شەیما قائید منداڵێکە کە بەهۆی ململانێکانەوە قاچی بڕاوە، بەڵام خەونەکەی بە نەشکاوی ماوەتەوە
لە ١٨٪ی منداڵانی یەمەن لە جووڵە، یاریکردن، یان پەیوەندیکردندا تووشی پرسی کارایی دەبنەوە و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیانی مەدەنی.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن- ململانێی بەردەوامی یەمەن کە لە مانگی ئاداری ٢٠١٥ دەستی پێکرد، ئازاری منداڵانی زیاتر کرد، نەک هەر تەمەنی منداڵییان لەدەستداوە، بەڵکو هەندێکیان ئەندامیان لەدەستداوە و بەردەوامن لە بەرگەگرتنی ئازار و خۆیان بێبەش دەکەن تەنانەت لە سەرەتاییترین چالاکییەکانی ڕۆژانەش.
چیرۆکی شەیما عەلی ئەحمەد قائید، ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو نرخە قورسەی کە منداڵان لە یەمەن لە ئەنجامی شەڕی چەکداریدا دەیدەن، کاتێک تەمەنی تەنها حەوت ساڵ بوو، مووشەکێک لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری تەعز کەوتەخواوەوە.
شەیما قائید ئێستا تەمەنی ١٥ ساڵە و خوێندکاری پۆلی نۆیە، وتی: هەرگیز ئەو بەروارە لەبیر ناکەم، لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٧ موشەکێک لەبەردەم ماڵمان کەوتوو و لە ئەنجامدا قاچی ڕاستم بڕاوە، ئەوکات تەمەنم تەنها حەوت ساڵ بوو، لە دوای ئەم ڕووداوە ژیانم بە تەواوی گۆڕا، لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژیام، پڕ بووم لە بێ هیوای و ماندوێتی، نەمدەویست جیهان ببینم، پێم باش بوو لە شوێنێکی تاریکدا زیندانی بم، دوور لە هەموو شتێک.
ژیانی پێش برینەکەی بەبیر دێنێتەوە و وتی: پێش ئەو ڕووداوە وەک هەموو منداڵێک بەپێ دەڕۆیشتم و ڕامدەکرد، کاتێک پێش خۆم بیردێتەوە پێش برینەکە، هەست بە دڵتەنگی زۆر دەکەم و دەکەومە حاڵەتی خەمۆکییەوە، چەند هەفتەی یەکەمی دوای جێهێشتنی نەخۆشخانە سەختترین هەفتە بوو، نەیدەتوانی بە جێگیری بڕوات، سەیری یارییەکانی منداڵانی دەکرد لەبەردەم ماڵەکەدا لە کاتێکدا بێدەسەڵاتانە لە تەنیشتی وەستابوو، هەروەها کە منداڵێکم دەبینی بە پێ دەڕوات و یاری دەکات، هەستم بە دڵتەنگی دەکرد و لە خۆمم دەپرسی، بۆچی من بەم شێوەیەم؟
سەرەڕای هەموو ئەوانە، گەشتەکەی بەرەو چاکبوونەوە بە پشتیوانی خێزانەکەی دەستی پێکرد، وتی: چارەسەرم وەرگرت، باوک و دایکم گەورەترین پاڵپشتیم بوون، هەمیشە پێیان دەوتم بەردەوام بم لە ژیانم، لەگەڵمن، کەس ناتوانێت بێڕێزی بەرامبەرم بکات و بەڕاستی ئەمە هێزێکی زۆری پێبەخشیم، دوای ڕووداوەکە بۆ ماوەی دوو سێ مانگ دڵتەنگ بووم، دواتر چارەسەری دەروونیم بۆ کرا، بە هەستمکرد بە کەمێک باشتربوون.
شەیما قائید پێش برینداربوونی، هەموو ڕۆژێک بە پێ دەچوو بۆ خوێندنگە، چونکە پاس بۆ منداڵانی پەراوێزخراو بەردەست نەبوو، هەرگیز گلەیی نەدەکرد، بە پێچەوانەوە، چەندین جار چێژی لە ڕۆیشتن و سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکاندا دەبینی، وەک ئەوەی جووڵە بەشێک بێت لە یارییە ڕۆژانەکەی، پێشتر بە پێ دەچوومە خوێندنگە، زۆرم خۆشدەویست لە پلیکانەکاندا سەردەکەوتم و دادەبەزیم، لە منداڵیدا بە شێوەیەکی ئاسایی دەژیام.
بەڵام دوای لەدەستدانی قاچی، تەنانەت سادەترین وردەکارییەکانی ڕۆژەکەی بوو بە بارگرانییەکی نوێ، گواستنەوەی بۆ خوێندنگەیەکی تایبەت و هاتووچۆکردنی بە پاس لە بری ئەوەی بە پێ بڕوات، دیمەنەکە بۆ هەموو منداڵەکان ئاشنا بوو جگە لە شەیما کە ئێستا بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەردەم پلیکانەکاندا وەستابوو و بە نیگایەکی خەمناکەوە سەیریدەکرد پێش ئەوەی هەوڵی سەرکەوتنیان بدات بە قاچێک و ئەندامێکی دەستکرد، وتی: کاتێک هاوپۆلەکانم دەبینم بە ئاسانی دەڕۆن، هەست بە دڵتەنگی دەکەم، وەستان لەسەر پلیکانەکان بووەتە قورسترین شت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و بە هاوکاری خێزانەکەی و ئەو پشتگیرییە دەروونییەی کە وەریدەگرت، دەستی کرد بە وەرگرتنەوەی بەشێک لە هاوسەنگییەکەی، جارێکی تر فێری ڕۆیشتن بوو بە قاچێک و بەشداری یارییەکانی گەڕەکی کرد کاتێک منداڵەکان کۆدەبوونەوە، هەوڵی دەدا ئەوەی لە منداڵیدا مابووەوە دووبارە بونیادی بنێتەوە.
بە هۆشیارییەکی زیاتر لە ساڵانی خۆی وتی: خەمەکە ماوە و هێشتا کەمێک هەیە، بەڵام هەوڵدەدەم ئەوەی ڕوویداوە قبوڵی بکەم و ژیانم بژیم، سەختییەکان بە پێیەکانەوە کۆتایی نەهات، هەروەها شەیما قائید لە ساڵانی سەرەتای ژیانیدا دوای بڕینی بەشەکانی جەستەی ڕووبەڕووی قسەی ناشرین بووەو، سەرەتا زۆر قورس بوو، هەندێک لە هاوپۆلەکانی گاڵتەیان پێدەکرد، بەڵام بڕیاریدا هەرچییەک بێت خو\ێندنگە بەجێنەهێڵت.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ڕێگەی خۆی بۆ ئارامیی ناوەوە دۆزیەوە و ئاستی خوێندنی دەستی بە باشتربوون کرد، لە پەروەردەدا ڕێگەیەکی دۆزیەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زۆر شت کە لەدەستی داوە، خۆی هان دا، ئەمڕۆش خوێندنەکەی لە پێشوو باشترە، هەست دەکات کە توانیوەتی هەندێک لەو شتانەی لەدەستیدا قەرەبوو بکاتەوە.
”دەمانەوێت وەک منداڵانی جیهان بژین"
شەیما عەلی ئەحمەد قائید سەر بە گروپێکی پەراوێزخراوە لە یەمەن، بەڵام پێیەکانی وەک پاڵنەرێک دەبینێت نەک بەربەستێکی دیکە، وتی: برینەکە بەهێزتری کردم، خەونی من ئەوەیە ببمە پارێزەر بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە قاچم تێیدا نەماوە، هەروەها دەمەوێت ڕاگەیاندن بخوێنم بۆ ئەوەی دەنگێک بم بۆ ئەو منداڵانەی کە وەک من ئازار دەچێژن.
بۆ ئەو ململانێیە تەنها زەبرێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو برینێکی کۆمەڵایەتی بەربڵاوە، وتی: جەنگەکە تەنها ئازاری منی نەدا، بەڵکو ئازاری هەموو کۆمەڵگەی یەمەنی دا، چۆن دەتوانین داهاتوویەکمان هەبێت و لە پارێزراویدا بژین؟ ئێمە ژیانێکمان دەوێت کە مین و گوللـەی تێدا نەبێت، ئێمە دەمانەوێت وەک منداڵانی جیهان بژین.
وتیشی: جەنگ خۆشبەختی منی برد، قاچی بردم و زۆر شتیشی برد، منداڵان لە سەرانسەری جیهان بە ئارامی یاری دەکەن، بەڵام ئێمە لەناکاو گوێمان لە فیشەک و گوللـە دەبێت و دەبێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان.
چیرۆکی شەیما قائید تا ئێستاش وەک نموونەیەکی توند لە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ململانێ لەسەر منداڵانی یەمەن دەمێنێتەوە، زۆرێکیان ئەندام و منداڵی خۆیان لەدەستداوە، و تووشی بێبەشی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوون، چیرۆکەکەی تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگە بێئەندازەکانی ژیان لە ژینگەیەکی پڕ لە ململانێدا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە دەکات، کە نزیکەی ٤.٥ ملیۆن یەمەنی بەدەست کەمئەندامییەوە دەناڵێنن، ئەمەش ژمارەیەکە کە بەهۆی بەردەوامی ململانێیەوە لە زیادبووندایە.
داتاکانی یونیسێف ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ١٨٪ی منداڵان لە یەمەن ڕووبەڕووی پرسی کارایی دەبنەوە لە بوارێک یان چەند بوارێکدا، وەک ڕۆیشتن، یاریکردن، یان پەیوەندیکردن، جگە لەوەش ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیانی مەدەنی، تەنها لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە پێشبینی کراوە کە لانیکەم ٤٠ منداڵ بەهۆی پاشماوەی مینەوە بریندار بوون.
هەروەها تۆڕی ماف و ئازادییەکانی یەمەن، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٥، کوژرانی ٣٨٧ منداڵ و برینداربوونی ٧٣٨ منداڵی لە ئەنجامی مینی چێنراو لەلایەن گروپە چەکداریرکانەوە تۆمارکردووە.