سەنتەرەکانی جێندەر لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئامانجێکی هاوبەش کۆی نەکردوونەتەوە

ئەگەرچی لە زۆرینەی زانکۆ و پەیمانگاکاندا سەنتەری جێندەر بوونی هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ جێگەیەکی فەرمی نییە سەرجەم سەنتەرەکان کۆبکاتەوە، سەرباری ئەوەش هیچ ڕێنماییەک یاخود پەیڕەوێکی ناوخۆی تایبەتیان نییە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ساڵی ٢٠١٧ بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەری یەکسانی جێندەر لە سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکاندا کرایەوە، ئەمەش لە پێناو یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی، کرانەوەی ئەم سەنتەرانە لە کاتێکدا بوو، کە لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٠ سەنتەری جێندەر لە زانکۆکەدا کراوەتەوە.

 

ئەگەرچی بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستدان زیاتر لە ٣٠ سەنتەری جێندەر لە زانکۆکاندا هەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ناوەندێکی گشتی یاخود هۆبە و یەکەیەکی کارگێڕی نییە ئەم سەنتەرانە لە دەوری یەکتر کۆبکاتەوە، تەنانەت هەمووان بە یەکەوە هیچ ئامانجێکی نوسراوی دیاریکراویان نییە، هەر سەنتەرێک بەپێی گونجانی خۆی کۆمەڵێک پلانی تایبەت بە خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی جێندەر داڕشتووە.

 

ساڵانە ئەم سەنتەرانە لەسەر ئاستی زانکۆکاندا چەندین ۆرکشۆپ و سیمینار بۆ خوێندکار و فەرمانبەران و مامۆستاکان دەکەنەوە، ئاشنایان دەکەن بە پرسی جێندر، هاوکات لە وانەی "ژینگەی کارکردنی زانکۆیی" کە وەک وانەیەکی سەرەکی لە سەرجەم بەشی زانکۆکاندا دەخوێندرێت، چەند وانەیەک دیاریکراوە بۆ پرسی جێندەر و ئاشنا کردنی ئەم بابەتە بە قوتابییەکان.

 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتایی کۆرۆنا و خوێندنی ئەلیکترۆنی، بەشێکی زۆری کارەکانی ئەم سەنتەرانە وەستان، کەمترین چالاکیان ئەنجامداوە، بۆ نمونە لە خوێندنی ساڵی ٢٠٢١ تەنها چەند ۆرکشۆپێک بۆ مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی کراوەتەوە، بەڵام هیچ سیمینار و ۆرکشۆپێک بۆ قوتابی نەکراوەتەوە.

لاسک ئەرسەلان بایز، بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بابەتی جێندەر پرسێکی زۆر گرنگە، دەبێت ئەم بابەتە هەر لە سەرەتاکانی تەمەنەوە بخوێندرێت، تا ببێتە پرسێکی گرنگ و لە مێشکیدا، نەک لە کۆتاییەکاندا کە قوتابی ١٨ ساڵە پەروەردەی کۆمەڵگا وەردەگرێت.

 

د. لاسک دەشڵێت: "ناڕوونیەکی زۆر هەیە لە قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە بارەی جێندەرەوە، سیمینار و ۆرکشۆپەوە کاری زۆرمان کردووە، خولی زۆرمان کردووەتەوە، کە ڕێژەیەکی زۆر قوتابی و مامۆستایان بەشداربوون"، کاریگەری ئەم سیمینار و ۆکرشۆپانەش دوو لایەنەیە، بەشێک لە بەشدارانی سیمینارەکان گفتوگۆی زانستیانە دەکەن و بەشیکیشیان تەنها لەبەر ئەوەی داوایان لێکراوە بەشداری دەکەن.

 

پێویستە لە سەرەتای تەمەنەوە یەکسانی جێندەری پەیڕەو بکرێت

لەبارەی گرنگی پرسی جێندەریشەوە کە هەر لە سەرەتای تەمەنەوە تاکی پێ ئاشنا بکرێت دەڵێت: "زۆر گرنگە ئێمە لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵەوە ئەم بابەتە فێری بکەن، تا ئەوەی من بتوانم لە ڕێگای سیمینارێک یان چەند سیمینارێکەوە تێبگەیەنم و بیرکردنەوەکانی بگۆڕم، زۆر گرنگە کە ئەم باباتە بەپێی تەمەن و ئاستی خوێندکارەکە ببێتە بەشێکی سیستمی خوێندن".

 

لەبارەی کێشەکانشیانەوە، د.لاسک باس لەوەدەکات تا ئێستا هیچ ئامانجێکی هاوبەشی نوسراویان نییە، دەڵێت "ئەگەر ئێمە ئامانجێکمان هەبێت ئەوا هەمووان باشتر کارەکان دەکەن و دەبێتە کێبڕکێ لەنێوان سەنتەرەکاندا".

 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە تا ئێستا لە وەزاەتی خوێندنی باڵادا هیچ هۆبەیەک و یەکەیەکی دیاریکراو بە سەنتەرەکانی یەکسانی جێندەری نییە، کارەکانی سەنتەری یەکسانی جێندەری بووەتە کاری لاوەکی، لە کاتێکدا زۆر پێویستە جدیانەتر کار لەسەر ئەم پرسە بکرێت.

ت.پ