''شاردنەوەی تۆماری ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون جۆرێکی دیکەی توندوتیژییە''
لەگەڵ دەستپێکردنی ١٦ ڕۆژی چالاکی دژی توندوتیژی ڕەگەزی، پێویستی گفتوگۆکردنی ڕاستی ژنان و ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ڕوون دەبێتەوە، هەر بۆیە زۆر گرنگە ڕۆشنایی بخرێتە سەر جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە قووڵەکانی.
ئیبتیسام ئیغفیر
بنغازی – لە وڵاتێکدا کە کاریگەریی جەنگەکان لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکاندا تێکەڵ دەبن، توندوتیژی دژی ژنان وەک یەکێک لە دیاردە ئاڵۆز و فرەلایەنەکان سەرهەڵدەدات، لە کاتێکدا کە بانگەوازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دەنگیان بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام ڕاستیەکە زۆر توندترە لەوەی کە ڕاپۆرتە فەرمییەکان باسی دەکەن.
عەبیر ئامنینە، بەرپرسی ناوەندی "وەشم" بۆ توێژینەوەی ژنان، شوێنی فراوان بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی توندوتیژی و وێرانکردنی نەخشەکانی و گەڕان بەدوای هۆکارەکانی بەردەوامبوونیدا، چ لە ناو خێزان یان لەسەر ئاستی دامەزراوەیی دەکاتەوە، لە ڕێگەی ڕوانگەی خۆیەوە، شیکارییەکی قووڵ پێشکەش دەکات سەبارەت بەو شتانەی کە ئەمڕۆ لە لیبیا ڕوودەدەن، کاریگەریی جەنگەکان، نەبوونی یاسا و شاردنەوەی داتاکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەو هۆکارانەی کە هەندێک لە ژنان پاڵدەنێت بۆ پاساوهێنانەوە یان بێدەنگبوون بەرامبەر بە توندوتیژی.
دۆخی کۆمەڵایەتی ناجێگیری ژنان
عەبیر ئامنینە جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکەم شت کە لە کاتی باسکردنی توندوتیژیدا دێتە بەرچاو، دۆخی لاوازی کۆمەڵایەتی ژنانە لە لیبیا، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و خراپ بەکارهێنانی توند پرسیاری ڕاستی لەبارەی هۆکارەکانی ئەم ڕاستیە و ئەو هۆکارانەی کە بەردەوامی پێ دەدەن، دەوروژێنێت، توندوتیژی ڕووداوێکی دابڕاو یان ڕووداوێکی نائاسایی نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە تۆڕێک لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی، هەروەها پێکهاتە دامەزراوەیی و یاساییەکان کە بەشدارن لە بەردەوامبوونی.
پێی وایە توندوتیژی دژی ژنان، لە ناوەڕۆکی خۆیدا، بەرهەمی دۆخێکی کۆمەڵایەتی سەرلێشێواوە، کە ڕۆڵی کۆنەپەرستانە لەناو خێزان و فشارە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییەکان لە کەسایەتییەکانی ژناندا کە کۆمەڵگە نەیتوانیوە لەخۆی دەگرێت تێکەڵاو بوون، وتی: ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی لە هۆشیاری و پەروەردە و چوونە ناو هێزی کاردا هاتووە، هاوتا نەبووە لەگەڵ پێشکەوتنێکی هاوشێوە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا، کە پێکدادانی ڕۆڵەکان دروست دەکات و گرژییەکانی ناو ماڵەکان توندتر دەکات، جگە لە هەموو ئەمانە، بارودۆخی ئابووری سەخت بارگرانی لەسەر ژنان زیادکردووە، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە پیاوان پەنا بۆ توندوتیژی ببەن وەک ئاماژەیەک بۆ هەژموون یان تۆڵەسەندنەوە.
ملکەچبوون بۆ توندوتیژی لە ترسی داهاتوویەکی نادیار
عەبیر ئامنینە توندوتیژی بە چەند فاکتەرێکەوە دەبەستێتەوە، یەکەمیان فاکتەری ئابوورییە، ژنێک کە سەرچاوەی داهات و خانووبەرەی جێگرەوەی نییە، سەرەڕای ئەو خراپەکارییە، گەڕانەوەی بۆ لای هاوژینەکەی بە "کەمتر لە دوو خراپە" دەبینێت و لێرەدا، وەک خۆی وتی: گرنگی سەربەخۆیی ئابووریی ژنان ئاشکرا دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بڕیاری خۆیان هەبێت.
فاکتەری دووەم فشاری کۆمەڵایەتییە کە قورسایی زۆری لەسەر ژنانی ئازاردراو هەیە، هەندێک لە خێزانەکان دوای جیابوونەوە ڕەتیدەکەنەوە کچەکانیان وەربگرنەوە و هەندێک لە کۆمەڵگەکان هێشتا بە ناڕەزایی یان گومانەوە سەیری ژنانی جیابووەوە دەکەن، زۆرجار ئەمە لەگەڵ بارودۆخی سەختدا دەبێت، وەک جێهێشتنی منداڵەکان یان ملکەچبوون بۆ دیکتاتۆرییەکانی خێزان، ئەم فشارانە وا لە زۆرێک لە ژنان دەکەن کە پێیان باشترە لە سووڕێکی توندوتیژیدا بمێننەوە نەک خۆیان بخەنە ناو داهاتوویەکی نادیارەوە.
عەبیر ئامنینە تیشک دەخاتە سەر ڕەفتارێکی نائارامکەر، هەندێک لە ژنان خۆیان تاوانبار دەکەن، ژنێک وتی: ئەو لێیدام چونکە وروژێنەر بووم... مەبەستی ئەوە نەبوو ئازارم بدات، ئەم جۆرە پاساوهێنانەوە ئازارەکە و توندوتیژیەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە زیانڵێکەوتووەکە هاوبەش دەبێت لە پاساوهێنانەوە بۆ ئەو ئازارانەی کە بەسەریدا هاتووە، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی توندوتیژی.
چارەسەیرێک کە بەتەواوی لەگەڵ ڕۆحی ئایین ناکۆکە
لە کاتی باسکردنی بەراوردکاری نێوان توندوتیژی خێزانی و دامەزراوەیی، ئاماژە بەوە دەکات، کە هەردووکیان زیانبەخشن، بەڵام ئەو توندوتیژییەی کە ڕۆژانە لە ناو ماڵدا ئەزموون دەکرێت توندترە، چونکە لە دڵی ئەو شوێنەدایە کە بڕیاربوو شوێنێکی پارێزراو و ئارام بێت، کۆمەڵگە و یاسادانەران زۆرجار لێدوان لەسەر توندوتیژی خێزانی دەدەن، بە "ئاسایی" یان "دیسیپلین"ی دەزانن، پشت بە لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە ئاینییەکان دەبەستن، کە تێڕوانینێکە دوورە لە ڕۆحی ئایین.
عەبیر ئامنینە بە وردی باس لە کاریگەریی جەنگەکان لەسەر سروشتی توندوتیژی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ململانێ چەکدارییەکان هەمیشە بارودۆخی سەختتر و ئاڵۆزتر بەرهەم دەهێنن، لە ساڵانی ململانێدا، ژنانی لیبیا ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و لەدەستدانی بژێوی ژیان و بێبەشبوون لە خانووبەرە و داهات و دامەزراندن بوونەتەوە، ناچاربوون مامەڵە لەگەڵ ئەو دامەزراوانەدا بکەن کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیانی نییە، ئەمە دەرگا بەڕووی شێوازی نوێی بەکارێنانی ئابووری و کارگێڕیدا کردەوە، چەندین لێکۆڵینەوە سەلماندوویانە کە قۆناغەکانی جەنگ ژنان ناچار دەکەن تاکە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن لە خێزانەکە، تەنانەت کاتێک پیاوێک ئامادە بێت.
ئاماژەی بەوەدا، کە پەتای کۆڤید-١٩ توندوتیژی خێزانی توندتر کردووە، بارگرانییەکی زیاتری بەسەر ژناندا سەپاندووە و هەندێک لە خێزانەکانی پاڵناوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری منداڵە کچەکانیان ئەنجامبدەن و بەدوای ئەوەی پێی دەوترێت "پاراستن"، ئەمەش بووە هۆکاری کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە کاریگەرییەکانی بەردەوامن.
ڕاگرتنی ئامار ڕێگری ناکات لە زیان، عەبیر ئامنینە ڕوونیشیکردەوە، چەند جارێک هەوڵیداوە ئامارێکی دروست لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بەدەستبهێنێت، تەنها داتای گشتیم پێدرا کە تەنها سێ مانگ دەگرێتەوە- تەمووز، ئاب و ئەیلوول- و ئامارەکان شۆککەر بوون، ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی کەیسەکانی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە دەستدرێژی بچووکەوە تا کوشتنی بە ئەنقەست، لەگەڵ هەر داواکارییەک بۆ هەڵسەنگاندنەوەی دووبارە لەسەر بنەمای ڕەگەز، هیچ وەڵامێک نەبوو، وەک ئەوەی پرسیارەکە خۆی بەبێ ڕوونکردنەوە پاڵنرا بێتە لایەک، بۆچی ئەم دوودڵییە لە پێشکەشکردنی زانیاری ورد سەبارەت بە ژنان؟ وە لە ڕاستیدا پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت چی بکەن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ئەوان؟
وەڵامی ئەمە دەداتەوە و وتی: پرسی داتا و ئامارەکان و نەبوونی ئەوان یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکان لەبەردەم پەرەپێدانی سیاسەتی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، کاتێک داوای ئاماری فەرمی لەسەر ژمارەی ژنانی دەستدرێژی کراوە، تەنها ئاماری گشتی پێشکەش کرا کە ڕادەی ڕاستەقینەی قەیرانەکە نیشان نادات، هەروەها هەندێک لایەن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی یان هەوڵدان بۆ پێدانی وێنەیەکی نەرێنی لە کۆمەڵگەی لیبیا مامەڵە لەگەڵ داواکاریی داتا بکەن، لەکاتێکدا ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەر سیاسەتێک بەبێ داتای ورد سیاسەتێکی بێهودەیە.
یاسای پاراستن بە بەستوویی ماوەتەوە
ئاماژە بەوەکرد، کە ڕەشنووسی یاسای پاراستنی ژنان لە توندوتیژی زیاتر لە دوو ساڵە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەستراوەتەوە، بەبێ گفتوگۆکردن و هەموارکردنەوە و تەنانەت ڕەتکردنەوەی فەرمی، هەروەها ئەم بێبایەخکردنە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێکی گشتییە کە ئامادە نییە بە ڕاستی مامەڵە لەگەڵ پرسی توندوتیژیدا بکات.
عەبیر ئامنینە تیشک دەخاتە سەر بڕیاری دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نوێ بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان لە پارێزگای ڕۆژهەڵات و بە "کاردانەوەی گشتیی بە خراپی لەبەرچاو گیراو" پێناسەی دەکات، بەتایبەتی کە وەزارەتی ناوخۆ پێشتر فەرمانگەی تایبەتی هەیە، بۆچی پێکهاتەکانی ئێستا پەرەیان پێنادرێت لەبری ئەوەی جەستەی نوێ دروست بکرێت کە کات و بودجە بەکاردەهێنێت، هەروەها ڕەخنە لە تێکەڵکردنی منداڵان و ژنان لە یەک دامەزراوەدا دەگرێت و داوای بەشێکی سەربەخۆی ژنان دەکات کە پێگەی دەستووری هەبێت و دەسەڵاتی ڕوون بێت.
بە ئاسایش و ژیانی خۆیان باجەکەی دەدەن
سەبارەت بەو بۆچوونانەی کە داوای گرنگیدان بە توندوتیژی دەکەن بە گشتی، عەبیر ئامنینە وتی: توندوتیژی خێزانی بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، هەروەها بەراوردکردنی ئاماری، ئەگەر هەبێت، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان ئەزموونی ژنان و پیاوان ئاشکرا دەکات، بە تایبەت کە توندوتیژی پیاوان زۆرجار دەکەوێتە ژێر پۆلی تاوان و تاوانە گەورەکانەوە، لەکاتێکدا ژنان زیانلێکەوتووی توندوتیژی خێزانی سیستماتیکن، باجەکەی بە ئاسایش و ژیانی خۆیان دەدەن.
ئەو گەڕاندنەوەی خۆکوشتنی ژنان بۆ "جادووگەری و سەروو سروشتی" بە پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە تێگەیشتن لە دیاردەکە پێناسە دەکات، وتی: چارەسەرەکە لە شیکارییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی زیانلێکەوتووەکاندایە نەک لە ڕوونکردنەووەی سەروو سروشتییەکان کە هۆکارە ڕاستەقینەکان ئاڵۆز دەکەن.
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تێبینی ئەوە دەکات کە توندوتیژی لە لیبیا و میسر و جەزائیر لە سروشت و دەرئەنجامەکانیدا هاوشێوەیە، لە کاتێکدا تونس بەهۆی هۆشیاری بەکۆمەڵ و دامەزراوە کاریگەرترەکانیەوە جیاوازە، کە ژنان بەهێزتر دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر لە یاساکان سوودمەند بن.
عەبیر ئامنینە، بەرپرسی ناوەندی "وەشم" بۆ توێژینەوەی ژنان، لە کۆتایی قسەکانیدا جەخت لەسەر ڕۆڵی ناوەندەکە دەکاتەوە لە لێکۆڵینەوە لە کەموکوڕییەکانی یاسادانان و ڕێکخستنی گفتوگۆکان سەبارەت بە توندوتیژی، سەرەڕای ئاستەنگییەکانی لۆجستی، هیوادارە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرکەوتوو بن لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاری لە مافەکان، هەروەها ژنان پێش هاوسەرگیری ڕێنمایی دەروونی و یاسایی وەربگرن، بۆ ئەوەی بە تەواوی مافەکانی خۆیان بزانن و بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.