ناوی ڕەنجی ژنان لەسەر سفرە: پەنیری بەسیر
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، ژنان بۆ دروستکردنی پەنیری بەسیر قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە؛ ئەوان بە وریایی و بە کێشانی ڕەنجێکی مەزنەوە، تام و چێژ بە سفرەکان دەبەخشن. ڕایفە جەیلان لە شارۆچکەی خرواتە، بۆ دابینکردنی خواردنی ناوماڵەکەی و بژێوی بەرهەمی دەهێنێت.
مەمیهان هڵبین زەیدان
جۆلەمێرگ – لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، لە گوند و کوێستانەکانی باکووری کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی پەنیری بەسیر (پەنیری کووپە) دەستیپێکرد. ڕەنج و ماندووبوونی ژنان لە سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم پەنێرەدا ڕەنگدەداتەوە، کە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت لە ژەمی بەیانیاندا.
ڕایفە جەیلانی تەمەن ٥٨ ساڵ کە لە ناوچەی خرواتەی سەر بە پارێزگای گەڤەر دەژی، وەک ژنانی تری گوندەکە ساڵانە پەنیری بەسیر دروست دەکات، ئەو گژوگیایانەی لە وەرزی بەهاردا لە کوێستانەکان شین دەبن کۆیان دەکاتەوەو لەگەڵ هاتنی هاویندا دەست بە قۆناغی دروستکردنی پەنێرەکە دەکات، دایکی هەشت منداڵەو ئاماژەی بەوەکرد کە پەنێرەکە هەم بۆ خواردنی خۆیان و هەمیش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی ئامادە دەکات. ناوبراو ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دروستکردنی پەنیری بەسیر بە کۆکردنەوەی گژوگیا لە وەرزی خۆیدا دەست پێدەکات و دواتر دەچێتە قۆناغی دۆشینی شیرەوە.
دوای مەیناندنی شیرەکە گژوگیاکەی تێدەکرێت
ڕایفە جەیلان قۆناغی دروستکردنی پەنێرەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: بەیانیان زوو دەچمە ئەو شوێنەی مەڕەکانی لێ کۆدەکرێنەوە و دەیاندۆشم. دوای ئەوەی شیرە دۆشراوەکە چەند جارێک دەپاڵێوم، مایەی تێدەکەم (دەیەمێننم). دوای نیو کاتژمێر، شیرەکە دەمەیێت و دەگاتە ئاستی پێویست. دوای ئەم قۆناغە، گژوگیای وەک سیرەکێوی (سیرک)، مەندک، سیاپۆ و هێلیز دەخەینە ناو شلەی پەنێرەکەوە. دواتر بۆ ئەوەی ئاوەکەی لێ بپاڵێورێت، دەیخەینە ناو تورەکەی پەنێرەوە. ئەو ئاوەشی لە پەنێرەکە دەتکێت، لەناو مەنجەڵێکدا کۆدەبێتەوە،
تام و چێژێک لەژێر خاکدا دەشاردرێتەوە
ڕایفە ئاماژەی بەوە کرد کە تورەکە پڕەکان لە پەنێر بۆ ماوەی یەک شەو دەهێڵرێنەوە و وتی: کاتێک دەگاتە ئەو ئاستەی کە دەبێتە پەنێر، خوێی دەکەین و دەیخەینە ناو بەرمیلی پێنج کیلۆیی و دەیانشارینەوە لەژێر خاکدا. ئەو پەنێرەی دەخرێتە ژێر خاکەوە لانی کەم مانگێک دەمێنێتەوە. دواتر لە ژێر خاکەکە دەردەهێنرێت و ئیتر بۆ خواردن شیاو دەبێت.
باسی لەوەش کرد کە ژێر خاکەکە لە هەمان کاتدا وەک کۆگایەکی سروشتی کار دەکات بۆ پەنێرەکە و وتی: پەنیری ژێر خاک تەنها بۆ پێگەیشتن نییە، بەڵکو لەوێدا کۆگاش دەکرێت. پڕۆسەی هاتنی بۆ سەر سفرە لانی کەم شەش مانگ دەخایەنێت، هەندێک جار بۆ ماوەی ساڵێک و تەنانەت زیاتریش لەژێر خاکدا دەهێڵرێتەوە. تەنها ئەو بڕەی کە پێویستمانە دەری دەهێنین و ئەوانی تر لەژێر خاکەکەدا دەهێڵرێنەوە.
ئاوی پەنێرەکە دەکەین بە لۆر
ڕایفە جەیلان جەختی لەوە کردەوە کە سوود لەو ئاوەش دەبینن کە لە پەنێرەکە جیا دەبێتەوەو وتی :ئەو ئاوەی لە پەنێرەکە دێت، لە مەنجەڵی گەورەدا لەسەر ئاگر دەیکوڵێنین و لۆری لێ بەدەست دەهێنین. لە کەشوهەوای سەختی زستاندا، ئەم بەرهەمە سفرەکانمان دەوڵەمەند دەکات و بە فرۆشتنیشیان بژێوی ژیانمان دابین دەکەین.
ڕایفە ساڵی ڕابردوو، کیلۆیەک پەنیری بەسیری بە ٣٦٠ لیرەی تورکی (TL) فرۆشتووە. بەڵام ئەمساڵ هێشتا نرخەکەی دیاری نەکراوە. ئەو ڕایگەیاند کە زۆربەی کات پەنێرەکانی لەناو خودی ناوچەکەدا دەفرۆشێت و زۆرجاریش بۆ دەرەوەی شارەکەی دەنێرێت.