نەبوونی پاڵپشتی دەروونی ئازارەکانی ژنان لە یەمەن زیاتر دەکات

ژنانی یەمەن بەهۆی شەڕ و ئاوارەبوون و تێکچوونی بارودۆخی ژیانەوە بەرەوڕووی قەیرانێکی دەروونی خراپتر دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی دەروونی نەماون، ئەمەش وا دەکات ملیۆنان ژن تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن.

ڕەحمە شەنزور

 

یەمەن-زیاتر لە دە ساڵە یەمەن تێوەگلاوە لە شەڕێکی درێژخایەندا، کە سێبەرێکی قورسی بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیاندا خستووە، کاریگەرییەکانی تەنها لە ژێرخانی ئابووریدا سنووردار نەبووە، بەڵکو بۆ تەندروستی دەروونی ملیۆنان یەمەنی بە تایبەت ژنان و منداڵانی کچ درێژبووەتەوە.

 

لە نێوان ئاوارەبوونی زۆرەملێ و زیادبوونی بارگرانییەکانی ژیانی ڕۆژانە، ژنانی یەمەن خۆیان بە تەنها دەبیننەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی تێکچوونە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و تێکچوونی فشاری دوای کارەسات، لە نێوان نەبوونی نزیکەی تەواوەتی خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانیدا.

 

ئامارەکان وێنەیەکی تاریک دەخەنە ڕوو، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە پشتیوانی یان چارەسەری تەندروستی دەروونی هەیە، لەکاتێکدا تەنها ١٢٠ هەزار کەس ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە وەردەگرن، وڵاتەکە تەنها ٤٦ پزیشکی دەروونی هەیە، واتە یەک پزیشکی دەروونی بۆ نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس، ئەمەش نیشاندەرێکی توندە بۆ بۆشایی قووڵی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی.

 

مەروا ئەحمەد قاسم، پسپۆڕی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی وتی: ژنانی یەمەن لە ڕیزی ئەو کەسانە بوون کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بارودۆخی ئابووری و شەڕ و ململانێکانەوە کە وڵاتەکە شاهیدی بووە، ژنان سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیانیان و تەندروستی دەروونییان و ژیانی منداڵەکانیان هەبووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جەنگەکە تەنها کاریگەری لەسەر لایەنی ئابووری نەبووە، بەڵکو پەڵەی دەروونی قووڵی بەجێهێشتووە، ئێستا زۆرێک لە ژنان بەدەست تێکچوونی دەروونی و کێشە و نەخۆشیی پەیوەست بە فشار و زەبرەوە دەناڵێنن، هەروەها بەشێکی زۆر لەو ژنانەی سەردانی سەندیکاکە دەکەن، تووشی تێکچوونی توندی دەروونی دەبن، هەندێک حاڵەتیش پێویستیان بە چارەسەری دەروونی درێژخایەن هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای ژن هەیە بۆ چاودێریکردنی خۆی و منداڵەکانی یان بەردەوامبوون لە ژیانێکی ئاسایی.

 

ئاشکرای دەکات، هەندێک لە ژنان لە ئەنجامی فشارە دەروونی و ئابوورییەکانەوە وازیان لە خوێندن یان کارکردن هێناوە، هەندێکی دیکەش کەوتنە ژێر خەمۆکییەکی توندەوە کە ژیانیانی بە تەواوی تێکداوە، هەروەها پاڵپشتی دەروونی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەکان و بەدەستهێنانی سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی، شانبەشانی پەروەردە و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیان.

 

پێی وایە پاڵپشتی دەروونی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان و گەیشتن بە سەقامگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی، هەروەها دەبێت شانبەشانی پەروەردە و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری و بژێوی ژیاندا بڕوات.

 

جەخت لەسەر پێویستی هەبوونی پلانێک دەکاتەوە کە مسۆگەری بەشداریی ژنان بکات لە بوارە جیاوازەکاندا، نەبوونی پاڵپشتی دەروونی کێشە دەروونییەکانی لای ژنان گەورەتر کردووە، گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بەجێبهێنن.

 

زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووش بوون

ئەتلال عەبدول حەکیم، ڕێکخەری پڕۆژەکان لە یەکێتی ژنانی یەمەن، دووپاتی دەکاتەوە، کە شەڕ کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەروونی هاوڵاتیان هەبووە، بەڵام ژنان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر بووە، یەکێتی بەردەوام ڕووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنان و منداڵە کچانە دەبێتەوە کە بەدەست کاریگەرییە دەروونییەکانی ململانێکانەوە دەناڵێنن.

 

ڕوونی دەکاتەوە، کە یەکێتی لە ئێستادا چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، بە پلەی یەکەم پاڵپشتی دەروونی تایبەتمەند، بۆ ئەو ژنان و منداڵە کچانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی ئەوانەی بارگرانی زیاتریان لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها ئەو ژنانەی کە تووشی جۆرەها توندوتیژی بوون.

 

کەمیی کارمەندانی تایبەتمەند

ئەتلال عەبدول حەکیم ئاماژە بەوە دەکات، کە یەمەن بەدەست کەمیی توندی کارمەندانی پزیشکی تایبەتمەند لە پاڵپشتی دەروونییەوە دەناڵێنێت، کێشەکە تەنها پەیوەندی بە کەمی پزیشکی دەروونناسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کەمی پزیشکی پسپۆڕەوە هەیە لە پێشکەشکردنی چاودێری دەروونی پێشکەوتوو.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە شاری تەعز ژمارەیەکی زۆر سنوورداری پسپۆڕی هەیە بە بەراورد بە پێویستییەکی زۆر بەم جۆرە خزمەتگوزارییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دۆخی زۆربەی شارەکانی یەمەنە.

 

بە ملیۆنان ژنی یەمەن لە قەیرانێکی دەروونی بێدەنگدا دەژین، کە بەهۆی ئاوارەبوون و لەدەستدان و توندوتیژیەوە توندتر دەبێتەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی یەکێتی ژنانی یەمەن و بەشێک لە ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، کەلێنی نێوان پەرەسەندنی پێویستی و خزمەتگوزارییە بەردەستەکان هێشتا زۆر گەورەیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی کارمەندانی پزیشکی پسپۆڕ و کەمی ناوەندەکانی پشتیوانی دەروونی لە زۆربەی شارەکاندا.

 

بۆیە ئەوانەی پەیوەندیدارن جەخت لەوە دەکەنەوە، کە چارەسەرکردنی ئەم پرسە پێویستی بە ڕێبازێکی هەمەلایەنە هەیە، سەرەتا بە تێکەڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی لە ناوەندەکانی چاودێری سەرەتایی، مەشقی کارمەندانی ژن لەسەر بنەمای کۆمەڵگە، هەروەها دابینکردنی هێڵی پشتیوانی دوور کە دەگاتە ژنان لە ناوچە دوورەکان، ئەمە جگە لە بەهێزکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردنی ئابووری کە دەرفەت دەدات بە ژنان بۆ وەرگرتنەوەی کەرامەت و سەربەخۆییان.