نموونەی ڕاستەوخۆی ژیانی بەشداریکردن لە کامپەکانی ئاوارەبووندا سەرهەڵدەدەن
سەرەڕای هەلومەرجی سەخت، ئاوارەبووەکانی عەفرین ڕێبازێکی پێشەنگیان بۆ چەمکی ژیانی بەشداریکردن لە کۆمەڵگەدا لە کامپەکانی ئاوارەبووندا نیشانداوە.

سیلڤا ئیبراهیم
تەبقا- کامپی عەفرین لە پارێزگای تەبقا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت کولتووری و هونەریشیاندا سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک پەیڕەو دەکەن، ئەزموونی ناوازەیان وردە گەردوونێکی سیستەمی خۆبەڕێوبەرییە کە لەسەر بنەمای ژیانی بەشداریکردن دامەزراوە.
کامپی عەفرین نزیکەی ٩٥٠ خێزانی تێدایە، وەک ئەوەی شارێکی بچووک بێت کە دووجار لە ناخی مەرگەوە لەدایک بووبێت، جارێکیان بە زۆر لە شاری عەفرین ئاوارە بوون و جارێکیش لە شاری شەهبا ئاوارە بوون، هەر جارێک گەڕانەوە بەڵێنیان بوو، ڕێکخستنیش هێمای ئەوان بوو، سەرەڕای ئەو ئاوارەبوونە زۆرەملێیەی هاوڵاتیانی عەفرین تووشی بوون و ئەو پێشێلکاریانەی کە لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە ڕووبەڕوویان بووەوە، خۆڕاگری بڕیارێکە کە هەرگیز لێی نەچەواوەتەوە.
ڕێکخستنی ناو کامپ... و گرنگییەکەی بۆ دانیشتووانێکی بەزۆر ئاوارە
ڕۆسلین کۆشان، هاوسەرۆکی کامپی عەفرین لە تەبقا وتی: لە کاتی ئاوارەبوونی دووەممان لە شەهبا، بەرگەی بارودۆخی سەختمان گرت تا پەناگە و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان بۆ دانیشتووان دەستەبەر کرد، هەوڵێکی زۆرمان خستەگەڕ و بۆ ماوەی سێ مانگی یەکەم ماندوونەناسانە کارمان کرد، دوای ئەم ماوەیە پێویستیمان بە خۆڕێکخستنەوە لە ناو کەمپەکەدا بینی.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک وشەی پەناگە دەڵێین، یەکەم شت کە دێتە مێشکمان، ئازار و برسێتی، هاوکاری و بێ هیواییە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمپەکانی عەفرین، چ لە تەبقا یان جزیرە، جیاوازن لە هەر کامپێکی تر، هیوا لە ڕوخساری منداڵەکانیانەوە دەدرەوشێتەوە، ئیرادەیان بۆ ژیانێکی باشتر لە وردەکارییەکانی ژیانی دانیشتووانەکانیاندا دیارە، تەنانەت بەساڵاچووانیش بێهیوا نەبوون لە سەختیەکانی بارودۆخەکان و ئەو چادرانەی کە لە گەرمای هاویندا نایانپارێزن.
وەشانێکی بچووکی خۆبەڕێوبەری
ڕۆزلین کۆشان سروشتی ڕێکخراوەکەی لەناو کامپەکەدا ڕوونکردەوە، وتی: هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە چووینە ناو کەمپەکە، کۆمەڵێک کۆمینمان وەک فریاگوزاری ڕێکخست، بەڵام دوای سێ مانگ بەشێوەیەکی کاراتر ڕێکیخرانەوە، هەر کۆمینەیەک بەرپرسیارە لە گەڕەکێک لە کەمپەکەدا، لە ئێستادا لە ٦ کۆمین پێکدێت، هەر کۆمینەیەک لەلایەن هاوسەرۆکێکەوە بەڕێوەدەبرێت، واتە ژن و پیاوێک، جگە لە ئەندامان، هەر ئەندامێک بەرپرسیارە لە لیژنەیەک، وەکو لیژنەی ئاشتەوایی و ژنان، لیژنەی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و کار هەروەها دەستپێشخەری تاکەکەسی هەیە، وەک پێکهێنانی گروپی هونەری و مۆسیقا، هونەر و مۆسیقا گوزارشت لە کولتوری دەوڵەمەندی عەفرین دەکەن و ئێمە دەمانەوێت بۆ هەر شوێنێک بچین و هەمووکاتێک بگەڕێینەوە لەگەڵمان بن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە ڕێکخراوەکە بەو ئاستە نەبێت کە ئێمە ئاواتەخوازین بەهۆی هەلومەرجی باوەوە، بەڵام ئەوەی گەلێک دووجار ئاوارە بێت و دواتر خۆی ڕێکبخاتەوە، دەستکەوتێکی گەورەیە، سیستەمی کۆمین و ئەنجومەن کاریگەرترینە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەکاندا.
سەبارەت بە گرنگی ڕێکخستن لەم جۆرە هەلومەرجەدا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو پێکهاتانەی بەزۆر دەچنە ناو شەڕەوە پارچە پارچە دەبن، هەر لەبەر ئەمەشە ڕێکخستن ئەوەندە گرنگە، چونکە لەم جۆرە حاڵەتانەدا پێکهاتە ناڕێکخراوەکان نێچیری شەڕێکی تایبەتن لەدوای شەڕێکی سەربازی، بە باوەڕبوون بە گرنگی ڕێکخستن و پاراستنی کۆمەڵگە لە پارچەپارچەبوون، ڕێکخستنمان وەک بناغەی خۆمان وەرگرتووە، ئێمە باش ئاگادارین کە گەلەکەمان لەلایەن تورکیاوە گۆشەگیر و داگیر دەکرێت، دووپاتی کردەوە کە ڕێکخستن یەکڕیزی و هێز لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگە بەهێز دەکات، بەتایبەتی کاتێک مافەکانمان وەک زەویمان دەستبەسەردا دەگیرێت، گەڕاندنەوەی زەوییەکەمان پێویستی بە هێز و یەکڕیزی هەیە.
بە هیوای گەڕانەوەی هاوڵاتیانی عەفرین
سەبارەت بەو گەڕانەوەیەی کە هیوای بۆ دەخوازن، ڕۆزلین کۆشان ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لە کامپەکەدا لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، بەڵام ئەو ڕاستییر قبوڵ ناکەین کە تورکیای داگیرکەر بەسەر عەفریندا سەپاندویەتی، ئەمەیە کە ڕێگریمان لێدەکات لە گەڕانەوەمان، ئەوانەی تامی ئازادییان کردووە، کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن، ئەگەر گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەمان پێنەدرێت، کە تێیدا ماف و ئازادی و زمان و ناسنامەمان پارێزراو نەبێت قبووڵی ناکەین.
نەبوونی متمانەی خۆی بە تورکیای داگیرکەر دەربڕی و وتی: چۆن دەتوانین بگەڕێینەوە لەکاتێکدا تورکیای داگیرکەر هێشتا لە عەفرین ئامادەیە؟ ئێمە بە باشی داگیرکەر و سیاسەتەکانی دەزانین و ناتوانین بەو ئاسانییە متمانەی پێبکەین، بۆیە گەڕانەوەمان پێویستی بە گەرەنتی هەیە نەک بەڵێنی زارەکی، هەروەها ئاماژەی بە هەندێک حاڵەتی تاکەکەسی کردووە و وتی: لەم دواییانەدا هەندێکیان خۆیان خستۆتە سەر گەڕانەوە بۆ عەفرین، بەتایبەتی بەساڵاچووان، کە چیتر بەرگەی دوورکەوتنەوەیان لە زێدی خۆیان ناگرن، ئەوان پێیانوابوو عەفرین وەک پێش ساڵی ٢٠١٨ دەبێت، بەڵام تووشی شۆک بوون بەو ڕاستییەی کە پێشتر هەبووە، زۆرێک لە خێزانەکان گەڕانەوە بۆ چادرەکان، چونکە نەیانتوانیوە دۆخەکە قبوڵ بکەن.
ڕێکخستنی ژنان ئامرازێکە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا
عەریفە بیلال، کارگێڕی لیژنەی ژنان لە کامپی عەفرین لە تەبقا، وتی: ژن بناغەی کۆمەڵگەن، چونکە ئەوان بەرپرسیارێتی هەموو خێزانەکەیان لە ئەستۆدایە، ئەوان لەناو خێزانەکانیاندا بە مامۆستا دادەنرێن، بەتایبەت لەڕووی پەروەردەکردنی منداڵ و خولی پەروەردەییانەوە، ئەوان بەرپرسیارن لە چاندنی کولتوور و ئەخلاق و ڕەفتاری باش بۆ منداڵان، کە نوێنەرایەتی نەوەی داهاتوو دەکەن.
وتیشی: ئەوەیە وامان لێدەکات گرنگی بە خولی پەروەردەیی و ڕێکخستنی ژنان بدەین، چونکە ئەوان ئامرازن بۆ ڕێکخستنی هەموو کۆمەڵگە، بە وەبیرهێنانەوەی لێدوانەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە گرنگی پەروەردەیی و ڕزگارکردنی ژنان و وتی: ئەگەر ژنان ئازاد نەکرێن، نیشتمانیش ناتوانرێت ئازاد بکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، ژنێکی پەروەردەکراو دەتوانێت پێشەنگایەتی وڵاتەکەی بکات، ئێمەش لە پرۆسەی گەڕانەوەداین بۆ عەفرین، گرنگە ئاستی هۆشیاری و پەروەردە و ڕێکخستن لە نێو ژناندا بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی بەرەوڕووی شەڕی تایبەت و ئەو سیاسەتانەی داگیرکاری پەیڕەوی لێدەکەن بێتوانا نەبن. ژنانی پەروەردە پێنەکراو لەناودەچن و دەکوژرێن، چونکە ئامرازی بەرگری و پاراستن و ڕێکخستنیان نییە، ڕێکخستن و پەروەردە و کۆردیناسیۆن لە نێوان کەمپدا لە لیژنەکان و ئەنجومەن بەیەکەوە گرێدراون و ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوە یەکەم ئەزموونی ئەوان نییە، وتی: پێش ئەوەی لە کەمپی شەهبا ئاوارەببین، ئێمەش ڕێکخرابووین و خۆمان بەڕێوەدەبرد، ئێمە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆمان چارەسەر دەکرد، چونکە ئەوە بەرپرسیارێتی خۆمانە، هەروەک چۆن کوڕ و کچەکانمان بە درێژایی شەو بەخەبەر دەمێننەوە و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕەکاندا دەمانپارێزن، لێرەش خۆمان ڕێکدەخەین و کۆمەڵگەکەمان بەڕێوەدەبەین.
"کۆمین بناغەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی کامپەکەیە"
لەکاتێکدا نەزیفەائەحمەد، هاوسەرۆکی کۆمینێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کەمپەکە وتی: کۆمینەکە لە بنەڕەتدا بە واتای کۆبوونەوە دێت، ئێمە چەمکی کاری بەکۆمەڵ و بەشداریی لەناو دانیشتوواندا دەچێنین، هاوکارییان بۆ دابین دەکەین و پێداویستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکانیان دابین دەکەین، هاوکات بەشدار دەبین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتووان و کاتێکیش ناتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە، کێشەکە دەخەینە بەردەم ئەنجومەن کە لە بەرامبەردا چارەسەری دەکات، کۆمەڵگەکە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی هەیە، کۆمینەکە نەک تەنها کاروباری دانیشتووان لە ناو کەمپەکەدا بەڕێوەدەبات، بەڵکو بە ڕێکخستنی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکانی خولی پەروەردەیییان پێدەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەختییانەی کە لەناو کامپەکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و ئەوەی پاڵنەرە بۆ بەردەوامبوونیان و وتی: ناتوانین پەنا بۆ گەرما لە چادرەکاندا بگرین، بەڵام سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بڕیارمانداوە بەرەنگاری هەموو بارودۆخێک ببینەوە تاوەکو دەگەڕێینەوە شاری عەفرین.
سیستەمی کۆمین و ئەو ئەنجومەنە پێکهاتەییانەی کە پڕۆژەی خۆبەڕێوبەری لەسەری دامەزراوە، چەمکی ژیانی بەشداریکردن دەچەسپێنن، ئەو سیستەمەی لە پەناگەکەدا جێبەجێ دەکرێت، وردە گەردوونێکی سیستەمی خۆبەڕێوبەرییە، کە نوێنەرایەتی جەستەی ڕێکخستن دەکات، لە کاتێکدا نەتەوەی دیموکراتیک نوێنەرایەتی ڕۆحی ئەو دەسەڵاتە دەکات، ئەوەی جێی سەرنجە، ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لەم سیستەمەدا و جێبەجێکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتییە، جگە لە لیژنەکانی ژنان لەناو کۆمینەکاندا.
ئەزموونی خەڵکی ئاوارەبووی عەفرین، کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕوویان بووەوە، خۆیان ڕێکخستنیان هەڵبژارد، توانای پێکهاتەکانیان نیشان دا بۆ خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستن و پێشخستنی ژیانیان لە هەموو کاتێکدا، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنیان.