شنیار، دووبارەبوونەوەی سێوانێکی دیکە

٪٨٥ جەستەی شنیار سووتاوە، دراوسێکانیشی ناوێرن هیچ گەواهیەک بدەن، پارێزەرێکیش دەڵێت شنیار سێوانێکی دیکەیە و دووبارە بووەتەوە، ڕێکخراوێکیش داوای یەکدەنگی لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان دژی ئەو تاوانە قێزەونە دەکات.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- کاتژمێر لەنێوان ١٢:٠٠ بۆ ١:٠٠ی شەو هاواری شنیار کە هونەری هاوژینی لێیدەدات، کۆڵانەکە پڕدەکات، دوای ١٠خولەک لە بێدەنگی شنیار بە ئاگرەوە لە ماڵەکەیەوە ڕادەکات، پاش ڕاکردنی کەمتر لە ٥٠ مەتر لەتاو ئازار و سوتان لە باخی یەکێک لە دراوسێکاندا دەکەوێت بە زەویدا.

 

چووینە ئەو گەڕەکەی تاوانەکەی لێڕوویداوە، بەڵام هیچ یەک لە دراوسێکان ئامادەنەبوون ڕووداوەکە لەپێش کامێرا بگێڕنەوە و گەواهی بدەن، زۆرینەیان بە بیانووی خەوتن دەیانووت ئاگایان لە ڕووداوەکە نەبووە.

 

یەکێک لە دراوسێکان کە ڕووداوەکەی بینووە، باسی ئەوەدەکات، کە شنیار لە تاو ئازار هاواری کردووە، بەڵام هاوژینەکەی زیاتر لێی توڕە بووە کە نابێت بقیژێنێت و کێشاویەتی بە زەویەکەدا، لەگەڵ ئازار و هاواری شنیاردا بەڵام بەشێک لە دراوسێکان بە بیانووی "کێشەی خۆیانە" نەچوون بە هانای شنیارەوە.

 

ئەم ڕووداوە شەوی ١٩ی ئەم مانگە لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی بووە، لە کاتێکدا چوار ڕۆژ پێشتر ژنێکی مامۆستای زانکۆ لە هەمان گەڕەک بە دەستی هاوسەرەکەی کوژرا.

 

شنیار ٪٨٥ جەستەی سوتاوە، پزیشکەکان ڕێگا نادەن کە تەنانەت لە نەخۆشخانە دەربچێت تا بچێتە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی یاخود دەرەوەی وڵات، بەڵام لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە بڵاوبووەتەوە شنیار دەڵیت هاوژینەکەی سوتاندوویەتی و دایکیشی لە لێدواندا بۆ ئاژانسی نوژنها و دەزگا ڕاگەیاندنەکان هەمان شت دووپاتدەکاتەوە.

 

دوای ٢٤ کاتژمێر تاوانبار دەستگیرکرا

هونەری هاوژینی شنیار بەپێی ئەو وتەکانی شنیار سەرخۆشبووە، هەوڵی ڕاکردنی بۆ وڵاتی ئێران داوە، بەڵام پاش ٢٤ کاتژمێر بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.

 

جگە لە هەوڵ بۆ کوشتن، بێهۆشی و لێدان پێش سوتانی تاوانەکەی قورسترکردووە، بەپێی ئەو ماددەیەش بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدرێت، ئەگەریش شنیار گیان لەدەستبدات ئەوا بەپێی یاساکە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.

 

ڕۆژگار ئیبراهیم پارێزەر لە دادگای سلێمانی، تاوانکە بە کارێکی قێزەون ناودەبات و ئاماژەی بەوەدا کە لە یاسادا سوتان بە توانێکی وەحشییانە هاتووە، دەڵێت "سێوانێکی ترە بەڵام ئەمجارە لە سلێمانی".

 

ئەو پارێزەرە لەبارەی ئەوەی کە هیچ کەس لە دراوسێکانی ئامادەی قسەکردن و گەواهیدان لەسەر کەیسەکە نین، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەبەر نەپارێزراوی گیانی گەواهیدەر ئەو کەسەی ڕووداوەکەی بینیووە گەواهیی نادات، بەڵام خەجت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "ئەگەر کەسێک ویژدانی هەبێت کە تاوانەکەی بینیبێت و بزانێت کە کەسی تاوانلێکراو تاوانێکی قێزەونی بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەڕاستی دەبێت بێت بۆ دادگا".

 

لەنێو ژمارەی زۆری ئەو ڕێکخراوانەی تایبەتن بە داکۆکیکردن لە مافی ژنان، بەڵام تەنها چەند ڕێکخراوێکی کەم سەردانی شنیاریان کردووە، تا ئێستاش هیچ بەیاننامەیەکیان بۆ پاڵپشتی لە شنیار هونەر و هەوڵدان بۆ بە سزاگەیاندنی توانبار بڵاونەکردووەتەوە.

 

ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە کاتی سەردانیکردنی شنیاردا، دۆخی تەندروستی باش نەبووە، دەڵێت "ئێمە پاڵپشتی لە کەیسەکە دەکەین، وەک چۆن بۆ سێوان قادر لە هەموو دانیشتنەکاندا ئامادەبووین، ئەوان لەگەڵ شنیاریشدا دەبین".

 

جەختیش لەسەر پێویستی یەکڕیزی و هەڵوێستی جدی ڕێکخراوەکان دەکاتەوە، "ئەگەر کۆدەنگی هەبێت باوەڕ دەکەم ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژن دەکرێن کەمدەبنەوە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن".

 

تاوانەکانی کوشتنی ژنان بەردەوامن، لەگەڵ هەموو هەوڵی ڕێکخراوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەڵام جارێکی دیکە کوشتنی ژنێکی دیکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتەنێت، کوشتنی دڕندانەی ژنێک دەبێتە ناونیشانی سەرەکی هەواڵی ڕاگەیاندنەکان، دیاریش نییە کەی کۆتایی بە چیرۆکی سێوانەکان دێت.

 

ت.پ