سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان ژنانی جەزائیر وەک ڕێبەری گەشتیاری سەرکەوتوو دەبن

ژنانی جەزائیر تادێت ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەرزکردنەوەی گەشتیاری، لە ڕێنماییکردنی شوێنی گەشتیارییەوە تا دەگاتە پەرەپێدانی دیجیتاڵی، ئەوان پێشەنگی دەستپێشخەرییەکانن بۆ زیندووکردنەوەی میراس و بەرەوپێشبردنی شوێنە گەشتیارییەکان.

ڕابیعە خورەیس

 

جەزائیر- ژنانی جەزائیر بوونەتە بەردی بناغەی کەرتی گەشتیاری، بە هەماهەنگی شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوە و کات بەسەربردن گەشتەکان ڕێکدەخەن، هەروەها وەک ڕێبەری گەشت و یاوەری گەشتیاران و پێدانی زانیاری کاردەکەن، بەمەش ئاڵەنگاری ئەو نۆرم و داب و نەریتە نەەیتیانە دەکەن کە ئازادییان لەم بوارەدا بەرتەسک دەکەنەوە، ئەمە جگە لە مەترسییە ئەمنی و وەرزییەکانیش.

 

مریەم شلیحی، ڕێبەری گەشتیاری لە قەسبەی جەزائیر، کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە وەک میراسی جیهانی یونسکۆ ناسرا، دەرچووی پەیمانگای نیشتمانییە بۆ مەشقی پیشەیی تایبەتمەندە لە بواری گەشتیاری و میوانداریدا، وتی: چوونە ناو ئەو بوارەوە لە ڕێگەی خۆبەخشییەوە بوو لەگەڵ گروپی خۆبەخشی "ناس القصبة" ”خەڵکی قەسبە” دەستیپێکردووە، کە دەستپێشخەرییەکی گەنجانی جەزائیرییە و ئامانجی بوژاندنەوەی ئەم شارە مێژووییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشەویستی بۆ مێژوو و میراس وای لێکردووە ببێتە ڕێبەرێکی گەشتیاری تایبەت لە قەسبە، شارێک کە بەهۆی شەقامەکانیەوە سەرسامت دەکات، خانووە سپییە عوسمانییەکانی بە باڵکۆنە دارە ڕازاوەکانیانەوە، کۆڵانە تەسک و پێچاوپێچەکانی کە لە لابیرینت دەچن، کۆشکە شایستە و کۆنەکانی وەک کۆشکی دێ و دار حەسەن پاشا ”لە ساڵی ١٧٩١ دروستکراوە”، کۆشکەکانی مزگەوتە مێژووییەکانی وەک مزگەوتی گەورە، کە دەکەوێتە خوارەوەی قەسبە لە لێواری ناوچەی کەنار دەریا کە هاوسنوورە لەگەڵ بۆلیڤار دی لا مارین، مزگەوتی کێتچوا.

 

مریەم شلیحی ئاڵەنگاری خۆی کرد کە بچێتە ناو ئەم بوارەوە کە سەردەمانێک تەنها پیاوان زاڵ بوون و سەرکەوتوو بوو لە بوون بە نمونەیەکی ئیلهامبەخش، ترسی لە سنوورداربوون زاڵ بوو و خۆی تەرخان کرد بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییەکانی، وتی: زۆر خەباتی کردووە بۆ ئەوەی خۆی لە کەرتی گەشتیاریدا بسەلمێنێت، ئەمڕۆ وەک باڵیۆزێک بۆ کولتوور و مێژووی قەسبە و کۆشکەکانی تری جەزائیر کاردەکات، هەمیشە هەوڵدەدات زانیاری دروست و متمانەپێکراو پێشکەش بە گەشتیارانی بیانی بکات، هەروەها ئەرکەکانی بریتین لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی گەشتەکان، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی گەشتیاری وڵاتەکە بەرز دەکاتەوە و بەشداری دەکات لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتەکەی.

 

ئاڵەنگاری پیشەکە

شەهرزاد مانع، ڕێبەری گەشتیاری لە شاری قوستەنتینە، دەرچووی پەیمانگای نیشتمانی بۆ گەشتوگوزاری تایبەتمەند و میواندارییە لە هەمان شار و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بەبازاڕکردنی گەشتیاری، بە سیمبولی ماندووبوون و ئارام و کۆڵنەدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئەم بوارە دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی شارەزایی و ئەزموونی زیاتر لەو پێنج ساڵە.

 

شەهرزاد قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: سۆزێکی زۆرم هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و سەردانی مۆزەخانەکان و تەنانەت سەیرکردنی فیلمی دیکۆمێنتاری سەبارەت بە شارستانییەتە کۆنەکان، هەروەها گەشتەکەم لەم بوارەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیپێکرد کاتێک پسپۆڕی ڕێبەری گەشتیاری ناوخۆیی ناسێندرا، بەشداریم لە پێشبڕکێیەکدا کرد و لە پلەی یەکەمی پۆلەکەم بووم. لەوێشەوە پیشەی گەشت و ڕێبەری ڕۆشنبیریم دەستیپێکرد.

 

سەبارەت بە ئەرکەکانی وەک ڕێبەری گەشتیاری ڕوونی کردەوە، ڕێبەری گەشتیاری چەندین بەرپرسیارێتی دیکەی هەیە، وەک ئامادەکردنی بەرنامەی گەشت، لەوانە دیاریکردنی شوێنی مەبەست و بەروارەکان، دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، هەروەها پێدانی زانیاریی مێژوویی و کولتووری ورد، لێرەدا ڕێبەری گەشتیاری دەبێت ئاشنای ئەم شوێنەوارە بێ کاتانە بێت کە چیرۆکی گەلان دەگێڕنەوە و سیفەتگەلێک هەن کە ڕێبەر دەبێت خاوەنی بن، وەک باوەڕی بە توانا و لێهاتوویی و بڕیارەکانی، واتە متمانە بەخۆبوون و نەرم و نیان و ئارامی.

 

شەهرزاد مانع وتی: ئەم ئەرکە زۆر سەختە، و ئاڵەنگاریەکان بێکۆتان، بۆ نموونە ئاماژەی بە ڕەفتاری خراپی هەندێک لە گەنجان کردووە و گەورەترین ئاڵەنگارییش نەبوونی هۆشیاری گەشتیارییە لەنێو هەندێک توێژی کۆمەڵگەدا.

 

سەبارەت بە قوستەنینتە و گرنگییە مێژووییەکەی، ئاماژەی بەوەدا، کە شارەکە نموونەیەکی شایستەی شارێکی دێرینە، هەروەها وشەکان ناتوانن بە شێوەیەکی گونجاو پێناسەی گەورەیی ئەم شارە بکەن، کە بە شاری بەردی کۆن ناسراوە، کاتێک لە ئاسمانەوە سەیر دەکرێت، وا دیارە شارێکە لە نێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسراوە، شوێنێکە پڕە لە ژیان بە درێژایی ڕۆژ و مانگ و ساڵ، هەروەها شانازی بە پردی مێژوویی دەکات کە بەسەر شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە، وەک پردی سیدی مسید کە سێ ناوی هەیە: ”قنطرة لحبال، قنطرة السبيطار، جسر سيدي راشد” کە گۆڕستانەکەی لە دامێنی پردی بەردینەکەدایە، بە درێژترین پردەکە لەم جۆرە دادەنرێت لە جیهاندا، کۆشکی ئەحمەد بای و یادەوەری قوستەنتین، کە شوێنەوارێکە لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٣٤ کرایەوە و دەکەوێتە بەرزترین خاڵ لە سیدی مسید.

 

تێکەڵکردنی خولیای گەشتیاری و میدیا

پێش ئەوەی پسپۆڕ بێت لە پەرەپێدانی گەشتیاری، خولیای شیراز دەلالە بۆ میراس و گەڕان بە جوانترین شوێنەکانی وڵاتەکەیدا گشەی کردووە، وڵاتێک کە خۆی بە کیشوەرێک دەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی ڕووبەرەکەی کە نزیکەی ٢.٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئەوەی یارمەتی دا بۆ بەدەستهێنانی جیاوازی، تێکەڵکردنی میدیا و گەشتیاری بوو، بۆ ئەو هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ بەرەوپێشبردنی گەشتیاری جگە لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەری گەشتیاری ئاگادارەوە.

 

شیراز دەلالە، ڕۆژنامەنووس و بێژەری پێشووی هەواڵ و چالاکوان لە بواری پەرەپێدانی گەشتیاری لە جەزائیر وتی: ئەم ڕێگایە، کە میدیا و گەشتیاری تێکەڵ کردووە، منی لە کەرتی گەشتیاری نزیک کردەوە، چ لە ڕێگەی ڕووماڵکردنی میدیایی و چ لە ڕێگەی حەزکردنم بە میراس و شوێنە گەشتیارییەکانی جەزائیر.

 

شیراز دەلالە، دامەزرێنەری پۆدکاستی "سفر الكلام"، یەکەم پۆدکاستی گەشتیارییە لە جەزائیر کە بە شێوەیەکی جیاواز لە گەشتیاری نزیک دەبێتەوە، نەک تەنها بە ناساندنی شارەکان، بەڵکو بە قووڵبوونەوە لە گەشتیاری وەک کەرتێکی ڕۆشنبیری و ئابووری، ئەزموونی خۆی لەم بوارەدا باس دەکات، سەرەتا خولیای ڕاستەقینە بوو بۆ گەشتکردن لەناو جەزائیر و دۆزینەوەی ناوچە هەمەچەشنەکانی، وتی: حەزم لە مێژووی شارەکانی جەزائیر و میراسی ناوخۆیی بوو، هەروەها بە پاشخانی میدیایی خۆم، هەوڵمدا ئەم خولیایە بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی گەشتیاری کە تیشک دەخاتە سەر جوانی و هەمەجۆریی جەزائیر.

 

لەم خاڵەوە، وتی: بیرۆکەی دەستپێکردنی پۆدکاستێک وەک کەشێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەشتیاری بە شێوەیەکی جیاواز هاتە ئاراوە، نەک تەنها لە ڕوانگەی بەرەوپێشبردنی شوێنە مەبەستەکان، بەڵکو لە ڕوانگەی گفتوگۆکردن لەسەر کەرتی گەشتیاری و ئەزموونەکانی و ئاستەنگەکانی، ئەمڕۆ پۆدکاستەکان بوونەتە ئامرازێکی میدیایی کاریگەر چونکە ڕێگە بە گەڕانی قووڵی بابەتەکان دەدەن بە شێوەیەک کە جیاوازە لە ناوەڕۆکی خێرا، لە تۆڕی کۆمەلایەتیدا دۆزرایەوە، ئامانجی سەرەکی شیراز دەلالە بریتییە لە پێشکەشکردنی گەشتیاری لە جەزائیر بە شێوەیەک کە پشت بە دیالۆگ و گێڕانەوەی چیرۆک ببەستێت، بەجۆرێک گوێگر هەست بکات تەنانەت پێش گەیشتنیشیان ئەزموونی شوێنەکە دەکەن.

 

شیراز دەلالە وتی: ژنانی جەزائیر بە سەرکەوتوویی چوونەتە بواری ڕێبەری گەشتیارییەوە، لە ڕابردوودا ڕێبەری گەشتیاری زیاتر پەیوەندی بە پیاوانەوە هەبووە بەهۆی سروشتی کارەکەوە، کە پێویستی بە گەشت و کاری مەیدانی بەردەوام هەیە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجمان داوە زیادبوونی بوونی ژنان لەم بوارەدا، جا چ وەک ڕێبەری گەشتیاری، دروستکەری ناوەڕۆک، یان تەنانەت ڕێکخەری گەشتەکانن.

ئاڵەنگاری ئاڵۆز

ئەم ژینگەیە، لە ڕوانگەی ئەوەوە، بێ ئاڵەنگاری خۆی نییە، بە تایبەت بۆ ژنان، وتی: پیشەی ڕێبەری گەشتیاری لە بنەڕەتدا ورد و گرنگە، چونکە ڕێبەری گەشتیاری تەنها یاوەری سەردانکەران نییە، لە ڕاستیدا ئەوان پەیوەندی نێوان گەشتیار و مێژوو و کولتوور و ناسنامەی شوێنەکەن، هەروەها گێڕانەوەی مێژوویی شوێنەکە دەخەنە ڕوو، ئەو چوارچێوەی کولتوورییە ڕوون دەکەنەوە کە شوێنەوارەکان تێیدا دروستکراون، و یارمەتی سەردانکەر دەدەن لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی کۆمەڵگەی ناوچەکە تێبگات.

 

ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری ئاڵۆز دەبنەوە، لەوانەش سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتووریش، شیراز دەلالە ئاماژەی بە سروشتی کاری مەیدانی دەکات، کە پێویستی بە گەشتی بەردەوام و کاتژمێری درێژی هەیە، هەروەها هەندێک چەشنە کۆنەپەرستانە لە دەوری ژنانی کارکردن لەم بوارەدا هەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەم تێڕوانینە بەهۆی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی زۆرێک لە ژنانەوە دەستی بە گۆڕانکاری کردووە.

 

سەبارەت بە گەشەسەندنی گەشتوگوزاری ژنان لە جەزائیر وتی: لەم چەند ساڵەی دواییدا تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هاندانی زۆرێک لە ژنان بۆ ئەوەی بچنە ناو بواری دروستکردنی ناوەڕۆکی گەشتیارییەوە، ئەمڕۆ هەر کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی ئەزموونی گەشتی خۆی بەیەکەوە باس بکات و شوێنی نوێ بدۆزێتەوە، ئەمەش دەرگای بۆ زۆرێک لە ژنان کردۆتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی شوێنە گەشتیارییەکان، هاوکات هۆشیاریی زیاتریش لە سەر گرنگی گەشتیاری ناوخۆیی هەیە، بەتایبەت: جەزائیر وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە بە هەمەجۆریی سروشتی و کولتووری.

 

شیراز دەلالە لە کۆتای قسەکانیدا وتی: من پێموایە گەشتیاری لە جەزائیر هێشتا توانایەکی گەورەی هەیە و بوونی ژنان لەم بوارەدا، جا چ لە ڕێنماییکردنی گەشت، چ لە دروستکردنی ناوەڕۆک، تەنانەت توێژینەوەی ئەکادیمی، بەهای ڕاستەقینە بۆ ئەم کەرتە زیاد دەکات.