پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەڵمانیا باس لە مەترسییەکانی شەڕ و داگیرکاری دەکات

پرۆفیسۆرێکی زانکۆی وڵاتی ئەڵمانیا باس لە زیان و مەترسییەکانی هزرییەتی شەڕ و داگیرکاری دەکات، هەروەها گرنگی زانستی ژنۆلۆژی بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیانی سەرجەم مرۆڤایەتی لە جیهاندا دەخاتەڕوو.

سلێمانی

 

 "مێکتر ئێکسڵ"، خەڵکی وڵاتی ئەڵمانیایە و وەک نوینەری ژنۆلۆژی ئەندامی شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستانە، هەروەها پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆیە لە وڵاتی ئەڵمانیا و وانەی ژنۆلۆژی دەڵێتەوە، کە هاوپۆلی و وانە خویندنێکی هاوبەشیان لەگەڵ بەشی ژنۆلۆژی زانکۆی رۆژئاوا دروستکردووە، چەندین چالاکی و سیمینار لە بواری فیمینستی ئەنجامدەدەن، هەردوو زانکۆکە بەشداریکردنێکی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لە نێوانیاندا هەیە.

 

مێکتر کار بۆ ناساندنی زانستی ژنۆلۆژی بۆ کۆمەڵگا دەکات

مێکتر پێی وایە زانستی ژنۆلۆژی زانستێکی نایابە، کە لە پاڵ کاری زانکۆ و وانەوتنەوەدا چەندین کار و چالاکی دیکە ئەنجامدەدات بۆ کۆمەڵگا لە پێناو ناساندنی زیاتری زانستی ژنۆلۆژی، هەروەها بۆ خوێندن و فێرکردنی ئەو زانستە.

سەبارەت بە زانستی ژنۆلۆژی وتی:" زانستی ژنۆلۆژی شتانێکی زۆری بە ئێمە بەخشییوە و سەرچاوەکەی لە میزۆپۆتامیایە لە ئێستادا لە چەندین ناوچەی جیهان بڵاو بۆتەوە، ژنۆلۆژی گرنگ و نایابە بۆ سەرجەم کۆمەڵگا".

دەربارەی هۆکاری گرنگ بوونی زانستی ژنۆلۆژی ئەو مامۆستای زنکۆیە بەم شێوەیە باسی لە هۆکارەکەی کرد: "زانستی ژنۆلۆژی ئەو چارەسەرییەمان پێدەبەخشێت کە پێویستمانە، چونکە دەزانین سیستمی ئاکادیمی بە شێوازێکی چەق بەستوو باس لە کێشە، قەیران و ڕێگرییەکان دەکات، بەڵام هیچ چارەسەرییەک پێشکەش ناکات کە ئێمە پێویستمان پێیەتی، بۆیە لە ئێستادا ئەو شێوازی بیرکردنەوەیەی زانستیش پێمان دەبەخشێت بەشیکن لە کێشەکان، بۆیە پێویستمان بە گۆڕانکاری هەیە لە میتۆدۆلۆژیای تێڕامان و شیرکردنەوەکان سەبارەت بە جیهان، هەروەها لە شێوازی بیرکردنەوە لە خۆمان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سروشت و مرۆڤەکان و کۆمەڵگا و سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و هاوبەش و پێکەوە ژیان بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی بێ جیاوازی و خۆ سەپاندن و زاڵ بوونی لایەنێکی دیاری کراو بدەین".

"هزرییەتی شەڕ و داگیرکاری هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاشتی و پێکەوە ژیان"

مێکتر ئێکسڵ وەک مامۆستایەکی زانکۆ و ئاشتیخوازێک هۆکاری بوونە ئەندامی لە شاندی ئاشتی بۆ ئاژانسی ژنها بەم جۆرە خستەڕوو: "سەرجەم شەڕ و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە بۆ سەر خاکی کوردستان ئەنجامی دەدات هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە، چونکە تەنها دەستبەسەراگرتنی چەند گوند و شاخێک نیە، بەڵکو هزرییەتی شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە بۆ لە ناوبردنی پرۆسەی دیموکراتی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی سەرجەم مرۆڤایەتی."

ئەو پرۆفیسۆرە ژنە باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی تورکیا دوژمی ئازادی و تێکۆشانی ژنانە، نەک تەنها لە وڵاتەکەی خۆیدا بەڵکو لە سەرجەم وڵاتەکانی دیکە، وەک ئەوەی لە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا کردی و هێرشی کردە سەر عەفرین و داگیری کرد و هەوڵی کپکردنی شۆڕشی ژنانیدا.

 

 هەروەها دەربارەی هەوڵەکانی بۆ داگیرکاری سەر باشووری کوردستان وتی: " ئەم فراوانکردنە سنوورییەی دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی و ئازادی و پێکەوە ژیانی ناوچەکە."

 

"جەنگ دەبێتە هۆی لەناوبردنی پیرۆزییەکان"

مێکتر باسی لە پەیوەندییەکانیان بە میزۆپۆتامیا کرد و وتی : "ئێمە پەیوەندییەکی تایبەتمان لەگەڵ ئەم ناوچەیە هەیە کە لە ئێستادا هێرشی دەکرێتە سەر، شاخەکان و سەرجەم ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، چونکە مێژوو و پاشخانی خوداوەندە ژنەکان بوونیان هەیە لەو ناوچانەدا، بۆ نموونە لە چیاکانی زاگرۆس کە لە ئێستادا هێرشی دەکرێتە سەر و هەوڵی داگیرکردنی دەدەن، لە ئەشکەوتەکاندا مێژووی “دایکە عەشتار” بوونی هەیە کە بۆ یەکەم جار زانستی ژنۆلۆژی لێوە وەرگیراوە، ژنان لە هەموو کوردستانەوە بۆ کارکردن و توێژینەوە لەسەر ژنۆلۆژی سەردانی ئەو ئەشکەوتە دەکەن، کە ئێستا بۆمبی بەسەردا فڕێدەدرێت، پێویستە ئەم پەیوەندییە بپارێزرێت و بەبەردەوامی خوێندن و توێژینەوە لەسەر بکرێت لە پێناو بەدەستهێنانی ژیانێکی ئازاد و سەربەستی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی و پاراستنی مرۆڤبوون".

 

 

ت.پ