شەڕی هۆشیاری؛ پەرەسەندنێکی سیستماتیکی زانیاری ناڕاستی میدیایی بە ئامانجگرتنی ڕۆژئاوای کوردستان
هەڵمەتە ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا پەرەدەسەنن و هەوڵدەدەن ڕاستییەکان بشێوێنن، کەسایەتییە شۆڕشگێڕەکان ناشرین بکەن، متمانە بە دامەزراوە ناوخۆییەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ-لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و سەریەککەوتنی کایەکانی کاریگەری لە ناوچەکەدا، ململانێکانی سووریا چیتر لە بەرە سەربازییەکان یان هێڵەکانی پەیوەندیدا قەتیس نەماوە، بەلاَم گۆڕەپانی هۆشیاری گشتی خۆی بووەتە گۆڕەپانێکی شەڕی کراوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ئەکتەرە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، زانیاری ناڕاستی میدیا گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی ستراتیژی پێشکەوتوو کە بەکاردێت بۆ دووبارە داڕشتنی تێڕوانینە بەکۆمەڵەکان و کاریگەری لەسەر هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان و پێناسەکردنەوەی زیانبەرکەوتوو و تاوانبار بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییە تایبەتەکان.
لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونی خۆبەڕێوبەری و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بوونی ئاڵۆزەکان دەبنەوە، میدیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی وەک ئامرازێک بۆ دووبارە چوارچێوەدان بە ڕاستییەکان و پاساودانەوە بۆ پێشێلکارییەکان و دروستکردنی گێڕانەوەی جێگرەوە کە خزمەت بە کارنامەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە هەوڵی سستکردنی تاقیکردنەوەکە و تێکدانی پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکەی دەدەن.
”بە ئامانجگرتنی پەیکەری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە”
ئەڤین ئیبراهیم، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد”یەرەئا” لە قامیشلۆ دووپاتیکردەوە، کە ماوەی ئەم دواییە شایەتی پەرەسەندنێکی ڕوون و ڕێکخراو لە شەڕی ڕاگەیاندندا بووە، ئامانجگرتن چیتر تەنها لە ڕاهەیاندنی نەریتی یان کەناڵەکانی مانگی دەستکردە دا سنووردار نییە، بەڵکو بە چڕی ڕۆیشتووە بۆ ناو کایەی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی، کە بوونەتە گەورەترین و کاریگەرترین گۆڕەپان بۆ داڕشتنی بۆچوونی گشتی، هەروەها ئەو پلاتفۆرمانە بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی ساختە و بە ئەنقەست، پەخشکردنی قسەی ڕقاوی و هاندانی دووبەرەکی لە نێوان کورد و عەرەب و سریانی و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێن، بە ئامانجی تێکدانی بناغەکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی کە لە ماوەی چەندین ساڵ کاری هاوبەشدا دروستبوون.
ئاماژەی بەوەشکرد کە زانیاری ناڕاستی ڕاگەیاندنی ئەمڕۆ چیتر تەنها گواستنەوەی زانیاری ساختە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی یەکگرتوو کە پشت بە تەکنیکە پێشکەوتووەکان دەبەستێت لە داڕشتنی گێڕانەوەی سیاسیدا، ئەم سیستەمە لەسەر شێواندنی ڕاستییەکان و خستنەڕووی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو و دووبارە داڕشتنەوەی تاوانباران وەک زیانبەرکەوتوو و زیانبەرکەوتوو وەک تاوانبار دامەزراوە، ئامانج لێی تێکەڵکردنی بۆچوونی گشتی و دروستکردنی گومانە لەناو کۆمەڵگەدا سەبارەت بە دامەزراوەکانی و دروستکردنی جەمسەرگیرییەکی قووڵ لەناو پەیکەری کۆمەڵایەتیدا.
ئاماژەی بەوەشدا، چیتر شەڕی ڕاگەیاندن بە هەواڵ و ڕاپۆرتەوە سنوردار نییە، بەڵکو درووستکردنی سوپای ئەلیکترۆنی ڕێکخراو لەخۆ دەگرێت کە بە وردی هەڵمەتە ئامانجدارەکان بە ئامانجی کەسایەتی سیاسی و مەدەنی و ژنان بەڕێوەدەبەن، هەروەها هەوڵدان بۆ تێکدانی سیمبولەکانی شۆڕش و شێواندنی وێنەکەی لە چاوی بۆچوونی گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.
ڕوونیشیکردەوە، هێرشە میدیاییەکانی بەردەوام بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە هەڕەمەکی نین، بەڵکو بەشێکن لە ستراتیژێکی درێژخایەن کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی پەکی کۆمەڵایەتی و چاندنی بێمتمانەیی یەکتر لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سستکردنی متمانە بە دامەزراوە ناوخۆییەکان، جا چ میدیایی، مەدەنی، خزمەتگوزاری ئاڕاستەکراو یان سیاسیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتانە زۆرجار هاوکاتن لەگەڵ پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی گرژییە بەردەوامەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و داگیرکردنی شارەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و تل ئەبیاز، ڕاگەیاندن بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە و دووبارە خستنەڕووی ڕووداوەکان لەسەر زەوی بە شێوەیەک کە پێچەوانەی ڕاستی بێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەزموونی سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا نموونەیەکی ڕوونی پێشکەش کردووە کە چۆن دەتوانرێت ڕاگەیاندن بەکاربهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ پێشێلکارییەکان دژی خەڵکی مەدەنی و وێناکردنی تەڤگەرییەکانی گەل کە داوای ماف دەکەن وەک پڕۆژەی ئاژاوەگێڕان یان پیلانگێڕی نێودەوڵەتی، هەروەها قۆناغی ئێستا نوێنەرایەتی وەشانێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر لەو سیاسەتانە دەکات، کە تیایدا سیمبولی شۆڕشگێڕانە و ژنانی پێشەنگ و دەستکەوتە مرۆیی و سیاسییەکان دەکرێنە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەزمونی بناغەکەی و لاوازکردنی پێگەی ڕەوشتی و سیاسییەکەی لەبەرچاوی کۆمەڵگە و بیروڕای گشتی جیهانیدا.
”ڕاگەیاندنی ئازاد وەک قەڵغانێکی کۆمەڵایەتی لە دژی شەڕی زانیاری”
ئەڤین ئیبراهیم وتی: ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوای کوردستان نوێنەرایەتی نموونەیەکی ڕاگەیاندنی ئازاد دەکات کە لەسەر بنەمای ڕەوشتی ڕاستی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی و دیموکراتیک دامەزراوە، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە هێڵی یەکەمی بەرگریە بۆ کۆمەڵگە لە بەرامبەر دەستکاریکردنی زانیاری پێکدەهێنێت، ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ئازاد تەنها لە ڕاپۆرتکردنی هەواڵەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی هۆشیاری گشتی و ڕێگریکردن لە ساختەکردنی ڕاستییەکان و دڵنیابوون لە گەیاندنی زانیاری دروست بەبێ شێواندن یان کارنامەی سیاسی شاراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتی ڕووبەڕووبوونەوەی زانیاری ناڕاست تەنها ناکەوێتە ئەستۆی ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە دەگرێتەوە، جەختی لە پێویستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی تواناکانی پشتڕاستکردنەوەی هەواڵ، شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ سیاسەتەکانی ڕاگەیاندن و دوورکەوتنەوە لە ڕاکێشان بۆ ناو هەڵمەتە ڕێکخراوەکان کردەوە، هەروەها مەترسیدارترین لایەنی شەڕی زانیاری توانای دروستکردنی ڕاستیەکی دەروونی جێگرەوەیە کە متمانەی خەڵک بە خۆیان و دەوروبەر و دامەزراوەکانی سست دەکات، ئەمەش وردە وردە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی مەترسیدارتر لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی ڕاستەوخۆ.