چیرۆکی سەلوا محەمەد دەرگا دەکاتەوە بۆ پرسیارەکان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی کۆچبەر و بیانی لە لیبیا

لە جیهانێکدا کە یاسا و سیاسەتەکان لە ڕوانگەی پیاوسالارییەوە دادەنرێن، ژنان مافەکانیان پێشێل دەکرێت، پێگەیان لە یاساکاندا نەنووسراوە، کارە نادیارەکانیان لە چاودێری و پشتگیریکردنی خێزاندا لەبەرچاو ناگیرێت.

مۆنا تۆکە


لیبیا-چیرۆکی ئەو ژنانەی کە ڕەگەزنامەیان نییە، بەڵگەنامەیەکی فەرمییان نییە، سەلامەتیان مسۆگەر بکات، بەڵام بە ئارامییەوە ژیان دەگوزەرێنن، چیرۆکی سەلوا محەمەد ژنێکی میسری کە ٤٠ ساڵ لە لیبیا ژیاوە، یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی ژنانی ئاوارە.


سەلوا محەمەد لە گەڕەکێکی بەناوبانگی شاری سەبها لە لیبیا، لە پشت ئامێرێکی دوورمانەوە دانیشتووە، لەناو دوکانێکی بچووکدا کە داهاتەکەی کرێی مانگانەی دابین ناکات، بەڵام ئەمە تاکە پەنجەرەی ژیانە و ڕێگاکەیەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و نەداری، سەلوا محەمەد لە میسرەوە نەهاتووە بۆ لیبیا بەدوای سەرکێشی یان هەلی کاردا بگەڕێت، بەڵکو زیاتر لە ٤٠ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوژینە فەلەستینییەکەی هاتووە، کە لە ساڵی ١٩٧٦ ەوە وەک مامۆستا لە لیبیا کاری دەکرد، دوای ئەوەی هاوسەرگیریان کرد کاتێک تەمەنی چواردە ساڵ بوو.

 

لە تەمەنێکدا کە منداڵانی کچان یاری بە بووکەشووشە دەکەن، سەلوا محەمەد خۆی بە هاوژین و کۆچبەر لە وڵاتێکدا دۆزیەوە کە کەس نەیدەناسی، نە دەربارەی لیبیا،نە ژیانی هاوژینی دەزانی، بەڵام لەگەڵ هاوژینەکەی بە هەنگاوێکی ترسنۆکەوە ڕۆیشت،لە سێبەردا لەگەڵیدا مایەوە، ژیانێکی بنیاتنا کە وردەکارییەکانی بە تەواوی هەڵنەبژاردووە، بەڵام باوەڕی پێی هەبووە.

 

سەلوا محەمەد کە ئێستا تەمەنی سەرووی ٦٠ ساڵە زۆربەی تەمەنەکەی لە لیبیا بەسەر بردووە،ئەو وڵاتەی کە ڕەگەزنامەی پێنەداوە ،٧ منداڵانی لەدایک بووە ،وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر خاکێک بنیات ناوە کە هەرگیز نیشتیمانیان نەبووە بەڵام پەناگەی ئەو بووە و ئێستاش هەر دەمێنێتەوە، سەلوا چیتر تەنیا خۆی بە میسری نازانێت، بیری شەقامەکانی قاهیرە و قەرەباڵغی ئەسکەندەریەی نەماوە، لەکاتێکدا ڕەگی لە گەڕەکەکان و بازاڕ و شێوەزارەکانی لیبیا داکوتاوە.

 

هاوژینەکەی لە ساڵی ٢٠١٠پ کۆچی دوایی کرد، لەو کاتەوە دەستی بە گەشتێکی سەختی ڕۆژانە کردووە بۆ مانەوە ،بەڵام دوای مردنی هیچ ئاسایشی کۆمەڵایەتی وەرنەگرتووە، نە لە دەسەڵاتدارانی لیبیا کە خزمەتی تێدا کردووە، نە لە وڵاتەکەیەوە،سەلوا محەمەد خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە، بەبێ نان خۆر، بێ پاڵپشتی، تەنانەت ماڵێکی هەمیشەیی، لە خانوویەکی کرێدا دەژی، تەنها بە هەوڵی خۆی بەخێوی منداڵەکانی دابین دەکات.

 

"نە موچە، نە گەرەنتی ،هیچ یارمەتییەکم وەرناگرتوە، وەک بەرگدروویەک کار دەکەم ،دوکانەکە بەکرێ گیراوە و کوڕە گەورەکەم وازی لە خوێندن هێناوە بۆ ئەوەی یارمەتیم بدات "،بەم وتانە سەلوا محەمەد بە دەنگێکی پڕ لە ماندووبوون باسی ئازارەکانی کرد، لە تانایدا نەبوو بۆ ماوەیەکی درێژ لە خۆشگوزەرانی خەم بژی بەتایبەتی کە داهاتی دوکانەکە بەس نەبوو بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی ماڵ و پەروەردەی منداڵەکانی، بۆیە کوڕە گەورەکەی کە لە قۆناغی ناوەندیی دەیخوێند ناچار بوو واز لە خوێندن بهێنێت و بچێتە بازاڕی کارەوە، بۆ ئەوەی بژێوی دایک و خوشک و براکانی دابین بکات.

 

سەبارەت بەمنداڵە کچەکانی، ئەوان هێشتا لە خوێندنگەکانی لیبیا دەخوێنن، لەناو هاوتەمەنە لیبییەکانیان، لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشی یاساییدا ماونەتەوە، لیبیایی نین، وەک هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش سەلوا محەمەد پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پەروەردەکردنی منداڵە کچەکانی گرنگترین پڕۆژەیە و گەورەترین سەرکەوتنیەتی لە ژیاندا.

 

هیوا لای منداڵەکانی دروست دەکات

هەرچەندە دوکانەکەی تەنها داهاتێکی سنووردار بەدەست دەهێنێت، بەڵام سەلوا محەمەد پێداگری لەسەر تێکۆشان دەکات، ڕەتیدەکاتەوە کە خۆی و خێزانەکەی ببن بەبارگرانی بۆ هیچ کەسێک، لە نێوان ئامێری دورینەکەی، خەمی کرێ، تێچووی ژیاندا هەوڵدەدات هیوایەک لە منداڵەکانیدا بچێنێت و ئەوەی لێی بێبەش بووە بیدات.

 

بەڵام تەنها هیوا بەس نییە. سەلوا محەمەد وەک زۆرێک لە ژنانی لیبیا لە پەراوێزی هەموو یاساکان وەستاوە. ئەم ژنە هیچ ئیقامەی هەمیشەیی نییە، هیچ بەڵگەنامەیەکیش نییە کە بیسەلمێنێت شایستەی هاوکاریە ، قۆناغەکانی ژیانی لە لیبیا بەسەر بردووە، لە هاوسەرگیرییەوە تا دایکایەتی، تا زەحمەتکێشان بۆ مانەوە.

 

چیرۆکی سەلوا محەمەد یەکێکە لەو ملیۆنان ژنەی کە لە پەراوێزی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەژین، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ئاڵۆزی یاسایی و بژێوی ژیان دەبنەوە، چیرۆکی ئەو دەرگا دەکاتەوە بۆ پرسیارەکان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی کۆچبەر و بیانی لە لیبیا، پێویستی بە میکانیزمێکی دادپەروەرانەتر بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەتی ئەوان، چ لە ڕووی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بێت یان سیاسەتی یاسایی.

 

لە بارودۆخی سەختی ژیان و ئابووریدا، هیوا دەمێنێتەوە کە چیرۆکەکانی وەک سەلوا محەمەد گوێیان لێبگیرێت، هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چاکسازی و سیاسەتەکانی داهاتووی وڵات لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لەوە گرنگتر، چیرۆکی سەلوا محەمەد وەک چیرۆکی ڕاستی ئەو ژنانە بخوێننەوە کە بە تەنیا بەرگەی داڕمانەکان دەگرن بەبێ پاراستنی یاسایی یان تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.