سه‌وسن ئەلده‌عجه: لە ١٠ ساڵی داهاتوو لە ئوردون گۆڕانکاری دیمۆگرافی دەکرێت

ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان لە ئوردن کار لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی بۆ لەدایکبوون و تەندروستی جێندەری دانیشتوان لە ١٠ ساڵی داهاتوودا دەکات، ئاماژە بەوەکراوە کە لە ١٠ ساڵی داهاتوو دیمۆگرافی ئوردون دەگۆڕدرێت.

سارا ئەل-دەمور

ئوردون- سه‌وسن ئەلده‌عجه بەڕێوەبەری بەرنامەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان جەختیکردەوە کە ئەنجومەنەکە هۆشداری دەدات لەچەندین بابەتی پەیوەست بەدانیشتوان و گەشەپێدان و هەروەها تاوتوێکردنی چەمکی جێندەر و تەندروستی لەدایکبووان، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا.

 

سەبارەت بەزیاد بوونی دیاردەی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا لەکۆمەڵگای ئوردون، د. سه‌وسن ئەلده‌عجه بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان بۆ نوژنها قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمەڵگای ئوردون بەهۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەی هاوسەرگیری لەتەمەنێکی زوودا لە ساڵانی پێش کۆچکردن لە سوریا بەم شێوەیە نەبوو، ئەو کاتە ڕێژکە  ٠٨٪ی تێپەڕ نەدەکرد، بەڵام شەپۆلی پەنابەران و گرژییە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەریی ئوردن لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سوری، بڵاوبوونەوەی دیاردەکەی زۆر زیاد کرد، ئەوە یەکێکە لەو بابەتانەی دەبێت ئەنجومەنەکە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە بکات کە دەستی بە زیادبوون کردووە بەتایبەتی لە ناو ژنانی گەنجدا.

 

"ڕێژەی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا لە ئوردن بووەتە ١٨٪"

سه‌وسن ئەلده‌عجه ئاماژەی بەوەکرد کە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هاوسەرگیری ژنانی گەنج دەریخستووە کە ڕێژەی بەرزی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی ئوردن گەیشتووەتە ١٨٪ ئەگەر بەراورد بکرێت بە ژنانی گەنجی سوریا کە لە ئوردن دەژین کە دەگاتە ٤٠٪.

 

سەوسن ئەلده‌عجه ئاماژەی بەوە هۆکارانە کرد کە بەهۆیەوە خێزانەکان لە تەمەنی زوودا بەزۆر هاوسەرگیری بە کچەکانیان دەکەن لەوانە هەژاری و ترس لە دەستدرێژی سێکسی، ئەوەشی خستەڕوو کە یاسای باری کەسێتی سوریا یارمەتی خێزانە سوریەکانی داوە کە بەم شێوەیە هاوسەرگیری بە کچەکانیان بکەن.

 

"پێویستە کار بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو خێزانانە بکرێت کە هاوسەرگیری بە منداڵەکانیان دەکەن"

سه‌وسن ئەلده‌عجه دووپاتیکردەوە کە ئەنجومەنەکە کاری کردووە بۆ پەرەپێدانی چارەسەرەکان بە دابینکردنی کورتەیەک لە جێبەجێکردنی پلانی نەتەوەیی کە سەرجەمی هاوبەشە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا، هەروەها پێشنیاری پلانی بەشداریکردنیشی کرد بۆ گەیشتن بەڕێنماییە یاساییەکان بۆ سنوردارکردنی هاوسەرگیری مندالانی کچ ژێر تەمەنی یاسایی و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگاو دابینکردنی بەرنامەی ئاگادارکردنەوەو چارەسەرکردن بۆ ئەو خێزانانەی کە هاوسەرگیری بە منداڵەکانیان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای ئەوەی پلانەکە تەواو ئامادەبوو ڕادەستی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ کاروباری خێزان کراوە چونکە تیمێکی نەتەوەیی تایبەت بەپاراستنی توندوتیژی خێزانی هەیە بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی.

 

 

"لە ڕوی ژمارەوە، ئودون لە ساڵی ٢٠٤٠دا دەگاتە لوتکە"

سه‌وسن ئەلده‌عجه ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجومەنەکە تیشکی خستووەتە سەر ستراتیژی دانیشتووانی ئوردون لە ١٠ ساڵی داهاتوودا بۆ ساڵی  ٢٠٢٠-٢٠٣٠ جەخت لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی بۆ تەندروستی و منداڵ بوون بۆ هەمان ماوە، هەروەها تیشکی خستەسەر بەڵگەنامەیەکی سیاسەتی نیشتمانی گشتی کە ئەنجومەنەکە گرنگی تایبەتی پێ دەدات هەروەها کێشەی لەدایک بوون و تەندروستی سێکسیش هەیە، بەهۆی داواکاری ئوردون بۆ گواستنەوەی دیمۆگرافی کە لەسەر بنەمای خەمڵاندن و پێشبینییەکانی دانیشتوانە کە دەری دەخەن ئوردون لە ساڵی ٢٠٤٠دا دەگاتە لوتکەی هەلی دیمۆگرافی واتە گەورەترین ژمارەی دانیشتوان لە تەمەنی کارکردندا دەبن و تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵ دەبێت.

 

"لە زۆربەی بوارو بابەتدا ئەنجومەنەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە"

لەبارەی ئەوەی درەنگانی ساڵی ڕابردوو لەبارەی ستراتیژی نەتەوەییەوە دەستیپێکراوە، سەوسن ڕایگەیاند، کە ئەنجومەنەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە تەندروستی گەنجان و دایک و منداڵ، دایکایەتی تەندروست، رێکخستنی خێزانی و کێشەکانی، نەخۆشییە  گواستراوەکان، شێرپەنجە، سیستەمی لەدایکبوون، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو حاڵەتانەی کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی و توندوتیژی خێزانی و وەستانی زیاد لەڕادەبەدەر لە ئازاردانی منداڵ و لەباربردن کە کێشەی سەرەکین لە کۆمەڵگەی ناوخۆدا.