سابرین حەناوی بەهۆی بەرپرسیارێتی پیشەیی و دایکایەتی ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە

لە نەخۆشخانەی زانکۆی نەبیهە بری، پەرستاری دووگیان سابرین حەناوی بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی لە نێوان تۆپباران و مەترسییەکاندا، بەهۆی بەرپرسیارێتی پیشەیی و دایکایەتی ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە.

ڕانا جونی

 

لوبنان– لەناو کۆریدۆرەکانی نەخۆشخانەی زانکۆی نەبیهە بری لە نەباتیە، پەرستار سابرین حەناوی بە خۆڕاگرییەکی سەرنجڕاکێشەوە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی پەرستاری، سەرەڕای پەرەسەندنی مەترسییەکان لەگەڵ دووبارەبوونەوەی تۆپباران و بەئامانجکردنی دەوروبەری نەخۆشخانەکە پاشەکشەی نەکردووە، لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە، ئەرکی مرۆیی خۆی لە بارودۆخێکدا جێبەجێکردووە کە ڕۆژانە مەترسی لەسەر ژیانی دروستکردووە.

 

چیرۆکی سابرین حەناوی جیاوازە لە هەموو شتێکی دەوروبەری، ئەو نەک تەنها وەک پەرستارێک، بەڵکو وەک دایکێک کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کۆرپەکەی دەکات، ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، لەگەڵ گڕوتینێکی کە سەختییەکانی ئەم ڕۆژانە کەم دەکاتەوە.

 

سەرەڕای دووگیانی، ڕۆژەکانی لەناو ئامێرە پزیشکییەکان و دەنگی باری نائاساییدا بەسەر دەبات، چاودێری برینەکانی منداڵێکی ترساو یان دڵنەوایی ژنێک دەکات کە لە بۆردوومانەکەدا منداڵەکانی لەدەستداوە.

 

لە هەموو دیمەنێکی دڵتەزێندا وێنەی کچە لەدایک نەبووەکەی یاوەری دەبێت، منداڵێکی کچ لە جیهانێکدا کە تادێت پڕ دەبێت لە توندوتیژی، لێی دەترسێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پاشەکشەی نەکردووە، پۆستەکەی بەجێ نەهێشتووە، وەک ئەوە وایە دوو ئەوەندەی شەڕ بۆ نەخۆشەکان بکات بۆ منداڵەکەیەتی.

 

سەبرین حەناوی ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە و وتی: سێ مانگە لێرە کارم کردووە، ئەو کاتە سێ مانگ دووگیان بووم، ئێستا شەش مانگە، سەرەڕای هەموو سەختییەکان هێشتا ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم، نەخۆشخانەکە بە قۆناغێکی "زۆر سەخت"دا تێدەپەڕێت، بەڵام بیرکردنەوە لە وازهێنان هەرگیز بە مێشکیدا نەهاتووە. لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەرکی مرۆڤ ئەوەیە لە شوێنێکدا بمێنێتەوە کە پێویستی زۆرە، تەنانەت ئەگەر نرخەکەی ماندوێتی و ترس و دڵەڕاوکێ بێت کە هەموو ڕۆژێک لەگەڵیدا بێت.

سەبارەت بە دووگیانییەکەی لەم بارودۆخە سەختەدا، ڕوونی دەکاتەوە، کە لە دوورەوە چاودێری دەکات و وتی: لە ڕێگەی واتسئەپەوە پەیوەندیم لەگەڵ پزیشکەکەمدا دەکەم، ئەگەر هەستم بە هەر ئازارێک کرد، دەستبەجێ نامەی بۆ دەنێرم، ئەویش دڵنیام دەکاتەوە، هەموو پشکنینە پێویستەکان لێرە ئەنجام دەدەم، لە سەرەتای قەیرانەکەوە تەنها یەکجار توانیومە سەردانی پزیشکەکەم بکەم.

 

سابرین حەناوی ترسەکەی ناشارێتەوە و وتیی: ترسەم هەیو، نکۆڵێ لێ ناکەم، ترس بۆ خۆم و بۆ ئەو کۆرپەیەیە، شەوێک تۆپبارانەکە گەیشتە ناوچەی دەوروبەری نەخۆشخانەکە، بە ترسەوە لە خەو هەڵسام، دەستم خستە سەر سکم  و کۆرپەکەمم دڵنیا کردەوە پێش ئەوەی خۆم دڵنیا بکەمەوە، پێم وت هەموو شتێک باش دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک ڕووداوی ترسناکمان بەسەر هاتووە، لەنێویاندا دوو منداڵ برینداربوون و یەکێکیان کوژراوە، لە ساتەکانی وەک ئەمانەدا ترس دەخزێتە ناو دڵمەوە، بیرلەو دیمەنەی دەکەمەوە کە بەسەر کچەکەمدا دێت، بەڵام بە خێرایی ئەو بیرکردنەوانە پاڵدەنێمەوە، نزا دەکەم کە ئەم شەڕە کۆتایی بێت پێش ئەوەی کچەکەم لەدایک بێت، کۆرپەکەم لەنێو ئەم وێرانکارییەدا ڕووناکی ڕۆژ بینێت.

 

سابرین حەناوی هێزی خۆی لە باوەڕی نەگۆڕ و پاڵپشتی هاوژینەکەی و هاوکارەکانی وەردەگرێت کە لە هەموو ساتێکدا بە پشتیوانی دەورەی دەدەن، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە لێرەین ئەمڕۆ خۆمان بەخت دەکەین بۆ پاراستنی داهاتوویەکی باشتر بۆ منداڵەکانمان، کە لە ئەم ڕاستیە سەختە نەچێت،تا کۆتایی دەمێنینەوە، شانبەشانی هەموو بریندارێک و هەموو کەسێکی پێویست، بەو هیوایەی ئەم قەیرانە بەم زووانە کۆتایی پێ بێت.