست بە ئاسایش ناکەن. ئەوان لە دەستدرێژیی تاقمە تاوانکارەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بێ پاراستنن.

ئەو بڕوای وایە کە تاڵیبان ئاگاداری ئەم بارودۆخەیە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ ڕێکارێک ناگرێتە بەر.

 

ڕوانگەی چالاکی مافی مرۆڤ نادا زاریف

بۆ کۆتاییهێنان بەم بەسەرهاتانە، بۆ ئەوەی ڕەوشی ژنان و کاریگەرییەکانی هەژاری بکۆڵینەوە، لەگەڵ نادا زاریف، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و ژنان لە هێرات قسەمان کرد. نادا ڕەوشی ژنان و ئەو ئاستەنگانەی لە ژیاندا دەیانچێژن بەم شێوەیە دەربڕی: بۆ سنووردارکردنی ئامادەیی ژنان لە کۆمەڵگەدا و بێبەشکردنیان لە کار و پەروەردە، تاڵیبان ئەوانی ڕووبەڕووی هەژاری و زیانێکی هێشتا گەورەتر کردووەتەوە. کارکردن لە فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکاندا بۆ ژنان قەدەغەیە. بەڵام ئەو ژنانەی لەبەر بێهیوایی یان لە هەر ڕێگەیەکەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی خێزانەکانیان پەنا بۆ سواڵکردن دەبەن، بێ پاراستن و ئاسایش دەمێننەوە.

 

ئەنجام

بەسەرهاتەکانی شاهگوڵ، فەوزییە، گولتۆم و زۆرێک لە ژنانی دیکە کە ناوەکانیان ناناسین، تەنیا بەسەرهاتی چەند کەسێک نین. لە پشت هەر دەستێک کە بۆ هاوکاری لە پەنای ڕێگادا درێژ کراوەتەوە، ڕەنگە ژنێک هەبێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کاری کردبێت، خێزانێکی بەخێو کردبێت و ژیانێکی جیاوازی ژیا بێت. ئەمڕۆ هەژاری، بێکاری و قەدەغەکارییە بەربڵاوەکان ئەوانی بەرەو شەقامەکان پاڵپێوە ناوە. لە ئەفغانستانی ئەمڕۆدا، ئەم دیاردەیە تەنیا نیشانەی هەژاری نییە. ئەوە بەسەرهاتی ئەو ژنانەیە کە دەرفەتی کار و سەربەخۆیی ئابوورییان لەدەستداوە و ڕۆژانە بۆ مانەوە لە ژیاندا ڕوو لە شەقامەکان دەکەن، لە نێوان ترسی دەستگیرکردن و پێویستیی بێهیوایانە بۆ نانێک دەمێننەوە.

ا