سودانییە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ڕەتیدەکەنەوە سنووردار بكرێن و لە کۆمەڵگە داببڕێندرێن
تەهانی حوسێن، بەرپرسی تۆڕی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، باسی ئەو ئاستەنگە دوو هێندانە دەکات کە ڕووبەڕووی ئەم توێژە دەبێتەوە لەوانە نەبوونی ئامارو سنوورداری کۆمەڵایەتی، جەخت لەسەر پێویستی تێکەڵکردن، بەهێزکردن و گۆڕینی نەهامەتی دەکاتەوە.
ئايە ئیبراهیم
سودان ـ لە سایەی ئەو ململانێ بەردەوامەی کە سودان بەخۆیەوە دەبینێت، لاوازترین توێژەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگە دوو هێندەکان دەبنەوە کە سەقامگیری و مافە بنەڕەتییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە. لەم چوارچێوەیەدا، تەهانی حوسێن، بەرپرسی "تۆڕی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان" لە پارێزگای قەزارف، باسی دۆسێیەکی ئاڵۆز دەکات کە بارودۆخی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە سایەی ململانێکان و شەپۆلەکانی ئاوارەبووندا دەخاتە ڕوو، ئاشکرای دەکات کە بەرزبوونەوەیەک لە ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا هەیە کە بەرامبەرەکەی نەبوونی ئاماری فەرمی و خراپتربوونی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و بیڕۆکراسی داراییە کە ڕێگری لە بەهێزکردنی ئابوورییان دەکات.
تەهانی حوسێن. بەرپرسی "تۆڕی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان" ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامی ململانێکان بووە هۆی بەرزبوونەوەیەکی گەورە لە ڕێژەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، دیاری کرد کە ئاستەنگە ئەمنییەکان و بارودۆخە هەنووکەیییەکانی وڵات هەموو هەوڵەکانی بۆ چاودێریکردن و ژمارەهەڵگرتنی ژمارە ڕاستەقینەکانی زیانلێکەوتووان تێکداوە، جەختی لە گرنگی باڵای دروستکردن بنکەدراوەیەکی ورد کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی پشتگیری و خزمەتگوزارییە گونجاوەکان بۆ هەر حاڵەتێک بەپێی جۆری کەمئەندامی و پێویستییەکانی.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە نەبوونی ئاماری ورد و ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پێشەنگی ئاستەنگەکاندایە، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی جووڵەی ئاوارەبوون و هاتنی ئاوارەکان بۆ پارێزگاکە، لەگەڵیدا، ئەو ژمارانەی کە تۆمارکراون ڕەنگدانەوەی دۆخی ڕاستەقینە نین، هەروەها ئاماژەی بە بەربەستێکی تری دیار کرد کە بریتییە لە نەبوونی کەرەستە و ژینگەی گونجاو لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوون بۆ پێشوازیکردن لە ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کە ئەمەش وای کرد نەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن.
تەهانی حوسێن ڕەخنەی لە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گرت و بە "کەمتر" بینینیان، ڕستەی شۆککەبەری لە هەندێک کۆمەڵگەی دواخراو لە ناوچەکەی ئاشکرا کرد، کە تێیدا لە ژووری تایبەتدا دەدابڕێنرێن و دەبەسترێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگریان لێبکرێت لە جووڵە لە کاتی بۆنە و سەردانەکاندا.
ئاماژەی بە پەراوێزخستنیان لە ناو خێزاندا کرد و بێبەشکردنیان لە بەشداریکردن لە بڕاردان، پشتگوێخستنی پێویستییە تایبەتەکانیان بە بیانووی دابونەریت، پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگە کرد و تێیدا وتی: کەمئەندامی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەم تاکانە توانای بەرهەمداریان هەیە، ئەگەر دەرفەتی تێکەڵکردن و خستنەڕووی مافەکانیان بۆ دابین بکرێت، داوای لە خێزان و کۆمەڵگە و دەوڵەت کرد کە پێویستییەکانیان دابین بکەن وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئامانجەکانی گشتگیربوون.
وتیشی: دیارترین پێویستییەکانی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دڵنیابوونە لە مافەکانیان لە ئاستی یاسا و سیاسەتەکاندا، سودان واژۆی لەسەر رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردووە و ئەمەش واتای ئەوەیە کە پابەندە بە جێبەجێکردنی، هەروەها لە نێو خاڵەکانیدا مافی خوێندن، کار و هاتووچۆ هەیە، دەکرێت یاسای پراکتیکی کارا بکرێن بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە سەرووی هەموانەوە "کۆدی بیناسازی" بۆ ئامادەکردنی دامەزراوەکان و ئاسانکاری بۆ جووڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
هۆشیاری کەسی کلیلەی گۆڕانکارییە
لەبارەی ئەزموونی کەسی خۆیەوە، سوپاسگوزاری خۆی بۆ پشتگیری خێزانەکەی و کۆمەڵگەی دەوروبەری دەربڕی کە یارمەتییان دا بۆ قبوڵکردنی کەمئەندامییەکەی، جەختی لەوە کردەوە، کە هۆشیاری کەس بە مافەکانی کلیلەی گۆڕانکارییە لە وەرگرتنەوە بۆ بەرهەمهێنان، سەرەڕای پەژارەی لەسەر تێڕوانینی بەزەیی و بێڕێزی و پەڵە کە کۆمەڵگە هێشتا پەیڕەوی دەکات، وتی: خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گۆڕینی ئاستەنگەکانیان هەیە بۆ هێزێکی پاڵنەر بۆ گۆڕینی ژیانیان و پەرەپێدانی کۆمەڵگەکانیان.
تەهانی حوسێن ڕوونی کردەوە، کە تۆڕەکە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ ئەنجامدانی پشکنینێکی کۆمەڵایەتی گشتگیر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دەزگای ناوەندی ئامار و ئەنجومەنی دانیشتووان، بە مەبەستی ژمارەهەڵگرتنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان.
سەرەڕای بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوتی بەهێزکردنی ئابووری، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاڵۆزی شێوازەکانی دارایی و سیاسەتەکانیان بەربەستێکی گەورە پێکدەهێنن، ئەمەش هانبەخش بوو بۆ تۆڕەکە کە کۆڕبەند لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی ڕێکخست بۆ ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکان، لە کۆتاییدا قسەکانی بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی بەپەلەی ژنانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بۆ پشتگیری دەروونی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان، لەگەڵ پشتگیری یاسایی، داوا لە دەسەڵاتداران کرد کە خاڵەکانی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی بە کارایی بەسەر سەرجەم دامەزراوەکاندا جێبەجێ بکەن.